سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، هەر سازشێک لەسەر خاک دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی گشتییەوە بێت، هاوکات وردەکاریی پلانێکی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کیێڤ رایگەیاند، هەر رێککەوتنێکی ئەگەری سەبارەت بە خاک، دەبێت لەڕێگەی دەنگدانی جەماوەرییەوە یەکلایی بکرێتەوە.
زێلێنسکی وتی: "پێموایە گەلی ئۆکراین وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، جا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بێت یان ریفراندۆم، دەبێت هەڵوێستەکە هی گەل بێت".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی نێوان روسیا و ئۆکراین چڕ کراونەتەوە.

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەکرد، کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دۆنێتسک لە خۆرهەڵات و دۆسیەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، دوو بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانن لەگەڵ ئەمریکا و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئۆکراین پەردەی لەسەر پلانێکی واشنتۆن لادا و رایگەیاند، ئەمریکا فشار دەکات بۆ دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابوریی ئازاد"ـی بێچەک لە نێوان هێزەکانی روسیا و ئۆکراین لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانی راگرتنی جەنگ.

زێلێنسکی وتی: "بەپێی پلانەکە هێزەکانی ئۆکراین لە خاکی دۆنێتسک دەکشێنەوە، لە بەرامبەردا هێزەکانی روسیاش نابێت بچنە ئەو ناوچانە و ناوی دەنێن ناوچەی ئابوریی ئازاد".

وتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، داوا لە روسیا ناکرێت لە دۆنێتسک یان پێگەکانی لە خێرسۆن و زاپۆریژیا لە باشوور بکشێتەوە، بەڵام دەبێت هێزەکانی لە ناوچەکانی خارکێڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک و سومی بکشێنێتەوە".