دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە هەفتەی داهاتوو لە کۆریای باشور چاوی پێی دەکەوێت، دەتوانێت "کاریگەرییەکی گەورە"ی لەسەر ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکانی ئۆکراین.

"شی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پوتن هەبێت"

ترەمپ لە کۆشکی سپی لە کاتی پێشوازیکردن لە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێم وایە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پوتن هەبێت."

وتیشی، "بڕوام وایە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو بسەپێنێت، و بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆسیەی روسیا و ئۆکراین دەکەین."

چاودێران دەڵێن: ترەمپ بە هیوای ئەوەوە کە لەگەڵ پوتن رێکبکەوێت هەوڵی سازان لەگەڵ هاوپەیمانەکەیدەدات.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لووتکە دەبێت لە نێوان ترەمپ و شیدا لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، کە بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە کۆریای باشور بەڕێوەبچێت.

هیوای رێککەوتنی بازرگانی:

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ترەمپ هیواخواز بوو لەم لووتکەیەدا بتوانێت لەگەڵ چین بگاتە رێککەوتنێکی بازرگانی.

ناوبراو وتی: "پێم وایە رێککەوتنێک ئەنجام دەدەین،" و لە بەهای ئەو بڕیارەی پەکینی کەمکردەوە کە کۆتوبەندی خستووەتە سەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان.

گرژییە بازرگانییەکانی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان لە دوای ئەوەوە زیادیکردووە کە چین دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاریدا کۆتوبەند بخاتە سەر هەناردەی کانزا دەگمەنەکان و تەکنەلۆژیا پەیوەندیدارەکان.