کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرەی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە، رەوانەی بەندەرێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت، وتەبێژەکەی ترەمپیش دەڵێت: "دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر گواستنەوەی نەوت لە بازاڕی رەش".
لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سزاکان و رێگە نادەن ئەو کەشتییانەی سزایان لەسەرە بە ئازادی لە دەریاکاندا هاتوچۆ بکەن و پارە بۆ "تیرۆری پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان" پەیدا بکەن.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە دەستپێکی هەڵمەتێکی فراوانترە دژی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، وتەبێژەکەی کۆشکی سپی وەڵامێکی روونی نەدایەوە و رەتیکردەوە باس لە پلانە سەربازی و ئەمنییەکانی داهاتوو بکات.
چاودێران ئەم بێدەنگییە بە "ناڕوونیی ستراتیژی" وەسف دەکەن کە ترەمپ پەیڕەوی دەکات و دەیەوێت هەنگاوەکانی داهاتووی بە نهێنی بمێننەوە و جیهان لە چاوەڕوانیدا بێڵێتەوە، هاوشێوەی ئەو سیاستەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرانبەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گرتیەبەر.
لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا جموجۆڵە سەربازییەکان کاریگەرییان لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبێت، لیڤیت رایگەیاند، ترەمپ لە ساڵی رابردوودا سەلماندوویەتی کە شایستەی خەڵاتەکەیە و "نزیکەی 9 ململانێی جیهانیی چارەسەر کردووە".
سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، هەر سازشێک لەسەر خاک دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی گشتییەوە بێت، هاوکات وردەکاریی پلانێکی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کیێڤ رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەگەری سەبارەت بە خاک، دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی جەماوەرییەوە یەکلایی بکرێتەوە.
زێلێنسکی وتی: "پێموایە گەلی ئۆکراین وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، جا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت یان ریفراندۆم، دەبێت هەڵوێستەکە هی گەل بێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی نێوان روسیا و ئۆکراین چڕ کراونەتەوە.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکرد، کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دۆنێتسک لە خۆرهەڵات و دۆسیەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، دوو بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانن لەگەڵ ئەمریکا و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئۆکراین پەردەی لەسەر پلانێکی واشنتۆن لادا و رایگەیاند، ئەمریکا فشار دەکات بۆ دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابوریی ئازاد"ـی بێچەک لە نێوان هێزەکانی روسیا و ئۆکراین لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانی راگرتنی جەنگ.
زێلێنسکی وتی: "بەپێی پلانەکە هێزەکانی ئۆکراین لە خاکی دۆنێتسک دەکشێنەوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی روسیاش نابێت بچنە ئەو ناوچانە و ناوی دەنێن ناوچەی ئابوریی ئازاد".
وتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، داوا لە روسیا ناکرێت لە دۆنێتسک یان پێگەکانی لە خێرسۆن و زاپۆریژیا لە باشوور بکشێتەوە، بەڵام دەبێت هێزەکانی لە ناوچەکانی خارکێڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک و سومی بکشێنێتەوە".
ئاژانسی ناسا رایگەیاند، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە کارکردن، پەیوەندییان بە کەشتییەکی ئاسمانییەوە پچڕاوە کە بە دەوری هەسارەی مەریخدا دەسوڕێتەوە و چارەنووسی ئەرکەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ـی بەریتانی، ناسا لە 6ی کانونی یەکەمەوە هیچ ئاماژەیەکی لە کەشتیی "ماڤن"ـەوە پێنەگەیشتووە. بەپێی داتاکانی ئاژانسەکە، پێش ئەوەی کەشتییەکە لە بەشێکی خولگە ئاساییەکەیدا بچێتە پشت هەسارە سورەکە، هەموو سیستەمەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی کاریان کردووە، بەڵام دواتر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ وێستگە زەمینییەکان پچڕاوە.
تا ئێستا زاناکانی ناسا هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکە نازانن و روون نییە ئایا دەتوانن دوبارە کەشتییەکە بخەنەوەکار یان نا. ئەگەر پەیوەندییەکە بۆ هەمیشە بپچڕێت، ئەوا کۆتایی بە زیاتر لە 10 ساڵ لە کاری زانستیی گرنگ لە دەوری هەسارە سورەکە دێت.
لە راگەیەندراوێکدا ناسا ئاشکرایکردووە، تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کێشەکە و هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت بڵاویدەکەنەوە.
گەشتی "ماڤن" ساڵی 2013 لە زەوییەوە دەستیپێکرد و لە 21ی کانونی یەکەمی 2014 گەیشتە خولگەی مەریخ. کێشی ئەم کەشتییە 800 کیلۆگرامە و بە هەشت ئامێری هەستیار پۆشتە کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەرکەکە کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر بەرگەهەوای بەشی سەرەوەی مەریخ و کارلێککردنی لەگەڵ خۆر، بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن هەسارەکە بەرگەهەواکەی لەدەستداوە.
زاناکان باوەڕیان وایە مەریخ سەردەمانێک جیهانێکی گەرم و شێدار بووە و دەریاچە و زەریای هاوشێوەی زەوی تێدابووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و لەدەستدانی بەرگەهەواکەی، بۆتە بیابانێکی وشک. کەشتییەکە لە ماوەی رابردوودا هاوکاری زاناکان بووە لە تێگەیشتن لە رێگەکانی لەدەستدانی ئاو لە مەریخ و کێشانی نەخشەی رێڕەوی با و هەورەکان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا دەکات و دەڵێت: کۆڵۆمبیا یەکێکە لەو وڵاتانەی مادەی هۆشبەری زۆر بەرهەمدەهێنێت، بۆیە پێویستە ژیرانە مامەڵە بکات ئەگینا کەسی داهاتوو ئەو دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێترۆ کەسی داهاتووە لە هەڵمەتی هەرێمی کۆشکی سپی دژی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان، دەشڵێت، کۆڵۆمبیا مادەی هۆشبەری زۆر بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی ژیرانە رەفتار بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارە سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوێ بگرێت، چونکە ئەو دەبێت بە کەسی داهاتوو.
گرژییەکان لە نێوان ترەمپ و پێترۆ لە ماوەی پاییزدا سەریان هەڵدا بەهۆی هەڵمەتی چڕی ئەمریکا دژی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا، ئیدارەی ترەمپ پێشتر متمانەی کۆڵۆمبیای وەک هاوبەش لە شەڕی دژی مددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاندەوە و ڤیزای پێترۆی لە مانگی ئەیلوولدا وەرگرتەوە و یارمەتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە کەمکردەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا سەرۆکەکەی بە "بازرگانێکی نایاسایی مادە هۆشبەرەکان" ناوبرد.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ترەمپ فشارەکانی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا زیادکردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەجێبهێڵێت، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولەوە ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر بەلەمی گوماناویی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان لە دەریای کاریبی.
شەوی رابردوو مۆسکۆ زیاتر لە 30 فرۆکەی بێفڕۆکەوانی لەرێگەی بەرگریی ئاسمانییەوە خستەخوارەوە کە بەرەو شارەکە دەهاتن.
سێرگی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی روسیا 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە، دەشڵێت؛ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ماوەی سێ سەعاتدا خراونەتە خوارەوە.
ئەوەشی خستەروو، تیمەکانی فریاکەوتن نێردران بۆ پشکنینی شوێنی کەوتنی پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی ئەو هێرشە درۆنیانەوە ژمارەیەک فڕۆکەخانە لە ناوەڕاستی روسیا گەشتەکانی هاتن و رۆیشتنیان راگرت.
ئەمریکا ساڵی داهاتوو ئەنجومەنی ئاشتی لەغەززە رادەگەیەنێت و ناوی ئەو سەرکردانەش ئاشکرا دەکات کە بەشداری لە ئەنجومەنەکە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی چالاکییەکی ئابوری لە هۆڵی رۆزڤێڵت لە کۆشکی سپی رایگەیاند، نیازی وایە ساڵی داهاتوو ئەنجومەنی ئاشتی لە کەرتی غەززە رابگەیەنێت.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای ساڵی 2026 ناوی ئەو سەرکردە جیهانییانە ئاشکرابکرێت کە بەشداری ئەنجومەنی تایبەت بە غەززە دەکەن.
