دوای رۆژێك لە دەستنیشانكردنی لەلایەن ماكرۆنەوە، سەرۆك وەزیرانی نوێی فەرەنسا دەستبەكاربوو و دژی سیستمی سیاسی لەو وڵاتەش خۆپیشاندانی فراوان دەستیپێكرد.
سیباستیان لێكۆرنو سەرۆك وەزیرانی نوێی فەرەنسا لە مەراسیمی سوێندخواردنی و لە یەكەم وتاریدا دوای دەستبەكاربوونی، بەڵێنیدا بە پەیڕەوكردنی رەوتی سیاسەتێكی نوێ لە فەرەنسا و وتی، لەگەڵ حزب و پارت و ركابەرەكانی كاردەكات بۆ كەمكردنەوەی قەرزەكانی سەر حكومەت و تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.
راشیگەیاند، حكومەتی فەرەنسا پێویستی بە كارامەیی و داهێنانی زیاترە و پێویستە گرنگی زیاتریش بدات بە لایەنە تەكنیكییەكان و دەبێت راستەقینەتر مامەڵە لەگەڵ ئۆپزسیۆن بكات.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێی فەرەنساش، دژی سیستمی سیاسی لە سەردەمی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە، خۆپیشاندانێكی فراوانی جەماوەریی بە ناونیشانی "با هەموو شتێك دابخەین" لە زۆربەی شارەكانی ئەو شارە دەستیپێكرد، بەهۆی خۆپیشاندانەكەشەوە بەشێكی زۆر لە مۆڵ و شوێنی گشتی و میترۆكانی ئەو فەرەنسا داخراون و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەش هۆشداری توند لە پەرەسەندنی زیاتری خۆپیشاندانەكە دەدەن.
وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنساش دەڵێت، هێزێكی زۆری ئەمنی بڵاوەیپێكراوە بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانەكان و نزیكەی 200 خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.
ئیسرائیل جەختدەکاتەوە هەر ئامانجێکیان لە هێرشەکەی دەوحەی پایتەختی قەتەر لەدەستدابێت، جارێکی دیکە بەئامانجی دەگرنەوە.
یەحیەئیل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئەندامانی حەماس لە لیستی ئامانجی ئیسرائیلن، لە هەر شوێن و هەر کاتێکدا بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر وڵاتەکەی لە هێرشەکەی سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر هەر ئامانجێکی لەدەستدابێت، ئەوا جاری داهاتوو بە ئامانجیان دەگرێتەوە.
لیتەر بۆچوونی وایە ئیسرائیل نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆرێت و رایگەیاندووە، رەنگە لە ئێستادا وڵاتەکەی رووبەڕووی هەندێک رەخنە ببێتەوە، بەڵام بەسەر رەخنەکاندا زاڵ دەبن.
باڵوێزی ئیسرائیل وتوشیەتی، لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ یەکگرتوون، هاوکات چۆن لە رابردوودا هاوکارییان کردووە لەداهاتووشدا بەهەمان شێوە بەردەوام دەبن.
ئیسرائیل دوێنێ لە هێرشەکەیدا بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماسی دا، ئەمەش هەڵمەتە سەربازییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەپێدا، ئۆپەراسیۆنەکە هەستیارییەکی تایبەتی بەدەستهێنا، چونکە قەتەر میوانداری دانوستانەکان دەکات بە ئامانجی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.
دۆناڵد توسك، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی شەوی رابردوو ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە، لە بیلاروسیاوە هاتوون، ئەمەش لە دوای دەستپێکردنی ململانێی ئۆکرانیاوە یەکەمجارە رودەدات. لە بەرامبەردا، مینسک دەڵێت ئەو فڕۆکانەی بەهۆی شەڕی ئەلیکترۆنیی نێوان روسیا و ئۆکراینیاوە لە رێڕەوی خۆیان لایانداوە، خستووەتەخوارەوە.
توسک لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتی: "بۆ یەکەمجار، هەندێک لەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە راستەوخۆ لە بیلاروسیاوە گەیشتنە پۆڵەندا".
