دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاشتیی نهێنی پەسەند کردووە کە لە 28 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ روسیا کاری لەسەر کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە وردەکارییەکانی پلانەکە بێ ئاگایە و داوای سازشی گەورەی لێدەکرێت.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی NBC News، ئۆکراین بەشداریی لە داڕشتنی پلانە پێشنیازکراوەکەدا نەکردووە و وردەکارییەکانی پێنەدراوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوە گشتییەکەی ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سەردانی کیێڤیان کردووە.

یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت

لە کاردانەوەیەکدا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە برۆکسل رایگەیاند: "پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت، چونکە ئەوان بوون کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد".

کالاس وتیشی: "تا ئێستا هیچ سازشێکمان لەلایەن روسیاوە نەبینیوە، بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ لاوازکردنی روسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگەکەدا.

هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا:

هاوکات، سەرەڕای راپۆرتەکان لەبارەی رێککەوتنە نهێنییەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کردووەتەوە.

یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ویتکۆف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان کردووەتەوە.

ستیڤ ویتکۆف وەک یەکێک لە دانوستانکارە سەرەکییەکانی پلانە نهێنییەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا ناوی هاتووە.