وتەبێژی كۆشكی كرملن رایگەیاند، مۆسكۆ رێگە بە ناتۆ نادات هێزەكانی لەناو ئۆكراین بڵاوەپێبكات، دەشڵێت: هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی روسیا ئەنجامی دەدەین.

دیمیتری پێسكۆف وتەبێژی كۆشكی كرملن رایگەیاند، هەوڵەكانی ناتۆ بۆ جێگیركردنی هێز لە ئۆكراین و بوونی ئەو هێزانە لە نزیك سنورەكانمان مەترسی بۆسەر روسیا دروست دەكات، چونكە ناتۆ ئێمە بە دوژمن دەزانێت، بۆیە ناتوانین رێگەیان پێبدەین هێزەكانیان جێگیر بكەن.

 وتیشی، هەرچی پێویست بێت بۆ گرەنتیكردنی ئاسایشی وڵاتەكەمان دەیكەین.

وتەبێژەكەی كرملن ئەوروپییەكانی بە دروستركردنی كۆسپ لەبەردەم چارەسەری پرسی جەنگی روسیا و ئۆكراین تۆمەتبار كرد و وتیشی، ئامادەین ئامانجەكانمان بە رێگای ئاشتیانە لە ئۆكراین بەدی بهێنین، بەڵام لە نەبوونی هەلی لەو جۆرەدا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانمان بەردەوام دەبین.

لەبارەی كۆبوونەوەی سەركردەكانی روسیا و ئەمریكا پێسكۆف ئەوەی خستە روو، ئەگەرچی لە ئێستادا هیچ ئامادەكارییەك بۆ كۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆكە ناكرێت، بەڵام دەتوانرێت كۆبوونەوەكە بە خێرایی رێكبخرێت.

ئەم وتانەی دیمیتری بیسكۆف تەنها رۆژێك لەدوای كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپا دێت، كە بە ئامانجی پشتگیریكردنی ئۆكراین و گرەنتیكردنی ئەو وڵاتە لە رووی ئەمنییەوە ئەنجامیان دا.