ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی میامی ئاشکرا کرد، کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، تێیدا نوێنەرانی ئەمریکا، میسر، قەتەر و تورکیا بەشداربوون، بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و بەهێزکردنی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەم.

ئەمڕۆ شەممە، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی غەززە پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، لەوانە فراوانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان و کشانەوەی بەشێکی سەربازی ئیسرائیل، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی دوژمنایەتییەکان.

ویتکۆف لە پەیامێکیدا، کە لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەکەدا لە میانیی گفتوگۆکان سەبارەت بە قۆناغی دووەم، بەشداربووان جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی دەزگایەکی حوکمڕانی لە غەززە کردەوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکگرتووی فەلەستینیدا کاردەکات، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ دامەزراندنی و کاراکردنی "ئەنجومەنی ئاشتی" لە ئایندەیەکی نزیکدا دەربڕیوە. 

کە ئەنجومەنەکە وەک دەزگایەکی ئینتقالی کاردەکات، کە سەرپەرشتی رێڕەوی مەدەنی و ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە دەکات.

لە کۆتایی دا ویتکۆف ئەوەشی خستوەتەڕووو، لە کۆبونەوەکەیاندا جگە لەوەی پێداچوونەوە کرا بۆ هەنگاوەکانی داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ، جەختیان لەسەر گرنگی رێکخستن و هەماهەنگی و میکانیزمی چاودێری کاریگەر کردەوەتەوە، بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکانی غەززە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ چونە قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاشتی لە غەززە.