ترەم ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک سەرکردە خوازیارن بێنە ناو ئەنجومەنەکەوە، کە بەپێی پلانی غەززە دامەزراوە و لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەدەستهاتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشێکی زۆری کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی کرد و رایگەیاند، خاوەنی "روخسارێکی جوانە" و جوڵەی لێوەکانی وەک "رەشاش" وایە.
ترەمپ لە میانی وتارێکدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، لە کاتێکدا باسی لە دەستکەوت و پلانە ئابورییەکانی دەکرد، ئاڕاستەی قسەکانی گۆڕی بۆ باسوخواسی کارۆلین لیڤیت-ی تەمەن 28 ساڵ و لەبەردەم ئامادەبوواندا وتی: "ئێمە ئەستێرەیەکی نایابمان هەیە، ئایا کارۆلین نایاب نییە؟".
سەرۆکی ئەمریکا وەسفی شێوازی قسەکردنی سکرتێرە رۆژنامەوانییەکەی کرد و وتی: "کاتێک دەچێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بە دیاریکراوی فۆکس نیوز، زاڵ دەبێت بەسەریاندا... کاتێک بەو روخسارە جوانەوە دەوەستێت و لێوەکانی دەجوڵێن و ناوەستن، وەک رەشاشێکی بچوک وایە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کارۆلین "هیچ ترسێکی نییە، چونکە ئێمە سیاسەتێکی راستمان هەیە، پیاوان لە وەرزشی ژناندا بەشدار نین، مۆدێلی گۆڕینی رەگەز بە خەڵک دەخەین و سنوری کراوەمان نییە تاوەکو هەموو جیهان لە زیندانەکانەوە بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە، بۆیە کارەکەی کارۆلین کەمێک ئاسانترە و نەمدەویست سکرتێری رۆژنامەوانی لایەنەکەی دیکە بام".
کارۆلین لیڤیت، کە ئێستا گەنجترین سکرتێری رۆژنامەوانییە لە مێژووی کۆشکی سپیدا، پێشتریش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 وەک یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کاری کردووە.
پێشتریش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزماکس، ترەمپ بە هەمان شێوە وەسفی لیڤیتی کردبوو و وتبوی: "ئەو روخسارە، ئەو مێشکە، ئەو لێوانە و شێوازی جوڵەکەیان، وەک رەشاش دەجوڵێن".
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئامادەیە لە ماوەی 60 بۆ 90 ڕۆژدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات، تەنانەت لەکاتێکدا شەڕ لەگەڵ روسیا بەردەوامە، بەو مەرجەی ئەمریکا و ئەوروپا بتوانن ئاسایشی پێویست بۆ دەنگدانەکە گەرەنتی بکەن، زینلینسکی بە رۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی راگەیاندوە ئیرادە و ئامادەیی تەواوی بۆ ئەو کارە هەیە.
زینلینسکی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئۆکراین دەبێت و داوای لە ئەندامانی بلۆکی پەرلەمانەکەی کرد ئامادەکاری پێویست بۆ ئەو کارە بکەن.
بەهۆی ئەوەی لە جەنگدان، یاسای سەربازی ئۆکراین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و ناوخۆیی قەدەغە دەکات، گەرچی خودی یاساکە دەتوانرێت هەموار بکرێتەوە، بەڵام دەستوور تەنها دوای هەڵگرتنی یاسای سەربازی رێگە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەدات و هەموارکردنەوەی دەستوور لەکاتی جەنگدا قەدەغە دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئۆکراین لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی روسیا لە شوباتی 2022تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک لە ئەنجام نەدراوە، خولی ئاسایی زیلینسکی لە مانگی ئایاری 2024 کۆتایی هات و خولی پەرلەمانیش لە مانگی ئابی 2024 کۆتایی هات و بەهۆی جەنگەوە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە بۆ هەڵبژاردن.
