ترەمپ: لەگەڵ حەماس دەچینە گفتوگۆیەكی ئاڵۆزەوە
ئاکام مستەفا
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن دەچێتە دانوستانێكی ئاڵۆزەوە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس و داواشیكرد، بزوتنەوەكە سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن دەستدەكات بە دانوستانێكی ئاڵۆز لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس و ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لەسەر درێژەدان بە بارمتەگرتنی ئیسرائیلییەكان، رەوشەكە دژوار و ئاڵۆزتر دەبێت.
وتیشی، بە حەماسی وتووە سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكات و ئەگەر ئەوان ئەو هەنگاوە بنێن، گفتوگۆ لەسەر كاری باشتر دەكات لەگەڵ حەماسدا، بەڵام ئێستا ئەو بزوتنەوەیە ئێستا داواكاری نوێی هەیە و چاوەڕێی دوایین داواكارییانن.
وتیشی، حەماس 50 بارمتەی لەلایە و پێی وایە تەنها 20 كەسیان لە ژیاندا ماون و خۆپیشاندانی ئیسرائیلییەكانیش بۆ فشار خستنەسەر حكومەتی ئیسرائیل رەوشێكی ئاڵۆز بۆ ناتانیاهۆ دێنێتە ئاراوە.