لەلایەکی دیکەوە، بیلاروسیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی خستووەتەخوارەوە کە بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئەلیکترۆنییەوە لەکاتی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان روسیا و ئۆکراینیادا لە رێڕەوی خۆیان لایانداوە.
جەنەڕاڵ پاوڵ موراڤیکۆ، سەرۆک ئەرکانی گشتیی بیلاروسیا، لە راگەریەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەمان بە بەردەوامی چاودێریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان دەکرد کە لە رێڕەوی خۆیان لایاندابوو و هەندێکیان لەسەر خاکی کۆمارەکەمان تێکشکاند".
موراڤیکۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە مینسک، پۆڵەندا و لیتوانیای لە نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام لە بەیاننامەکەیدا دیاری نەکردووە کە فڕۆکەکان سەر بە کام لایەن بوون.
برونۆ روتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لە قۆناغەکانی سەرەتای رۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا نزیکەی 200 کەس دەستگیرکراون.
بەیانیی ئەمڕۆ، خۆپیشاندەران لە پاریسی پایتەخت لەگەڵ پۆلیسدا تووشی پێکدادان بوون و سەتڵی خۆڵ و خاشاکیان ئاگر تێبەردا. حکومەتی فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، 80 هەزار پۆلیسی بەشێوەیەکی نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوەپێکردووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆپیشاندانی لەژێر دروشمی "با هەموو شتێک دابخەین" بەخۆیەوە دەبینێت.
خۆپیشاندەران کە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و سیاسەتەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان تووڕەن، پلانیان داناوە چالاکییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا پەکبخەن.
دوو رۆژ دوای ئەوەی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، لە دەنگدانی متمانەدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و رۆژی سێشەممە سێباستیان لۆکۆرنۆ جێگەی گرتەوە، هەزاران خۆپیشاندەر وەڵامی بانگەوازەکانیان بۆ پەکخستنی چالاکییەکان لە وڵاتدا دایەوە.
بزوتنەوەی "با هەموو شتێک دابخەین" لە هاویندا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپە چاتە نهێنییەکانەوە گەشەی کرد. داواکارییەکانیان بۆ پەکخستنی هاتوچۆ، رێکخستنی مانگرتن و خۆپیشاندان، هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی چوارەمین سەرۆک وەزیرانی ماکرۆن لە ماوەی12 مانگدا.
بزوتنەوەکە کە بەخێرایی و بەبێ سەرکردەیەکی دیاریکراو گەشەی کردووە، کۆمەڵێک داواکاریی بەرفراوانی هەیە، کە زۆرێکیان دژی پلانەکانی بودجەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانە کە ماکرۆن بەرگریی لێدەکرد. هەروەها سکاڵای فراوانتریان لەسەر نایەکسانی هەیە.
هەندێک کەس بزووتنەوەی "با هەموو شتێک دابخەین" بەراورد دەکەن بە خۆپیشاندانەکانی "هێلەکە زەردەکان" لە ساڵی 2018 کە سەرەتا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە سەریهەڵدا، بەڵام دواتر بووە بزووتنەوەیەکی فراوانتر دژی ماکرۆن و پلانەکانی بۆ چاکسازیی ئابووری.
حزبی "فەرەنسای ملنەدەر"ی چەپی توندڕەو رایگەیاندووە کە پێشنیازی سەندنەوەی متمانە لە لۆکۆرنۆ پێشکەش دەکات، هەرچەندە حزبی "کۆبوونەوەی نیشتمانی"ی راستڕەوی توندڕەو ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ ئێستا ئامادەیە لەگەڵیدا کار بکات.
وەزیری ناوخۆ ئاشکراشیکرد کە 80 هەزار هێزی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوەیان پێکراوە، کە 6 هەزاریان لە پاریسن. پێشتریش میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردبووەوە کە پێشبینی دەکرێت100 هەزار کەس بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن.
