زیلینسکی: مۆسکۆ نایەوێت جەنگ رابگرێت
محەمەد رزگار
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئۆکراین دەڵیت: مۆسکۆ نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کیێڤ چەند جارێک ئامادەیی بۆ راگرتنی جەنگ دەربڕیوە هەمیشە بە دوای ئاشتییەوە بووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە سۆشیال میدیا گرتە ڤیدیۆییەکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە، کە گوایە پوتین ئامادەیە جەنگ رابگرێت بە مەرجی دەستبەرداربوونی ئۆکراین لە ناوچەی دۆنێتسک، زیلینسکی بە روونی رایگەیاند: "وڵاتەکەی هیچ شتێک نادات بە روسەکان و هیچ سازشێکیش بۆ مۆسکۆ ناکەن.
وتیشی، کیێڤ هەرگیز بەدوای جەنگدا نەبووە، بەڵکو هەمیشە پابەند بووە بە ئاگربەستێکی بێ مەرج و بەدوای دەرفەتەکانی ئاشتیدا گەڕاوە، هەروەها چەندین جار پێشنیازییان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئاسمان و زەمین و دەریایی کردووە، بەڵام روسیا بە بەردەوامی بە دواخستن و درێژکردنەوەی دانوستانەکان، رێگری لەم پرۆسەیە کردووە.
مۆسکۆ نایەوێت جەنگ کۆتایی بێت
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی ئۆکرانیا 'یوکرینفۆرم' بڵاویکردەوە، زیلینسکی پێی وایە،جەنگ تەنها لەبەر ئەوە بەردەوامە کە مۆسکۆ نایەوێت کۆتایی پێبێت.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی روسیا رۆژانە نزیکەی سەدان هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی گرنگ و شارستانی لە ئۆکراین، دەشڵێت، تەنها لە هەفتەی رابردوودا، روسیا زیاتر لە سێ هەزار و 270 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، 1370 بۆمبی ئاسمانی ئاڕاستەکراو، و نزیکەی 50 موشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی خاکی ئۆکراین کردووە.
هەروەها سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی لە رێگەی دەستپێشخەرییەکان و وەبەرهێنان لە پیشەسازی بەرگری ئۆکراین، جا چ لە رێگەی دوو قۆڵی بێت یان فرە قۆڵی، ئەوەشی خستەڕوو، پێیوایە قسەکانی پوتن ئەم جەنگە راناگرن، بەڵکو دەبێت فشارەکانی لەسەر زیاد بکرێت.



