لە ئەمساڵدا 12 هەزار پەنابەر لە ئەڵمانیا دیپۆرتكراونەتەوە
ئاکام مستەفا
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
حكومەتی ئەڵمانیا بە نیازە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران زیاد بكات.
میدیاكان بڵاویانكردەوە، حكومەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە گرتنەبەری رێكاری نوێ بەتایبەت لە شاری دوسڵدۆرف، بەجۆرێك كە لە فڕۆكەخانەی ئەو شارە لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە دوو هەزار و 800 كەسی دیپۆرتكردوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەمساڵیش ژمارەكە لە بەرزبوونەوەدایە بەجۆرێك كە تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، تائێستا 12 هەزار كەس دیپۆرتكراونەتەوە.
راشیانگەیاند، ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی تر رێكارەكانیان زیاتر كردووە و لە مانگی تەمموزدا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نەمسا و دانیمارك و فەڕەنسا و چیك و پۆڵەندا كراوە و لە یەكەم هەنگاودا پەنابەرە ئەفغانییەكان دیپۆرت دەكاتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە دوای روخانی ئەسەدەوە هەزار و 867 سوری گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان و لە بەرامبەردا بڕێك هاوكارییان پێشكەش كراوە.