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان (NCA) لە بەریتانیا رایگەیاند، پیاوێکی عیراقیی تەمەن 42 ساڵیان لە شاری ئاشفۆرد لە هەرێمی کێنت دەستگیرکردووە، کە گومانلێکراوە بەشێکە لە تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی مرۆڤ.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی ئاژانسەکە، ئەو تۆمەتبارە بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەشێوەی نایاسایی و بە بارهەڵگر لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیر کراوە. هەروەها گومانی ئەوەشی لێدەکرێت کە لە هێنانی کۆچبەریش بۆ ناو بەریتانیا دەستی هەبووبێت.
سارا-جەین موور، فەرماندە لە ئاژانسی نیشتمانیی تاوان، رایگەیاند: "ئەم دەستگیرکردنە بەشێکە لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانمان لە تۆڕێکی تاوانکاریی بەرفراوان کە بەرپرسە لە بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا و بەپێچەوانەشەوە".
موور ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری جیاواز هەیە بۆ ئەوەی خەڵک هەوڵی بەجێهێشتنی بەریتانیا بە بارهەڵگر بدەن، کە لەوانەیە بریتی بێت لە خۆدزینەوە لە دەستگیرکردن لەلایەن پۆلیسەوە، خۆدزینەوە لە پشکنینەکانی کۆچی فەرەنسا، یان رەنگە خۆیان قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بن.
فەرماندەکەی ئاژانسی تاوان جەختی کردەوە کە "قاچاخچییەکانی مرۆڤ هیچ بایەخێک بە سەلامەتی و باشی ئەو مرۆڤانە نادەن کە دەیانگوازنەوە، چ بە بەلەم بێت یان بە بارهەڵگر، بەڵکو تەنها پاڵنەریان دەستکەوتی داراییە".
ئەمە دووەم کەسە کە لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دەستگیر دەکرێت و لە ئێستادا گومانلێکراوەکە لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی نیشتمانیی تاوانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
دەستگیرکردنی ئەم قاچاخچیە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی فەرەنسا رایانگەیاند سێ کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز لە باکوری فەڕەنسا گیانیان لەدەست داوە و پێدەچێت لانیکەم سێ کۆچبەری دیکەش بێ سەرو شوێن بن.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆنەکە پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر وەزیرە "توندڕەوەکانی" ئیسرائیل و هەڵپەساردنی بەشێکی رێککەوتنی هاوبەشیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دەکات، بەجۆرێک کە کاریگەریی لەسەر لایەنە بازرگانییەکان هەبێت.
ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا وتیشی، "کۆمیسیۆن مانگی داهاتوو گرووپێکی بەخشەران بۆ فەڵەستینییەکان پێکدەهێنێت، کە ئامرازێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش لەخۆدەگرێت."
ناوبراو رایگەیاند، "قەتیسکردنی خەڵک لە برسێتییەکدا کە مرۆڤ دروستیکردووە، ناکرێت وەک چەکی جەنگ بەکاربهێنرێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتیشی: "ئەوەی لە غەززە رودەدات، ویژدانی جیهانی هەژاندووە. خەڵک دەکوژرێن لەکاتێکدا سواڵی پارووە نانێک دەکەن. دایکان منداڵی مردوو بە باوەشەوە دەگرن. ئەم دیمەنانە کارەساتبارن. لەپێناو منداڵان، لەپێناو مرۆڤایەتیدا، پێویستە ئەمە بوەستێت."
"بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ئەوروپا دەکەین"
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڵێنیدا بەرگری لە "هەموو بستێکی" خاکی کیشوەرەکە بکات و داوای کرد وەبەرهێنان لە توانای ستراتیژیدا زیاتر بکرێت بۆ بەهێزکردنی "لایەنی رۆژهەڵات" لە بەرامبەر هەڕەشەکانی روسیادا.
