بەهۆی زیادبوونی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردە، نزیکەی 90 وڵاتی جیهان گواستنەوەی پۆستەیان بۆ ئەمریکا سنوردار یاخود راگرتووە.

ماساهیکۆ میتۆکی بەڕێوەبەری گشتی یەکێتی پۆستەی جیهانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە، 88 وڵاتی جیهانی گواستنەوەی پۆستەیان بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی تەواوەتی یاخود بەشێوەیەکی سنوردار راگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی تەکنیکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی پۆستە بۆ ئەمریکا.

ئەوەش دوای ئەوەدێت ، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی بازرگانی دی مینیمێست، کە لێخۆشبوونی پێناسی گومرگی بۆ سەرجەم ئەو پۆستانە دەردەکرد کە نرخەکانیان لە خوار 800 دۆلارەوەبوون .

گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە گواستنەوەی پۆستەیان بۆ ئەمریکا سنوردار یاخود راگرتووە بریتین لە، بەلجیکا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هیندستان، ئیتاڵیا، ژاپۆن، لیتوانیا، نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، سەنگافورە، کۆریای باشوور، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، تایوان، و تایلەند.