دوای ئەوەی روسیا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی دەستپێکرد. بەهۆی هێرشەکەوە لە کیێڤ دوو کەس کوژران و لە زاپۆریژیاش 15 کەسی دیکە برینداربوون.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی شەوی سێشەممە، دوو کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانە. هەروەها بڕانی کارەبا لە بەشێک لە پایتەخت راگەیەندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکانەوە، ئاگر لە نهۆمی هەشت و نۆیەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی کەوتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری 10 کەسیان لە باڵەخانەکە رزگارکردووە. هاوکات لە ناوچەی دارنیتسکی، باڵەخانەیەکی نانیشتەجێبوون ئاگری گرتووە.

هێرشەکان تەنها کیێڤی پایتەختی نەگرتەوە، بەڵکو تەقینەوە لە شارەکانی دنیپرۆ، زاپۆریژیا، و بەندەری ئیزمایلیش رویانداوە. ئیڤان فیۆدۆرۆڤ، پارێزگاری زاپۆریژیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە و لانیکەم 15 هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. لە شاری ئیزمایلی سەر بە هەرێمی ئۆدێساش، هێرشەکان بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبا.

ئەم هێرشە بەرفراوانەی روسیا دوای ماوەیەکی کەم دێت لەوەی کە ئۆکراین بە موشەکی "ستۆرم شادۆ" هێرشێکی کردە سەر کارگەیەکی کیمیایی بڕیانسکی روسیا کە کەرەستەی سەرەکی بۆ موشەکەکانی روسیا بەرهەمدەهێنێت.

هێرشەکانی روسیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕدان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین لەپێش وەرزی زستاندا. پێشتر ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریدابوو کە روسیا هێرشەکانی بۆ سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا زیاتر دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە فشارە نێودەوڵەتییەکان کەمبوونەتەوە.