جیهانجیهان

رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، باری نائاسایی تەندروستیی گشتیی راگەیاند کە دەبێتە جێی نیگەرانیی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە پاشبنەمای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئێبۆلا لە هەریەکە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و ئۆگاندا.

تێدرۆس ئەدهانوم گێبرسیۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە بەستراوەتەوە بە سلالەی (بۆندیبۆجیۆ)، پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی هەیە لە وڵاتانی دراوسێ و کۆکردنەوەی پڵپشتیی نێودەوڵەتی"، هاوکات جەختیشی کردەوە کە دۆخەکە "لە ئێستادا نەگەیشتووەتە ئاستی پەتایەکی جیهانی.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات تا رۆژی شەممە 8 دۆخی پشتڕاستکراوەی تاقیگەیی و 246 دۆخی گومانلێکراوی تۆمارکردووە، جگە لە 80 حاڵەتی گیانلەدەستدانی گومانلێکراو لە پارێزگای ئیتۆری لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کە نزیکە لە سنوورەکانی ئۆگاندا و باشووری سوودان.

هاوکات ئۆگاندایش تۆمارکردنی دوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی لە کامپالای پایتەخت لە رۆژانی 15 و 16ی ئایاری 2026 راگەیاند، کە دانەیەکیان بە گیانلەدەستدان کۆتایی هاتووە، لە کاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پەیوەندییە پەتاگەراییەکان لە نێوان تووشبوواندا.

بەپێی پەیمانگای رۆبێرت کۆخ، ئێبۆلا بە یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەکان دادەنرێت، بەوپێیەی لە رێگەی بەرکوتنی راستەوخۆ بە شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، و لە حاڵەتی نەبوونی چاودێریی تەندروستیی خێرادا رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە نزیکەی %90.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ تێکچوونی زیاتری رەوشی ناوچەکەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانیان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ململانێ دژی تاران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان و زانیارییەکانی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی، هەردوو وڵات نەخشەیەکی وردیان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی هاوبەش داڕشتووە کە چەندین کەرتی ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران دەکاتە ئامانج.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران زیادیان کردووە و واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی ئەم پلانەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و رێگری لە پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی تاران بکات.

ژێرخانی نیشتمانی و وزە:

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، بانکی ئامانجەکانی ئەم هێرشە بە شێوەیەکی فراوان دیاریکراوە و لە چەندین ئاستی جیاواز پێکدێت، یەکەمین ئامانج، پێکانی ژێرخانی نیشتمانی و کەرتی وزەی ئێرانە، کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوەکانی سوتەمەنی دەگرێتەوە، ئامانجی ئەم کارە پەکخستنی تەواوی جووڵەی ئابوری و خزمەتگوزارییە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

سیستمی بەرگری و سەربازی:

سیستمی بەرگری و بنکە موشەکییەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە پلانەکە دیاریکراون بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە و رێگە بۆ هێرشی تر خۆش بکرێت.

تیرۆرکردنی لێپرسراوان:

میدیاکانی ئیسرائیل ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە رووی سیاسی و فەرماندەییەوە، پلانەکە هەوڵی "بێسەرکردەکردنی" ئێران دەدات، فڕۆکە جەنگییەکان و سیستمی موشەکیی پێشکەوتوو کار بۆ تیرۆرکردنی لێپرسراوە باڵاکانی تاران دەکەن تاوەکو ناوەندی بڕیاردان پەکبخەن.

