میدیایەکی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن، لەوەی ئێران بەرنامەی موشەکی بالیستیکی فراوانتر دەکات، دەیانەوێت لە کۆبونەوەی داهاتووی ناتانیاهۆ و ترەمپدا ئەو دۆسییەیە گفتوگۆ بکەن، کە دەبێتەهۆی دروستکردنی مەترسییەکی نوێ لە ناوچەکەدا و رەنگە ناتانیاهۆ پێشنیازی دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران بخاتە بەردەم ترەمپ.

کەناڵی NBCـی ئەمریکی ئاشکرای کردوە، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی، ئێران بەرهەمهێنانی بەرنامەی موشەکی بالیستیکی فراوانتر دەکات، لە دوای ئەوەی  بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا زیانیان پێگەیشت.

کەناڵە ئەمریکییەکە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەهۆی هەوڵەکانی تاران بۆ خۆبەهێزکردنەوە لە روی سەربازییەوە بەرپرسانی ئیسرائیل  ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بژاردەکانی  دووبارە هێرشکردنە سەر تاران ئاگادار بکەنەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ئێران لە هەوڵی چاکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا، کە پیتاندنی یۆرانتۆمی تێدا ئەنجامدەدات و لەلایەن ئەمریکاوە کرانە ئامانج، هەروەها هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوانەی کە موشەکی بالیستیکی تێدا بەرهەمدەهێنن و چاککردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، کە زیانی پێگەیشتبوو.

ئەم کارانەی ئێران وایکردوە، ئیسرائیل ئەو هەنگاوانە بە مەترسیەکی نوێ بزانێت بۆسەر وڵاتەکەیە و بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ کەناڵیNBC ئەمریکی کردوە، ئیسرائیل دەیەوێت دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران و بۆ ئو مەبەستەش ناتانیاهۆ ترەمپ ئاگاداردەکاتەوە.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆببنەوە و سەرچاوەکان دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت ناتانیاهۆ ئەو دۆسیەیە بۆ ترەمپ بخاتەڕوو، کە فراوانکردنی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران هەڕەشە دروست دەکات و رەنگە پێویسی بە کاردانەوەی خێرا بێت.