زیلینسكی دەڵێت، پێداچوونەوەیان بە پلانەكەی ترەمپ بۆ ئاشتی كردووە و رەشنووسێكی نوێش دەدەنەوە بە ئەمریكا و سازش لەسەر خاكی ئۆكراین ناكەن.
ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، پێداچوونەوەیان بە پلانەكەی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆكراین كردووە و رەشنووسی نوێی پلانەكەش كە ئێستا بووەتە 20 خاڵ، ئەمڕۆ پێشكەشی ئەمریكای دەكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەنین سازش لەسەر خاكی ئۆكراین بكەن و دەستبەرداری هیچ ناوچەیەكی وڵاتەكەیان نابن بۆ روسیا.
ئەو وتانەی زیلینسكی لە كاتێكدایە، واشنتۆن فشارەكانی بۆسەر ئۆكراین چڕكردووەتەوە بۆئەوەی بەزوترین كات پلانەكەی ترەمپ بۆ ئاشتی پەسەند بكات و مۆسكۆش دەڵێت، واشنتۆن لە ئەنجامی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئۆكراین ئاگاداری نەكردووینەتەوە.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، ئەمریکا پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی سوریا دەکات و دەڵێت: گەشەسەندنی سوریا بەندە بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێکانی.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ساڵێک لەمەوبەر، گەلی سوریا لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی خۆیدا کردەوە، هەروەها پێزانینیان هەیە بۆ هەنگاوە گرنگەکانی حکومەت و گەلی سوریا لە پرۆسەی گواستنەوەدا، بە پشتگیری لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە.
رۆبیۆ جەختیشی کردەوە، لە پشتگیری واشنتۆن بۆ "سوریایەکی ئاشتیخواز و گەشەسەندوو، کە کەمینەکانیش بگرێتەوە، و لە ئاشتیدا بژی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی".
دوای ساڵێک لە روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ رازییە لەوەی تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی عەرەبییە، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندوە، ترەمپ پابەندە بە پاڵپشتیکردنی سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، ئەوان دەیانەوێت سوریا بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.
کۆشکی سپی رایگەیاندوە؛ سوریایەکی سەقامگیر و خاوەن سەروەری گرنگییەکی سەرەکی هەیە بۆ ناوچەکە و کاردەکن بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
لەبارەی رازیبونی سەرۆکی ئەمریکاشەوە لە حکومەتی سوریای نوێ، رایگەیاندوە؛ ئیدارەی ترەمپ رازییە لەوەی کە تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە و هەڵگرتنی سزا توندەکانی سەر سوریا لەلایەن ترەمپەوە، یارمەتی حکومەت دەدات بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت.
لەکاتێکدا کۆشکی سپی فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئۆکراین مل بۆ مەرجەکانی روسیا بدات، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گەیشتە لەندەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئەوروپا، دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت: "زێلێنسکی هێشتا پرۆژەکەی نەخوێندووەتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئۆکراین لەگەڵ هەریەکە لە کیەر ستامەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و فریدریش مێرز راوێژکاری ئەڵمانیا لە "ژمارە 10"ـی داونینگ ستریت کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکییان دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک بکرێت، گەرەنتی ئەوە بدات روسیا لە داهاتوودا هێرش ناکاتەوە.
ترەمپ بۆچی توڕەیە؟
کۆبوونەوەکەی لەندەن دوای سێ رۆژ دێت لە دانوستانی چڕ لە فلۆریدا، کە تێیدا روستەم عومێرۆڤ، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراین هەوڵی گۆڕینی ئەو پلانەی کۆشکی سپی داوە کە دەوترێت "لە بەرژەوەندیی روسیادایە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی نیشاندا و بە رۆژنامەنووسانی وت: "کەمێک بێهیوا بووم کە تاوەکو چەند سەعاتێک لەمەوبەر سەرۆک زێلێنسکی هێشتا پێشنیازەکەی نەخوێندۆتەوە".