جوڵاندنی هێزی زەمینی بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە:

جگە لەوەش، باس لە ئەگەری جووڵاندنی هێزی تایبەت بۆ سەر خاکی ئێران دەکرێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان تێدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنها لە ئاسمانەوە نابێت، بەڵکو رەنگە رەهەندی زەمینیشی هەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن لە سەعاتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا، ئێران بە هاویشتنی دەیان موشەکی بالیستی بۆ ناو قوڵایی خاکی ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، بەپێی وتەی لێپرسراوە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت بەهۆی توندیی گورزەکانەوە، قەبارەی وەڵامدانەوەکانی تاران بە تێپەڕبوونی کات بەرەو کەمی بچێت، ئامانجی کۆتایی واشنتۆن و تەلئەبیب ئەوەیە کە تاران ناچار بکەن لە پێگەیەکی لاوازەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو مەرجە پێشوەختەکان بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی قبوڵ بکات.

ترەمپ بڕیار دەدات؟

دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارەکانی رۆڵێکی سەرەکی لەم پلانەدا دەگێڕن و نەخشەی هێرشە گشتگیرەکەیان ئامادە کردووە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندووە، تاران دەبێت لە نێوان رێککەوتن یان لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانیی ئەوتۆی نەماوە و رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چونکە مەترسییە بۆ سەر جیهان، بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین دەدرێت، تاوەکو هەموو رەهەندە نێودەوڵەتییەکان رەچاو بکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی "بی ئێف ئێم"ی فەرەنسی راگەیاند، ئێران بە کاتێکی زۆر نالەباردا تێپەڕدەبێت ئەگەر نەگاتە رێککەوتن لەگەڵمان، ئاماژەی بەوەشكردووە، نازانم بەم زووانە دەگەنە رێککەوتن یان نا بەڵام باشترە ئێران رێککەوتن بکات.

ئەم ئامادەکارییە چڕانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیداردایە، ئەگەر ئەم پلانە سەربازییە وەک ئەوەی داڕێژراوە جێبەجێ بکرێت، رەنگە نەخشەی سیاسی و سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بگۆڕێت، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیارەکانی واشنتۆن و تەلئەبیبن تا بزانرێت ئایا ئەم هەڕەشانە دەبنە راستییەکی مەیدانی یان وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ سەر ئێران دەمێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردووەتەوە، لێپرسراوانی ئەمریكا گومان دەكەن هاككەرە ئێرانییەكان لە پشت زنجیرەیەك هێرشی ئەلیكترۆنییەوە بن بۆ سەر سیستمی چاودێری كۆگاكانی سوتەمەنی و بەنزینخانەكان لە چەندین ناوچەی ئەمریكا.

ئاشکراشیکردووە، هاككەرەكان سودیان لەو سیستمە ئۆتۆماتیكییانە وەرگرتووە كە بەبێ وشەی نهێنی بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە، لەو رێگەیەوە دەستكاریی زانیارییەكانی سیستمەكەیان كردووە.

كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشەكان زیانی مادییان لێنەكەوتووەتەوە، بەڵام مەترسی ئەمنییان دروستكردووە بەهۆی دەستڕاگەیشتن بەو سیستمانە، دەكرێت دزەكردنی سوتەمەنی بشاردرێتەوە و زیانی ئابوری لە بەنزینخانەكان بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەروی هورمز بەردەوامە و ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکان بەسەر ئێراندا توندتر دەکاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا'سێنتکۆم'  ئاشکرایکرد، لە سەرەتای جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، تا ئەمڕۆ 78 کەشتی بازرگانی رێرەوییەکان گۆڕدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چوار کەشتی بە مەبەستی ناچارکردنیان بە گەمارۆ دەریاییەکان لە کار خراون.

سێنتکۆم راشیگەیاند، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکا بە بەردەوامی بەسەر ئاوەکانی ناوچەکەدا دەفڕن بۆ چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتۆندایە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی توندی دەریایی  بەسەر ئێراندا.

ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی نێوان واشنتۆن و تاران لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهاندا، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە و ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند کە وەزیری بەرگری، پیت هیگسێت، ئەمرۆ شەممە، پێشوازی لە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان دەکات لە کاتی گەڕانەوەیدا دوای کۆتاییهاتنی ئەرکێکی کورتخایەن کە 11 مانگی خایاندووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕی هەواڵیی (USNI)ی سەر بە پەیمانگای دەریایی ئەمریکا کۆی کردوونەتەوە، ئەو ماوەیەی کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە دەریادا بەسەری بردووە و 326 رۆژ بووە، بە درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا دادەنرێت، هەروەها سێیەم درێژترین ماوەیە لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە.

