روسیا هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکراین
راهۆز
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا هێرشێکی "فراوانی"ی کردووەتە سەر چەندین شاری وڵاتەکەی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژێک پێشتر هۆشداریدابوو لە هێرشەکان لە ماوەی جەژنەکانی سەری ساڵدا.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئۆکراین، لە ئەنجامی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر چەندین شاری ئۆکراین سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵێکی 4 ساڵانە. هەروەها ژێرخانی وزە کراوەتە ئامانج و چەند ناوچەیەک بێ کارەبا ماونەتەوە.
زێلێنسکی رایگەیاند، خەڵک دەیانەوێت "لەگەڵ خێزانەکانیان، لە ماڵەکانیان و بە سەلامەتی" بن لە پێش جەژنی کریسمس و وتی، هێرشەکان "پەیامێکی زۆر روونن سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی روسیا"، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاشتی بەردەوامن.
وتیشی: "پوتن هێشتا ناتوانێت قبوڵ بکات کە دەبێت واز لە کوشتن بهێنێت و ئەمەش مانای ئەوەیە کە جیهان فشاری پێویست ناخاتە سەر روسیا".
زێلێنسکی پێشتر هۆشداریدابوو کە "سروشتی کرێملینە" لە ماوەی جەژنەکاندا "هێرشی بەرفراوان ئەنجام بدات و هاووڵاتیان بەئامانج بگرێت"
ئاژانسی هەواڵی تاس-ی روسیا رایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی روسیا ژێرخانەکانی وزە و گواستنەوەی کردووەتە ئامانج.
هاوکات، باس لەوە دەکرێت ئۆکراین کارگەیەکی پترۆکیمیایی لە ستراڤرۆپۆلی باشووری روسیا کردووەتە ئامانج و زیانی زۆری لە کارگەکان داوە.
ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە، رایگەیاند درۆنێکی ئۆکراینی کارگەکەی پێکاوە و ئاگرێکی لێکەوتووەتەوە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و باڵەخانە نیشتەجێبووەکان زیانیان پێنەگەیشتووە.
لە رۆژانی رابردوودا، سەرنجی سەرەکیی هێرشەکانی روسیا لەسەر شاری ئۆدێسای باشوور بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پوتن هەڕەشەی بڕینی دەستڕاگەیشتنی ئۆکراینی بە دەریای رەش کرد.
سەرۆکی روسیا ئەم هەڕەشەیەی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک کرد، دوای هێرشەکانی درۆنی ئۆکراین بۆ سەر تانکەرەکانی سەر بە "کەشتیگەلی سێبەری" روسیا، کە ئەو کەشتییانەن بۆ گواستنەوەی کاڵا و نەوت بەکاردەهێنرێن و لەژێر سزاکانی رۆژئاوان.



