وتەبێژی بیڵ کلینتۆن داوا لە دۆناڵد ترەمپ و وەزیری دادی ئەمریکا دەکات، سەرجەم ئەو وێنە و بەڵگەنامانە بڵاوبکەنەوە کە پەیوەستن بە دۆسیەی جیفری ئیپستین و ناوبراوی تێدا دەردەکەوێت، دەشڵێت "ئێمە پێویستیمان بە پاراستن نییە".

ئەنجێل ئۆرینا، وتەبێژی بیڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، یاسای شەفافیەت لە دۆسیەکانی ئیپستین پابەندبوونی یاسایی دەخاتە سەر وەزارەتی داد بۆ خستنەڕووی تەواوی تۆمارەکان بۆ رای گشتی.

وتیشی: "شێوازی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەریدەخات کە کەسێک هەیە دەپارێزرێت یان شتێک شاردراوەتەوە، ئێمە نازانین کێیە یان چییە، بەڵام دەزانین کە ئێمە پێویستیمان بە هیچ پارێزبەندییەک نییە".

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی هەزاران بەڵگەنامە و وێنەی پەیوەست بە تۆڕی جیفری ئیپستین، کە بە ئەنجامدانی تاوانی سێکسی سزادراوە.

لە بەشێک لەو وێنە و دۆسیانەی بڵاوکراونەتەوە، وێنەی بیڵ کلینتۆن و ژمارەیەک کەسایەتی دیاری وەک مایکڵ جاکسۆن و کریس تەکەر دەردەکەون لەگەڵ ئیپستین و جیسلین ماکسوێڵ لە بۆنەی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام هیچ تۆمەتێکی فەرمییان ئاڕاستە نەکراوە.