ڤۆن دێر لاین ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیاوە کرد لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و بە پێشێلکارییەکی "بێباکانە و بێوێنە" وەسفی کرد. ئەو وتی: "ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی بێباکانە و بێوێنەی ئاسمانی پۆڵەندا و ئەوروپامان بینی لەڕێگەی زیاتر لە10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە،" و جەختی کردەوە کە "ئەوروپا بە تەواوی هاوپشتی پۆڵەندایە."
هەروەها رایگەیاند کە پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیی و پێگەی خۆی لە سیستەمێکی نوێی جیهانیدا بپارێزێت، لەڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆی و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەکانی وزە.
باجی 100٪ بخەنە سەر چین و هیندستان بەهۆی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ روسیا دەكەن.
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا فشار لە یەكێتی ئەوروپا دەكات كە باجی 100٪ بسەپێنن بەسەر چین و هیندستاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كڕیاری سەرەكی نەوتی روسیان و پشتیوانی بەهێزی ئابوری ئەو وڵاتەن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ترەمپ دەیەوێت زیادكردنی رێژەی باجەكە وەك فشارێك بۆسەر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا بەكاربهێنیت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە لە واشنتۆنە و ئەگەر یەكێتی ئەوروپا وەڵامێكی ئەرێنی دۆناڵد ترەمپ بداتەوە، ئەوا ئەمریكاش ئامادەیە باجی هاوشێوە بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا بسەپێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکداکدا بە توندی ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دەوحە کرد و بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان"ی وەسف کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "روسیا پێی وایە ئەوەی رویداوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروەها دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی وڵاتێکی سەربەخۆ و یەکپارچەیی خاکەکەی، و هەنگاوێکە کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر و تێکدانی سەقامگیریی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، کارێک بووە بە ئامانجی تێکدانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆتاییدا، روسیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ناوچەی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە بەرگریی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە کرد و رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە لە ناوچەکەدا."
رایت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی "راستییەکە لەگەڵ هادلی گامبڵ" لە کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە" وتی: "کاریگەریی حەماس لەسەر جیهان چی بووە؟ بێگومان تیرۆرکردنی ئیسرائیل بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا تیرۆرکردنی گەلی فەڵەستینیش بووە."
ناوبراو کە لە پەراوێزی پێشانگای "گازتێک" لە میلانۆ قسەی دەکرد، وتیشی: "جیهان شوێنێکی باشتر دەبێت ئەگەر حەماس لەناوببرێت."
لە هەمان چوارچێوەدا، رایت ئاماژەی بەوەکرد کە پێشبینیی هیچ هێرشێکی دیکە ناکات و وتی: "بەپێی زانیارییەکانی من هیچ شتێک لە ئارادا نییە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزیرە ئەمریکییەکە خواستی خۆی بۆ "بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی کەنداو و هاوپەیمانەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا" دەربڕی.
هەروەها وتیشی: "حەماس هەڕەشەیەکی گەورە بووە بۆ سەر ئەم ئاسایشە، ئێرانیش بە هەمان شێوە. پێموایە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین، بەڵام پێش گەیشتن پێی، دەبێت ئەوەی هەڕەشەیە بۆی، لەناوببرێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی کەنداو بەکۆدەنگی هێرشەکەی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد کە دەوحەی هەژاند، بەڵام کۆشکی سپی لە دەرکردنی وەڵامێکی رەسمیدا سستیی نواند. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە "ناڕازییە" لە دۆخەکە.
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دوور لە گۆشت، کاریگەریی پاراستنی جەستەی دەبێت دژی چەندین جۆری نەخۆشیی شێرپەنجە.
گۆڤاری "American Journal of Clinical Nutrition" بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی 80 هەزار کەس لە کەنەدا و ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە لە سەرەتای توێژینەوەکەدا هیچ کامێکیان تووشبووی شێرپەنجە نەبوون. زانایان بۆ ماوەی 15 ساڵ چاودێریی سیستمی خۆراکی و دۆخی تەندروستییان کردوون.