درێژترین ماوەکانی بڵاوەپێکردن لە مێژوودا لە ساڵی 1973 دابو کاتێک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Midway" بۆ ماوەی 332 رۆژ لە ئەرکدا بوو، هەروەها لە ساڵی 1965 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "USS Coral Sea" بۆ ماوەی 329 رۆژ لە ئەرکدا بوو، وکەشتیی "جێراڵد فۆرد" بۆ ماوەی 326 رۆژ لە دەریادا بوو.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" بەشداریی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا.

دواتر کەشتییەکە رووبەڕووی شەڕی زیاتر بووەوە، کاتێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت.

هەروەها لە کاتی جێگیربوونیدا لە دەریای سووردا، کەشتییەکە تووشی روداوێکی ئاگرکەوتنەوە بوو، ئەمەش وایکرد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەریای ناوەڕاستدا دووربکەوێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی وڵاتەکەی و هێزە چەکدارەکانی نێجیریای ڕاگەیاند، کە تێیدا سەرکەوتووبوون لە لەناوبردنی "ئەبو بیلال ئەلمینۆکی" کە بە پیاوی دووەمی رێکخراوی "داعش" لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی جۆریدا لە ئەفریقا.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە رێگەی تروس سۆشیاڵ ەوە رایگەیاند: بە فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمریکا بە هاوکاری هێزە چەکدارەکانی نێجیریا، ئۆپەراسیۆنێکی ورد و زۆر ئاڵۆزیان بە سەرکەوتووییەکی تەواوەوە ئەنجامدا، بۆ لەناوبردنی مەترسیدارترین تیرۆریستی چالاک لە جیهاندا».

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەلمینۆکی" پێی وابووە دەتوانێت لە ناو کیشوەری ئەفریقادا خۆی حەشار بدات و مانۆڕ بکات،  جەختیشی کردەوە کە هەواڵگری ئەمریکا سەرچاوەی وردی هەبووە کە چاودێری جووڵە و چالاکییەکانی کردووە.

 وتیشی: ئەلمینۆکی چیتر ناگەڕێتەوە بۆ تیرۆرکردنی گەلانی ئەفریقا یاخود هاوکاریکردن لە پلاندانان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکەنە ئامانج.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە کوشتنی پیاوی دووەمی رێکخراوەکە، بە "گورزێکی گەورە و کوشندە" بۆ سەر چالاکییە جیهانییەکانی داعش دادەنرێت و بە شێوەیەکی بەرچاو توانای سەرکردایەتی و جێبەجێکردنی هێزەکانیان لاواز دەکات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی نێجیریا کرد و ستایشی ئاستی هاوبەشی و هەماهەنگییە باڵاکەیانی کرد لە قۆناغەکانی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رێکارێکی ئەمنیی تونددا، بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری سیخوری،  دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا رێگەیان نەدا ئەو رۆژنامەنوس   و کەسانەی یاوەری دۆناڵد ترەمپ بوون، هیچ جۆرە دیاری و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە چینەوە ببەنە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە.

ئێمیلی گودین، پەیامنێری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، کە لەو گەشتەدا یاوەری دۆناڵد ترەمپی کردبوو رایگەیاند،  چەند خولەکێک پێش ئەوەی سەر فرۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ بکەون و  پەکین جێبهێڵن، فەرمانیان پێکراوە تەواوی ئەو دیارییانەی پێیان بەخشراوە، مۆبایل و لاپتۆپەکانیان و تەنانەت دەرزییەکانی سەر یەخەیان رادەستی تیمە ئەمنییەکان بکەن.

شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم هەنگاوە لە ترسی چاندنی ئامێری سیخوڕی و پرۆگرامی هاککردن بووە لەلایەن حکومەتی چینەوە، بۆیە بڕیاردراوە ئەو کەلوپەلانە بە فڕۆکەیەکی جیاواز بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمریکا بە مەبەستی پشکنین و دواتر رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لاری نییە لەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکانی بۆ ماوەی 20 سآڵ رابگرێت، بەڵام دەبێت بەڵین بدەن راستگۆ بن و پابەندی بەڵێنەکەیان بن.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ سوپای ئێرانیان لەناوبردووە، رەنگە پێویست بێت ئۆپراسیۆنی بچوک دژی ئێران ئەنجام بدەن و جەختیکردەوە  ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت و لە هیچ  رەوشێکدا دەرفەتی ئەوەی نابێت.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی چین ئەوەی خستەڕوو، سەرۆکی چین دڵنیای کردوەتەوە، پاڵپشتی رێگریکردن  لە ئێران دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەیەوێت گەروی هورمز بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ وتویەتی؛  سەبارەت بە تایوان هیچ بەڵێنێکی بە سەرۆکی چین نەداوە و داوای هیچ شتێکیشی لە سەرۆکی چین نەکردووە کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ماوەی چەند رۆژێکدا بڕیارێک دەدات سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی چین کە نەوتی ئێران دەکڕن.

ترەمپ: سەرۆکی چین پاڵپشتی ڕێگری لە ئێران دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەیەوێت گەرووی هورمز بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ چین مۆبایلە تایبەتەکەی بەکارنەهێناوە، وبە ئەگەرێکی زۆرەوە پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە واشنتنەوە بڵاودەکرانەوە.

ترەمپ و تەواوی ئەندامانی شاندی ئەمریکا رێنمایییان پێدرابوو کە مۆبایلە تایبەتەکانیان بەکارنەهێنن، ئەوەش بەهۆی مەترسیی هاککردن.
 کۆشکی سپی بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ لەناو خاکی چیندا دەست بۆ مۆبایلە تایبەتەکەی نەبردوە.

نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کردووە کە چالاکییەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی سەردانەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو.

جەختیشیکردەوە: کارمەندانی ئیدارەی ئەمریکا کە یاوەری سەرۆک بون، مۆبایل و ئەژماری ئیمێڵی کاتیان بەکاهێناوە.

رۆژنامەکە وتیشی: هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییە تایبەتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەناو "قەفەسی فارادای"دا (Faraday cages) هەڵگیراون، کە دەیانپارێزێت لە شەپۆلە کارۆموگناتیسییە دەرەکییەکان. ئەم ئامێرانە لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن"دا پارێزراوبون و تەنها دوای گەڕانەوەیان دەستیان پێیان دەگاتەوە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی نێوان 13بۆ 15ی ئایار سەردانی چینی کرد، و ئەمڕۆ هەینی دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ "شی جین بینگ" ئەنجامدا و دواتر خاکی چینی جێهێشت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا جەخت لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی 90٪ی توانا سەربازییەكانی ئێران دەكاتەوە و دەشڵێت: مەترسی ئێران بۆسەر ناوچەكە كەمبووەتەوە.

براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا 'سێنتكۆم' رایگەیاند: بەهۆی هێرشەكانی ماوەی رابردوو بۆسەر ئێران، توانا سەربازیی و بەرگرییەكانی ئەو وڵاتە بە رێژەی 90٪ كەمی كردووە و ئێستا مەترسی و هەڕەشەكانی ئێران بۆسەر وڵاتانی دراوسێی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بە تەواوی كەمبووەتەوە.


