ناتانیاهۆ: ئێران هێرش بکات بە توندی وەڵامی دەدەینەوە
راهۆز
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگادارە کە ئێران لەم دواییانەدا "مەشق" ئەنجام دەدات و جەختی کردەوە، هەر هێرشێک لەلایەن تارانەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی "توندی" دەبێت.
ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی قوبرس و سەرۆک وەزیرانی یۆنان وتی، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی مەشقەکانی ئێرانەوە ئاشکرا نەکرد.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، هەواڵی دژبەیەک لەبارەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی لەلایەن ئێرانەوە لە چەند شارێک بڵاوبووەوە. لەکاتێکدا میدیای رەسمیی ئێران ئەنجامدانی مەشقەکانی پشتڕاستکردەوە، دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی وڵاتەکە رەتیکردەوە.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "ئێن بی سی" ئەمریکی، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ خستنەڕووی دۆسیەیەکی هەستیار لەسەر مێزی گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ناتانیاهۆ نیازی وایە زانیاریی هەواڵگریی نوێ لەبارەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی لەلایەن ئێران و بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوانەی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وێران کراون، بخاتەڕوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی بژاردەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ.
هاوکات، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بە ئیدارەی ترەمپی راگەیاندووە کە مەشقە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران رەنگە ئامادەکاری بن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە وتی، "ئاماژەکانمان دەستکەوتووە کە ئێران سەرقاڵی بنیاتنانەوەی تواناکانیەتی لە بواری موشەکیدا".