دوای بەراوردکردنی داتاکان دەرکەوت، ئەو کەسانەی پشتیان بە سیستمی خۆراکیی روەکی بەستووە، مەترسیی تووشبوونیان بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە بە ڕێژەی %12کەمیکردووە، هەروەها بۆ ئەو گرێیانەی کە "کەمتر دووبارە دەبنەوە" رێژەکە %18بووە.
جیاوازییەکە بەتایبەتی لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بەرچاو بووە؛ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ریخۆڵە ئەستوورە لەناو روەکخۆرەکاندا بە ڕێژەی %21، شێرپەنجەی گەدە بە رێژەی %45، و نەخۆشییە لیمفاوییەکان (lymphoproliferative diseases) بە ڕێژەی%25 دابەزیوە. هەروەها، کەمبوونەوە لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستاتیشدا بەدیکراوە.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەدا کە سیستمی خۆراکیی روەکی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و ماددە کیمیاییە روەکییەکان کە دەتوانن هەوکردن کەمبکەنەوە و کرداری مێتابۆلیزم لە لەشدا باشتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان دا کە ئەم ئامارە دڵخۆشکەرانە مانای پارێزگاریی تەواوەتی نییە لە شێرپەنجە، و پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ زانینی میکانیزمی کاریگەریی سیستمی خۆراکی لەسەر کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروت سۆشیاڵ' لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، رایگەیاند کە هێرشەکە "ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆ" بووە و "بڕیاری من نەبووە." ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی قەتەر وەک "هاوپەیمانێکی بەهێز" کردەوە و داوای کرد جەنگەکە دەستبەجێ کۆتایی بێت.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیبووی: "بەیانی ئەمڕۆ، ئیدارەی ترەمپ لەلایەن سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاگادارکرایەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر حەماس، کە بەداخەوە، لە بەشێک لە دەوحە، پایتەختی قەتەر جێگیر بووبوون. ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆوە، بڕیاری من نەبوو."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشە تاکلایەنەییەکە گرت و رایگەیاند: "بۆردوومانکردنی تاکلایەنە لەناو قەتەردا، کە وڵاتێکی سەروەر و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، و زۆر بە سەختی و بە جورئەتەوە لەگەڵمان کار دەکات بۆ نێوەندگیریی ئاشتی، لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکادا نییە."
لە هەمان کاتدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: "بەڵام، لەناوبردنی حەماس، کە قازانجی لە نەهامەتییەکانی دانیشتووانی غەززە کردووە، ئامانجێکی شایستەیە."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە "دەستبەجێ رێنماییم دا بە نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەبارەی هێرشە نزیکبووەکەوە ئاگادار بکاتەوە، کە ئەویش کردی، بەڵام بەداخەوە، زۆر درەنگ بوو بۆ وەستاندنی هێرشەکە."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر کردەوە: "قەتەر بە هاوپەیمانێکی بەهێز و دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینم، و زۆر دڵگرانم بە شوێنی هێرشەکە. من دەمەوێت هەموو بارمتەکان، و تەرمی مردووەکان، ئازاد بکرێن، و ئەم جەنگە، ئێستا، کۆتایی بێت!"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دوای هێرشەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، قسەی کردووە. "سەرۆکوەزیران پێی وتم کە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنێت. پێموایە ئەم روداوە ناخۆشە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی خزمەت بکات."
ترەمپ هەروەها لەگەڵ ئەمیر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی کردووە و سوپاسی پاڵپشتی و دۆستایەتییان کردووە بۆ ئەمریکا. "دڵنیام کردنەوە کە شتێکی لەو جۆرە جارێکی دیکە لەسەر خاکەکەیان رونادات."
لە کۆتاییدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە "رێنماییم بە وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ، داوە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ قەتەر."
ئایا بەدوای رێگایەکی سروشتی و ئاساندا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی خەوێکی باشترت هەبێت و خێراتر خەوت لێبکەوێت؟ وەڵامەکە لەوانەیە لەناو سەبەتەی میوەکەی بەردەمتدا بێت. خواردنی کیوی پێش خەوتن نوێترین رێگەیە کە زۆر کەس سوودیان لێ بینیوە بۆ خەوێکی قووڵ و ئارام.
