بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراین دووپاتدەکەنەوە
محەمەد رزگار
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراین دووپاتدەکەنەوە و جەخت لە راگرتنی جەنگ و هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەنەوە.
هەر یەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپی لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بۆ پشتگیری لە ئۆکراین بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە، دەبێت شەڕ و کوشتارەکان لە ئۆکراین رابگیرێت.
راگەیەنراوەکە لەلایەن حکومەتی بەریتانیا بڵاوکراوەتە و تێیدا هاتووە، پشتگیری تەواو لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکراین ، هەروەها هێڵی پەیوەندیی ئێستا دەبێت خاڵی دەستپێکی دانوستان بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە فشارەکان لەسەر ئابوری و پیشەسازی سەربازیی روسیا چڕتر بکرێتەوە تا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا ئامادە دەبێت بۆ ئاشتی.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ پێنجشەممەی رابردوو، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن، رایگەیاند، هەردوولا "کۆک بوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان راوێژکارە باڵاکانیان لە هەفتەی داهاتوودا".
هەروەها تائێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا دواخستنی کۆبوونەوەی سەرەتایی نێوان لاڤرۆڤ و رۆبیۆ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لوتکەی داهاتووی ترەمپ و پوتن لە بوداپێستی هەنگاریا دەبێت یاخود نا.



