سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند لەسەر داخوازی حیزبەكەی.

میدیاكانی ژاپۆن ئاشکرایانکرد، كە شیگێروو ئیشیبا، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاندووە، كە دەستلەكارەكەی دەكێشێتەوە وەكو سەرۆك وەزیران، لە دوای ئەوەی حیزبەكەی داوایان لێكرد بەرپرسیاریەتی دۆڕاندنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژاپۆن بگرێتە ئەستۆ، كە لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا ئەنجامدرا و پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی سەرۆك وەزیران شكستیان هێنا لە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان.

بۆ ماوەی مانگێكە شیگێروو ئیشیبا بەرهەڵستی ئەو فشارانە دەكاتە كە لەلایەن ئەندامانی حیزبەكەیەوە ئاڕاستەی دەكرێت بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاریدا دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.

دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، رۆژێك پێش كۆبونەوەی حیزبەكەی دێت كە تیایدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی حیزب یاخود نا، كە لە ئێستادا شیگێروو ئیشیبا خۆی سەرۆكایەتی حیزبەكەی دەكات.