توێژینەوە زانستییەکان چی دەڵێن؟
کیوی، کانگای ڤیتامین و کانزا گرنگەکانە. بەڵام ئایا بەڕاستی دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی خەومان بدات؟
بەپێی قسەی دکتۆر راج داسگوپتا، پسپۆڕی خەو، چەند توێژینەوەیەکی سەرەتایی دەریانخستووە کە خواردنی کیوی پێش خەوتن کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرچاوی هەیە:
بۆچی کیوی یارمەتیدەرە بۆ خەو؟ بنەما زانستییەکەی چییە؟
کیوی چەند پێکهاتەیەکی گرنگی تێدایە کە راستەوخۆ یارمەتی باشترکردنی خەو دەدەن:
چۆن و کەی کیوی بخۆین تا باشترین سودی لێببینین؟
بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە کیوی وەربگریت بۆ خەو، کات و بڕی خواردنەکەی گرنگە.
پێشنیازی پسپۆڕان: پسپۆڕان رێنمایی دەکەن کە دوو کیوی، نزیکەی کاتژمێرێک پێش نووستن بخورێت. ئەم ماوەیە یارمەتی جەستە دەدات کە پێکهاتە خۆراکییەکان هەرس بکات و ئاستی سیرۆتۆنین بەرز بکاتەوە پێش ئەوەی بچیتە جێگاوە.
ئاگاداری و تێبینییە گرنگەکان:
هەرچەندە کیوی سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام لەوانەیە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نەبێت:
پوختە و کۆتایی
باشترین رێگا بۆ ئەوەی بزانیت ئایا کیوی یارمەتیت دەدات، ئەوەیە کە خۆت تاقی بکەیتەوە. دەستپێکردن بە خواردنی دوو کیوی کاتژمێرێک پێش خەوتن رێگایەکی ئاسان و سروشتییە کە لەوانەیە کلیلی خەوێکی ئارام و قووڵ بێت بۆ تۆ.
لە نیپاڵ خۆپیشاندان دژی قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران چەندین باڵەخانەی حکومییان سوتاند.
وتەبێژی حکومەتی نیپاڵ رایگەیاند، خۆپیشاندەرانی نیپاڵ ئەمڕۆ بینای پەرلەمانیان لە کاتماندۆی پایتەخت سوتان، هاوکات خانوی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و چەند وەزیرێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندرا.
بۆ بینینی دیمەنی سوتاندنی باڵەخانە حکومییەکان کلیک لێرە بکە.....
بۆ بینینی دیمەنی باڵەخانەی پەرلەمانی نیپاڵ کیلیک لێرە بکە....
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ دەستلەکارکێشانەی خۆی پێشکەشکردووە و ئەو وڵاتەی جێهێشتووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ناڕەزاتییانەی لەو وڵاتە دروستبووە.
هاوکات رۆژنامەی هیمالایا تایمز ئاشکرایکردووە، سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ لەپێناو ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و قەیرانەکان، بڕیاریداوە دەست لەکاربکێشێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ وەزیری دارایی نیپاڵ کەوتە نێو خۆپیشاندەران و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی کرایەسەر و زۆر بە ئەستەم توانی رزگاری ببێت.
رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی حکومەت چەندین پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای قەدەغەکرد، خۆپیشاندان لەو وڵاتە دەستیپێکرد و لە ئاکامی گرژییەکاندا، 19 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسیش برینداربوون.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کێشەی نێوان هاوسەرەکان بە تاوان هەژمار ناکرێت، ئەو راپۆرتانەی کە باس لە کێشەی خێزانی و شەڕی نێوان ژن و پیاو دەکەن، نابێتە هۆی ئەوەی تۆمارەکانی کەمبوونەوەی تاوان لە واشنتۆن زیاد بکات یاخود تێکبدات.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی وتارێکدا لە مۆزەخانەی کتێبی پیرۆز لە واشنتۆن رایگەیاند، رێژەی تاوانەکان لەواشنتۆن گەیشتوەتە ئاستی سفر، لەکاتێکدا راپۆرتەکان باس لەوەدەکەن تاوانەکان بە رێژەی ٪87 دابەزیوە، بەڵام ترەمپ ئەوەشی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رێژەکە زۆر لەوە زیاترە و هیچ تاوانێک نییە.
