ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن نەگەشتونەتە رێککەوتن لەسەر پرسی خاک،  چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی مۆسکۆن سەبارەت بە دوایین رەشنووسی پلانی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر کردوە.

زیلینسکی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە وتویەتی؛ لە چاوەڕوانی وەڵامی مۆسکۆدان سەبارەت بە پلانەکەی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا، کە 20 خاڵە و لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە میامی لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەری رێککەوتوون.

سەرۆکی ئۆکراین، جەختیکردوەتەوە، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئۆکراین لە دانوستانەکانیاندا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ روسیا نەیانتوانیوە لەبارەی پرس خاکەوە بگەنە رێککەوتن، داواشی کرد ئەو پرسانە لە ئاستی سەرکردایەتیدا تاوتوێ بکرێن.

لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس، لەزاری زیلینسکیەوە بڵاویکردوەتەوە، ئۆکراین و ئەمریکا  سەبارەت بە خاکی ناوچەی دۆنێتسک و وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا نەگەیشتونەتە رێککەوتن و بەگوێرەی ئەو رەشنوسەی لە پلانی ئاشتیدا هاتووە؛ واشنتۆن، کیێڤ و مۆسکۆ بە هاوبەشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بەڕێوەدەبەن.

زیلینسکی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئامادەن لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کۆبونەوە لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامبدەن، بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەستیارەکانی وەک بابەتەکانی  پرسی خاک.

سەرۆکی ئۆکراین دەشڵێت؛ پلانی ئاشتیی شەڕ رادەگرێت و رێگە خۆش دەکات بۆ ئەگەری دروستکردنی ناوچەی دابرێندراو لەشەڕ و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو پلانەشدا، کیێڤ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات دوای واژۆکردنی پلانی ئاشتی.

لە کۆتایشدا سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندوە،  پڕۆژە یاسای ئاشتی  کیێڤ ناچار ناکات بە رەسمی دەستبەرداری هەوڵەکانی ببێت بۆ ئەنداموون لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".