ترەمپ وتیشی: "خەڵکەکەی زێلێنسکی پێشنیازەکەیان بەدڵە... پێموایە روسیاش پێی رازییە، بەڵام دڵنیا نیم زێلێنسکی پێی رازی بێت".
بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا پێشنیازی کردووە هێزەکانی ئۆکراین بەتەواوی لە ناوچەکانی رۆژهەڵات بکشێنەوە، لە بەرانبەردا شەڕ رابگیرێت. یەکێکی دیکە لە خاڵە ئاڵۆزەکان بریتییە لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە ئێستا لەژێر دەستی روسیادایە؛ پلانەکە پێشنیازی کردووە وزەی کارەبای وێستگەکە لە داهاتوودا لەنێوان ئۆکراین و روسیا دابەش بکرێت، دابەشبوونی ئەو وێستگەیەش مانای دابەشبوونی وزە و ئابوری ئۆکراین دێت.
بەریتانیا و فەرەنسا سەرکردایەتیی دروستکردنی هێزێک دەکەن بەناوی "هاوپەیمانیی ئارەزومەندان" یان هێزی فرەنەتەوەیی ئۆکراین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک هێزێکی دڵنیاکەرەوە لەو وڵاتە جێگیر بکرێن، بەڵام ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا هەرچەندە هاوکاریی سەربازی دەکەن، بەڵام دوودڵن لە ناردنی سەرباز بۆ سەر خاکی ئۆکراین، چونکە روسیا ئەمە بە "هەڵکشانی مەترسیدار" دەزانێت.
هاوکات کۆشکی کرملین پێشوازی لە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کردووە کە داوای باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ روسیا دەکات و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفی کردووە. ڤلادیمێر پوتن جەختی کردووەتەوە کە ئامادەیە شەڕ بەردەوام بێت تاوەکو هێزەکانی بەتەواوی کۆنترۆڵی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک دەکەن.
شەوی رابردوو ئاسمانی روسیا بێدەنگ نەبوو، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە روبەڕووی هێرشێکی چڕی ئۆکراین بووەوە و وەزارەتی بەرگریش دەڵێت، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەوی رابردوودا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 77 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی تێکشکاندووە کە ویستوویانە چەندین ناوچەی جیاواز بکەنە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوەکەی مۆسکۆ، پشکی شێری هێرشەکان بەر شاری "ساراتۆڤ" کەوتووە و لەوێ 42 درۆن تێکشکێندراون. ئاگرەکە ناوچەکانی دیکەشی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک لە رۆستۆڤ 12 درۆن، لە دورگەی کریمیا 10، لە ڤۆڵگۆگراد 9 و لە بێلگۆرۆدیش 2 درۆن خراونەتە خوارەوە. تەنانەت درۆنەکان گەیشتونەتە ئاسمانی چیچان و ئەستراخانیش و لەوێش دوو درۆن کراونەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ شەڕی ئاسمان، لەسەر زەویش پێدادانەکان بەردەوامن. ئاژانسی سپۆتنیکی روسی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی سوپای روسیا لە هەرێمی "سومی" گورزیان لە سێ یەکەی سەربازیی ئۆکراین وەشاندووە و بنکەکانیان لە ناوچەکانی ئەندریڤکا و سادکی خاپور کردووە.
ئاهەنگێکی شەوانە لە یانەیەکی هیندستان بە کارەسات کۆتایی هات و 25 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەی قوربانییەکان لەبری ئەوەی رێگەی رزگاربوون بدۆزنەوە، بەرەو چێشتخانەی یانەکە رایانکردبوو، بەڵام لەوێ گیریان خوارد و خنکان.
روداوەکە سەعات 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یانەی (Birch By Romeo Lane) لە گوندی ئارپۆرا لە ویلایەتی گۆوای هیندستان رویدا. بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، نزیکەی 100 کەس لە ئاهەنگێکی سەماکردندا بەشدار بوون کە بە "شەوی بۆلیوود" ناسێندرابوو، کاتێک لەناکاو ئاگر لە گۆڕەپانی سەماکردنەکەوە دروست بوو.
