ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات کۆتایی بە بەشداریی هێزەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی ئێران بهێنێت. ئەمەش وەک دووەم هەنگاوی لەو شێوەیە دادەنرێت کە ئاماژەیە بۆ توندبوونی ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆنگرێس بەرانبەر بەو شەڕەی نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە.
دەنگدانەکە بە پێشبڕکێیەکی بەهێز بەڕێوەچوو و بە جیاوازییەکی کەم (214 دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر 208 دەنگی نەخێر) تێپەڕی، دوای ئەوەی چوار ئەندامی کۆمارییەکان ریزی پارتەکەیان جێهێشت و دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکاندا دا.
بڕیارەکە پشتبەستنە بە "یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ" و جەخت دەکاتەوە کە بەشداریی سەربازی لەگەڵ ئێران بە بێ رەزامەندی و تفویزی راستەوخۆی کۆنگرێس ئەنجامدراوە.
هەرچەندە ئەم هەنگاوە زیاتر ئاراستەیەکی سیاسی و رەمزی هەیە، بەڵام ئاماژەیەکی روونە بۆ رەتکردنەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە لەلایەن کۆشکی سپییەوە.
ئەم جووڵەیەی یاسادانەران دوای ئەوە هات کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا چوار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژران، کە ئەوەش نیگەرانییەکانی لەبارەی نەبوونی ستراتیژییەکی روون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بەرزکردەوە.
بڕیارە لە هەنگاوی داهاتوودا، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش تاوتوێی پڕۆژەبڕیارێکی هاوشێوە سەبارەت بە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگ بکات.