روسیا گەورەترین هێرشی بۆسەر ئۆکراین ئەنجامدا
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وێنەی باڵەخانەی حکومەتی ئۆکراین
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، روسیا گەورەترین هێرشی بۆسەر ئۆکراین ئەنجامدا و باڵەخانەی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئەو وڵاتەی لە کیێڤ بە ئامانج گرت.
لێپرسراوانی ئۆکراین رایانگەیاند، ئەمڕؤ یەکشەممە روسیا گەورەترین هێرشی بۆ سەر ئۆکراین ئەنجامدا، کە چەندین درۆن و موشەکی لەو هێرشەدا بەکارهێناوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە هێرشەکەدا باڵەخانەی حکومەتی وڵاتەکەیان بە ئامانج گیراوە و سێ گیانیان لەدەستداوە.
لەلای خۆشیەوە یولیا سڤێریدنکۆ سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین رایگەیاند، باڵەخانەی حکومەتەکەی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و تا ئێستاش ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتووەتە و کۆنتڕۆڵنەکراوە.
هاوکات، هێزی ئاسمانی ئۆکراین ئاشکرایکردووە، روسیا لەو هێرشە گەورەیەی کە لەماوەی یەک شەدا ئەنجامی داوە، 805 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 13 موشەکی ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە، راشیگەیاندووە، یەکەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکراین، 751 فڕۆکەبێفڕۆکەوان و چوار موشەکیان خستوەتەخوارەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوو سەرۆکی روسیا و ئۆکراین بانگهێشتی یەکتری دەکەن بۆ پایتەختی وڵاتەکەیان بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ بەمەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ.