ترەمپ: لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین پێشکەوتنی زۆر بەدەستهاتووە
محەمەد رزگار
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لەبارەی دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بەجەنگی روسیا و ئۆکراین پێشكەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کاری زۆریان ئەنجامداوە وەک راگرتنی هەشت جەنگ لەماوەیەکی کەمدا، کە پێشتر کەس ئەو کارەی ئەنجامنەداوە، دەشڵێت؛ پێی وابوو راگرتنی جەنگی روسیا و ئۆکراین ئاسانتر دەبێت بە بەراورد بە هەر جەنگێکی دیکە.
وتیشی، پێشکەوتنی زۆر لە دانوستانەکان لەبارەی راگرتنی شەڕ لە ئۆکراین بەدەستهاتووە و پێشنیازی ناوچەی ئابوری ئازاد لە دۆنباس جێبەجێدەکرێت، بەڵام ترەمپ رەتیکردووەتەوە وردەکارییەکانی ئاشکرا بکات.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، رەوشی دۆنباس زۆر ئاڵۆزە، بەڵام ئەوان سەرکەوتوو دەبن و ئەوەی ئەوان دەیانەوێت راگرتنی کوشتنی 25 هەزار کەسە لە مانگێکدا.
لەلای خۆشیەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە تیمی دانوستانکاری ترەمپ ناڕوون بوون لە دیاریکردنی ئەوەی کێ کۆنتڕۆڵی ئاسایش دەکات بەپێی پێشنیازی ترەمپ بۆ ناوچەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوانی ئەمریکی بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یان راگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ، لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین و سەرکردەکانی ئەوروپا کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی خێراکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر پلانی ئاشتیی ئەمریکیی پێشنیازکراو لە ئۆکراین.



