پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، لە کەناری بۆندی لە سیدنی، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین کەناراوەکانی وڵاتەکەیە، روداوێکی ئەمنی لە ئارادایە و دوو کەسیان دەستگیرکردووە.

ئەمڕۆ، 14ـی 12ـی 2025، پۆلیسی ویلایەتی نیو ساوس وێڵز لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ناوچەکە نزیک نەکەونەوە و ئەوانەی لە نزیکن خۆیان بپارێزن.

میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردەوە کە دەنگی تەقە لە ناوچەکە بیستراوە و سەدان کەس لە کەناراوەکە هەڵاتوون. رۆژنامەی "سیدنی مۆرنینگ هێراڵد" ئاماژەی بەوەکردووە کە چەندینجار تەقە کراوە، بەڵام تا ئێستا رون نییە کەس بریندار بووە یان نا.

دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی پۆلیس بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون.

هاوکات وتەبێژێکی نوسینگەی ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاند، "ئاگاداری دۆخێکی ئەمنی لە بۆندیین. داوا لە خەڵک دەکەین لەو ناوچەیەدا پابەندی رێنماییەکانی پۆلیسی نیو ساوس وێڵز بن".

پۆلیس جەختیکردۆتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوامە و داوایان لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و هێڵەکانی پۆلیس نەبەزێنن.