بەپێی زانیارییەکان، یانەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە "یانەیەکی دوورگەیی"ـە، بەڵام لە راستیدا تەنها رێڕەوێکی زۆر تەسک و باریکی هەبووە بۆ هاتن و چوون. دیزاینی ناوەوەی یانەکە بە گەڵای دارخورما و کەرەستەی دارین رازێنرابووەوە، کە ئەمەش وایکردووە ئاگرەکە وەک پۆش و ئاگر تەشەنە بکات.
فاتیمە شێخ، یەکێک لە گەشتیارە رزگاربووەکان دەڵێت: "لەناکاو ئاڵۆزی دروست بوو، بینیمان هەموو شوێنەکە گڕی گرتووە. بەشێک لە گەشتیاران و کارمەندەکان بۆ ئەوەی لە ئاگرەکە رزگاریان بێت، بەرەو نهۆمی خوارەوە و چێشتخانەکە رایانکرد، بەڵام هەموویان لەوێ گیریان خوارد و بەهۆی دوکەڵەوە خنکان".
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان، هەڵکەوتەی شوێنی یانەکە بووە. بەهۆی تەسک و تروسکی کۆڵانەکانەوە، ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە بگەنە بەردەم یانەکە و ناچار بوون لە دووری 400 مەترەوە بوەستن، ئەمەش پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی دواخست.
دواتر تیمەکان تەرمی 25 کەسیان دۆزیەوە کە بەشێکیان گەشتیار و بەشێکیان کارمەندی یانەکە بوون، 6 کەسی دیکەش بریندارن.
رۆشان رێدکار، بەرپرسێکی ناوچەکە ئاشکرای کردووە، یانەکە بە نایاسایی دروستکراوە و مۆڵەتی نەبووە. پێشتر بڕیاری روخاندنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان خاوەنەکانی و رێکارەکانەوە، بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان خەمباریی خۆی بۆ روداوەکە دەربڕی و سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی گۆواش فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەی ورد لەم کارەساتە بکرێت.
سەرۆكی ئۆكراین رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكی زۆر بابەتی و بنیاتنەرەیان لەگەڵ ئەمریكا هەیە بۆ رێككەوتن لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوویان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، لەگەڵ ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و جارێد كوشنەری زاوای ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامداوە.
زیلینسكی وتیشی، لەگەڵ ئەمریكا لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و شێوازی گفتوگۆكان رێككەوتوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەرەنتیكردنی كۆتایی هێنان بە جەنگ و نەهێشتنی مەترسیی هێرشەكانی روسیا، دڵنیابوون لەوەی مۆسکۆ پابەندی بەڵێنەكانی دەبێت، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیان بووە .
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی ئۆكراین جەختی كردەوە، سورن لەسەر كاركردن لەگەڵ ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و كۆتایی هێنان بە جەنگ.
لە روداوێکی تەقەکردندا لە پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشور چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک، بەهۆیەوە 11 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 14 هاووڵاتی تریش بریندارن و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، تا ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکە دیار نییە و کەسیش لەسەر روداوەکە دەستگیر نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، پۆلیسی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر هۆتێلێک لە شاری پریتۆریای پایتەخت و بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە نێویشیاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ هەیە.
وتەبێژی پۆلسی بە میدیاکانی راگەیاندوە، لە روداوەکەدا 25 کەس تەقەیان لێکراوە و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا تاوانبارەکان دەستگیر نەکراون.
وتوشیەتی؛ ئەمە روداوێکی زۆر سەختە و دوای چوار سەعات لە روداوەکە پۆلیسان لێ ئاگادار کردوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان سێ چەکدار بەبێ جیاوازی دەستڕێژی گولـلەیان کردوە.
ئەم هێرشە نوێترین هێرشە لە زنجیرەیەک تەقەکردنە بەکۆمەڵەکان لەو وڵاتە پڕ تاوانکارییەی کە 63 ملیۆن کەسی تێدایە.
شاری پریتۆریای پایتەختی ئەفریقای باشورە، بەدەست تاوان و گەندەڵیەوە دەناڵێنێت و بەردەوام هێرشی چەکداری تێدا ئەنجام دەدرێت.