ترەمپ وتیشی، ئەوەی لە ماڵەکاندا رودەدات نەیارەکانی بە تاوان ناویدەبەن، هەرچییەک لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، ئەگەر پیاوێک و هاوسەرەکەی لە ماڵەوە شەڕیان هەبێت و دەڵێن تاوان ئەنجامدراوە.
ئەم لێدوانەی ترەمپ ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە نەزانی توندوتیژی خێزانی و شکستهێنانی لە پۆلێنکردنی توندوتیژی خێزانی وەسف دەکەن.
بەپێی ئاماری پۆلیسی واشنتۆن، تەنها رۆژی یەکشەممە یەک روداوی کوشتن و شەش ئۆتۆمبێل دزین و دوو دەستدرێژی بە چەکێکی کوشندە و زیاتر لە 30 حاڵەتی دزیکردن رویداوە.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ لە 11ـی ئابدا فەرمانی بە نزیکەی دوو هەزار و 300 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی کرد، کە بچنە واشنتۆن دی سی بدەن و شارەکەی بە "شەرمەزارییەکی گەورە و تاوانبار" ناوبرد.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا سەرکردایەتی 80ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، هاوکات دەبێتە یەکەم ژنی ئەوروپی سەرکردایەتی ئەو کۆبوونەوەیە بکات.
ئانالینا بێربوک وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، وەک پێنجەم ژن لە مێژوودا ئەرکی سەرکردایەتیکردنی 80ەمین کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرت.
بێربوک تەمەنی 44 ساڵە و ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانیایە، بەزۆرینەی دەنگی رەها بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، هاوکات تا مانگی پێنجی رابردوو لە حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا وەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کاری کردووە.
بێربوک وەک سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،، سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەنجومەن دەکات و رێکارەکان و بڕگەکانی بەرنامەی کار دیاری دەکات.
كۆبوونەوەکە لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکی گشتی کۆمەڵەکە یان سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنەكانی ساڵدا لەناو بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك بەڕێوەدەچێت، بەشی سەرەکی ئەم کۆبوونەوانە بەگشتی لە مانگی ئەیلولەوە تا مانگی یەک بەردەوام دەبێت تا هەموو کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەکرێن، یەکەم دانیشتن لە 10ی شوباتی 1946 لە هۆڵی ناوەندی میتۆدیستەکان لە لەندەن ئەنجامدرا بە نوێنەرانی 51 نەتەوەی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە.
بڕیارە ئەمڕۆ، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و رافایل گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە كۆببنەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، عیراقچی دەچێتە قاهیرەی پایتەختی میسر و چاوی بە گروسی دەكەوێت، كە ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی ئاست باڵای هەردوولایە، لەو كاتەوەی ئیسرائیل و ئەمریكا دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانیان لەمانگی حوزەیرانی رابردوو، بۆردوومان كرد.
لێپرسراوێكی ئێرانیش كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە وتویەتی، عیراقچی و گروسی كار دەكەن لەسەر تەواوكردنی رێككەوتنی نێوان تاران و ئاژانسەكە، بۆ دەستپێكردنەوەی هەماهەنگییەكانی نێوانیان، هەروەها چەند پرسێكی تر هەیە كە لەو كۆبوونەوەیە یەكلای دەكەنەوە.
دوێنێ عراقچی رایگەیاندبوو، دانوستانەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم خەریكە چوارچێوەیەكی نوێی هەماهەنگی لەخۆدەگرێت و هیواشی خواستبوو بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوانیاندا.