دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هەنگاوێکی زیرەکانە دەبێت ئەگەر سەرۆکی ڤەنزوێلا دەسەڵات جێبهێڵێت، هاوکات هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی کۆڵۆمبیا و دەڵێت "کۆکایین رەوانەی ئەمریکا دەکات".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە فلۆریدا رایگەیاند، پێیوایە باشترە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەسەڵات جێبهێڵێت و وتی: "ئەوە بڕیارێکی زیرەکانە دەبێت ئەگەر ئەو کارە بکات، بەڵام ئەگەر بیەوێت خۆی بە بەهێز دەربخات و سەرکێشی بکات، ئەوا دواجار دەبێت ئەو کارە بکات".

سەبارەت بەو نەوتەی لە هەفتەکانی رابردوودا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا دەتوانێت نەوتەکە بفرۆشێت یان بۆ خۆی گلی بداتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتەکانی فشاری ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا چڕ بوونەتەوە و بەهۆی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی مادەی هۆشبەر دەگوازنەوە، نزیکەی 100 کەس کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر گوستاڤۆ پترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "کەسێکی زۆر خراپ" وەسفی کرد.

ترەمپ وتی: "پترۆ دۆستی ئەمریکا نییە، ئەو کۆکایین دروست دەکات و رەوانەی ئەمریکای دەکات، بۆیە دەبێت ئاگای لە خۆی بێت"