پوتن: بەهەموو شێوەیەک دژی ئەندامێتی ئۆکراینین لە ناتۆ
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، هەر هێزێکی رۆژئاوایی لە ئۆکراین ئامادەیی هەبێت لەلایەن سوپای روسیاوە دەکرێتە ئامانج و جەختیش دەکاتەوە کە مۆسکۆ بە هیچ شێوەیەک ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ قبوڵ ناکات.
ئەم لێدوانانەی پوتن رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، رایگەیاندبوو 26 وڵات بەڵێنیان داوە گەرەنتیی ئەمنی دوای جەنگ بدەن بە ئۆکراین، کە بوونی هێزی نێودەوڵەتی لە وشکانی، دەریا و ئاسماندا لەخۆدەگرێت.
ماکرۆن، کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکرد، وتی: "ئامانجی ئەم هێزە چوونە ناو جەنگ نییە دژی روسیا، بەڵکو رێگریکردنە لەوەی لە داهاتوودا هێرش بکاتەوە سەر ئۆکراین"
لە بەرامبەردا، پوتن لە میانی کۆڕبەندێکی ئابووریدا لە ڤلادیڤۆستۆک لە رۆژهەڵاتی دووری روسیا، وتی: "ئەگەر هەر هێزێک لەوێ بڵاوەی پێبکرێت، بەتایبەتی ئێستا کە شەڕ بەردەوامە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەکەین کە دەبنە ئامانجی رەوا بۆ سوپای روسیا."
سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ باشترین شوێنە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین و جەختی کردەوە کە روسیا %100 گەرەنتیی ئاسایش و سەلامەتیی وەفدی ئۆکراین دەکات.
پوتن وتیشی: "چەندین جار وتوومە کە ئامادەم بۆ ئەم پەیوەندییانە (لەگەڵ زلێنسکی)، بەڵام هیچ سوودێکی نییە، چونکە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی لەسەر پرسە سەرەکییەکان نزیکە لە مەحاڵ، تەنانەت ئەگەر ئیرادەی سیاسیش هەبێت، کە من گومانم لێی هەیە."
پێشتر، کرملن ئەوروپییەکانی بە "بەربەست" لەبەردەم چارەسەری ناکۆکی لە ئۆکراین تۆمەتبار کردبوو. دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، رایگەیاندبوو، گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراین ناتوانرێت لە رێگەی هێزی سەربازیی بیانییەوە دابین بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکاندا گفتوگۆی لەبارەی ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە کرد کە پێویستە بدرێن بە کیێڤ، هەروەها رێگاکانی زیادکردنی فشار لەسەر روسیا بۆ ناچارکردنی بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستانەکانی ئاشتی.