براد كوپەر جەختی لەوەشكردەوە، ئێستا ئێران ناتوانێت چەك و هاوكاری بگەیەنێتە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە وڵاتەكەی لە ناوچەكەدا و سەرجەم رێگەكانی گواستنەوەی ئەو هاوكاریی و چەكانە لەنێوانیاندا پچڕێنراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە هیچ هۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان لە ئێراندا نەماوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: ئەم ململانێیەی کە هەرگیز نەدەبوو روبدات، هیچ پاساوێکی بۆ بەردەوامبوون نییە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: گەییشتن بە چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە، لە بەرژەوەندی هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و تەواوی جیهاندایە.

و جەختیشی کردەوە: چین هەمیشە لەو بڕوایەدا بووە کە دیالۆگ و دانوستان باشترین رێگەن و چارەسەری سەربازی هەرگیز رێگەچارە نییە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە چین بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە دەنگەکاندا، پڕۆژەبڕیارێکی دیموکراتەکانی شکست پێهێنا کە ئامانجی رێگریکردن بوو لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بەبێ مۆڵەتی راشکاوانە لە کۆنگرێسەوە.

بەهۆی یەکسانبوونی دەنگەکان، پڕۆژەبڕیاری "دەسەڵاتەکانی جەنگ" نەیتوانی زۆرینە بەدەستبهێنێت و پەسەند نەکرا، ئەمەش سەرەڕای پاڵپشتی سێ ئەندامی کۆمارییەکان و دژایەتی تەنها یەک نوێنەری دیموکراتەکان کە ئەویش "جارید گۆڵدن" بوو لە ویلایەتی مەین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دیموکراتەکان داوا لە ترەمپ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس بۆ داواکردنی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز، جەختیش دەکەنەوە کە بەپێی دەستوور، تەنها پەرلەمان (کۆنگرێس) دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگی هەیە.

هەروەها دیموکراتەکان هۆشدارییان دا لە خلیسکانی وڵات بۆ ناو ململانێیەکی درێژخایەن بەبێ ستراتیژییەکی روون.

سەرچاوە: رۆیتەرز

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، واشنتۆن بە وردی چاودێری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە دەکات کە ساڵی رابردوو بۆردومانیان کرد و  لەبن زەویدا ماوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکی و چین ماوەی 50 ساڵە سیخۆری بەسەریەکەوە دەکەن. 

لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا  هۆشداری دا، کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی بە توندی سەرکوت دەکرێت و لە ژێر چاودێریدان.

دەۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛نۆ کامێرایان لە سێ بنکەی جیاوازدا جێگیر کردووە و 24 سەعات چاودێرییان دەکەن؛ ئەگەر ئێران هێز بۆ جوڵاندنی ئەو مادانە بنێرێت، تەنها بە چەند بۆمبێک کۆتاییان پێ دەهێنن.

سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە چینە، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرگرتنەوەی "تۆزی ئەتۆمی" ئێران کارێکی لەپێشینەیە و تەنها ئەمریکا و چین توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ئاڵۆزەیان هەیە.

هاوکات لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە، ترەمپ ئاشکرای کرد کە دەیانەوێت لە رێگەی تێکساس و ئالاسکاوە وزە بۆ چین دابین بکەن، تاوەکو پەکین چیتر تەنها پشت بە گەروی هورمز نەبەستێت.

سەبارەت بە کێشەی سیخوڕی نێوان وڵاتەکەی و چین، ترەمپ بە راشکاوی وتی؛ ئەوان سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە دەکەن و ئەمریکاش بەهەمانشێوە و ئەوە 50ساڵە بەردەوامە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن.

لە بەشێکی دیکەی چاوپیکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین پینگی سەرۆکی چینی کرد و وەک سەرکردەیەکی بەڕێز ناوی بردو رایگەیاند ئەگەر هۆلیود بەدوای ئەکتەرێکدا بگەڕێت کە رۆڵی سەرکردەی چینی بگێڕێت، کەسێکی وەک ئەویان بۆ نادۆزرێتەوە، چونکە "ئەو باڵا بەرزە، زۆر باڵابەرزە و بە تایبەتی بۆ ئەم وڵاتە، چونکە بەزۆری کەمێک خەڵکەکەی کورتترن."

