لە روداوێکی تەقەکردندا لە زانکۆیەک لە ئەمریکا 2 کەس کوژران و 8ی دیکە برینداربون
راهۆز
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاند، رۆژی شەممە، چەکدارێک کە جلی رەشی لەبەردابوو، لە زانکۆی براون لە ویلایەتی رۆد ئایلەندی ئەمریکا دەستڕێژی گوللەی کرد و بەهۆیەوە لانیکەم 2 کەس کوژران و 8 کەسی دیکە برینداربون. روداوەکە لەکاتێکدا بوو کە خوێندکاران سەرقاڵی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بوون لە زانکۆکەدا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، گومانلێکراوەکە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە و زیاتر لە سێ سەعات دوای روداوەکە، هێزەکانی پۆلیس هێشتا سەرقاڵی پشکنینی باڵەخانەکانی زانکۆکە و دەوروبەری بوون.
تیمۆسی ئۆهارا، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس رایگەیاند، گومانلێکراوەکە پیاوێکە جلی رەشی لەبەردابووە و دواجار لەکاتی چوونەدەرەوەی لە باڵەخانەی ئەندازیاری بینراوە کە هێرشەکەی تێدا رویداوە. لەلایەکی دیکەوە، برێت سمایلی، سەرۆکی شارەوانیی پرۆڤیدنس رایگەیاند، رێکاری قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا راگەیەندراوە و داوای لە دانیشتوانی نزیک زانکۆکە کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو رێکارەکە هەڵدەگیرێت.
سەرۆکی شارەوانی وتیشی، هەموو توانایەکیان خستۆتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو 8 کەسەی برینداربوون لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و دۆخیان سەقامگیرە، بەڵام رەتی کردەوە زانیاری لەبارەی ئەوەی قوربانییەکان خوێندکارن یان نا، ئاشکرا بکات.
بەپێی ماڵپەڕە ئەمریکییەکان؛ تەقەکردنەکەی ئەمڕۆ شەممە لە باڵەخانەی "باروس و هۆلی" رویدا کە کۆلێژی ئەندازیاری و بەشی فیزیای تێدایە. لەو کاتەدا تاقیکردنەوەی دیزاینی ئەندازیاری بەڕێوەدەچوو.
خوێندکارێک کە لە بەشە ناوخۆییەکەی خۆی سەرقاڵی پرۆژەیەک بووە، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە، "کاتێک گوێم لە دەنگی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بوو و نامەیەکم پێگەیشت سەبارەت بە تەقەکەرێک، هەموو لەشم کەوتە لەرزین و بەزۆر خۆم کۆنتڕۆڵکرد".
خوێندکارێکی دیکەش کە کەمێک لە شوێنی روداوەکە دوور بووە، رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە روداوەکە، خوێندکاران لە تاقیگەیەکی نزیک باڵەخانەکە خۆیان لەژێر مێزەکاندا شاردۆتەوە و گڵۆپەکانیان کوژاندۆتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگاداری روداوی تەقەکردنەکە کراوەتەوە.لە لێدوانێکی کورتدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ وتی، "ئەوەی لە ئێستادا دەتوانین بیکەین تەنها نزا کردنە بۆ قوربانییەکان".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاند، "ئاگادارکراومەتەوە لە تەقەکردنەکە کە لە زانکۆی براون لە رۆد ئایلەند رویداوە. ئێف بی ئای لە شوێنی روداوەکەیە". سەرەتا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بە پشتبەستن بە پۆلیسی زانکۆکە، ئەو قسەیەی راستکردەوە و رایگەیاند کە گومانلێکراوەکە دەستگیر نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "هەواڵێکی ناخۆش لە رۆد ئایلەند. هەموومان چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئێف بی ئای ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک. هەموومان بیر و نزامان لەلای قوربانییەکانە".