ئاماژەی بەوەشکرد سەرۆکی چین ماوەیەکی زۆرە توانیویەتی سەرکردایەتی نزیکەی 1.5 ملیار کەس بکات و لە وڵاتەکەیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی رەوشی جیهان، سەرۆکی چین جەختی لەسەر پاراستنی سەقامگیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و پەرەپێدانی هاریکارییەکان کردەوە.

شی جین پینگ، سەرۆکی چین، لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولای تێدایە و پێویستە کار بۆ بەهێزترکردنیان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەردوو وڵات کار بکەن بۆ پاراستنی ئەو "بەرژەوەندییە گەورەیەی" کە لە پەیوەندییەکانیاندا دروست بووە و دوای ماندوبوونێکی زۆر ئەو بەرژەوەندییە بەدەستهاتووە.

شی جین پینگ ئەوەشی خستەڕوو، چین خوازیارە لە کەرتە جیاوازەکانی وەک بازرگانی، تەندروستی، گەشتیاری، کشتوکاڵ و جێبەجێکردنی یاسا، ئاستی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەرز بکاتەوە.

سەرۆکی چین جەختی کردەوە، بونیادنانی پەیوەندییەکی ستراتیژی و سەقامگیر لەگەڵ ئەمریکا، نەک تەنها بۆ هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیری جیهانیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

هاوکات لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ گەشبینی خۆی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین نیشان دا و رایگەیاند: "پێکەوە ئایندەیەکی ناوازە و گەورەیان دەبێت."

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی چین لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری رکابەرییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزە جیهانییە دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پنتاگۆن بڕیارێكی وڵاتەكەی بۆ رەوانەكردنی زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمریكا بۆ ئەوروپا راگرت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا "پنتاگۆن" بڕیارێكی وڵاتەكەی بۆ بڵاوەپێكردنی زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمریكی سەر بە لیوایەكی شەڕكەر لە ئەوروپادا راگرت، لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەو سەربازانە بۆ خولێكی نۆ مانگیی لە پۆڵەندا جێگیر بكرێن.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە، بڕیارەكە لە میانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان فەرماندەیی سەربازیی ئەمریكا لە ئەوروپا و یەكە پەیوەندیدارەكانی سوپا راگەیەنراوە و تا ئێستا هۆكاری سەرەكیی پشت راگرتنی بڕیارەكە ئاشكرا نەكراوە.

ئەوەش لەدوای چەند هەنگاوێكی تری دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ گەیشتە چین و بڕیارە لەگەڵ هاوتا چینییەكەی چەند بابەتێك تاوتوێ بكات لە ناویاندا دانوستانی ئێران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش سەردانەكە بەگرنگ وەسف دەكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێس وەزیری جەنگی وڵاتەكەی و ئیلۆن مەسك سەرۆكی كۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێسكس و لارا و ئیركی كوڕی گەیشتە بەیجینی پایتەختی چین و لەلایەن هان چیەنگ  جێگری سەرۆكی چینەوە پێشوازی لێكرا.

بڕیارە ترەمپ سبەینێ لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆكی چین كۆببێتەوە و پێناسی گومرگیی و سزاكانی سەر چین و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و دۆسێی  تایوان و دانوستانی ئێران لەگەڵ لێپرسراوانی چین  تاوتوێ بكات.

مایك جۆنسن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش رایگەیاند، ترەمپ سنورێكی دیاریكردووە كە مێژویەكی زۆری بەسەردا تێپەڕی بوو و زۆر گرنگ بوو، چیتر گەلی ئەمریكا لەلایەن نەیارەكان یان هاوپەیمانەكانەوە بەكارناهێنرێت و سەردانەكەشی بۆ چین سیاسەتێكی نوێ دادەڕێژێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...4344454647...641