ناسا دوای زیاتر لە دەیەیەک کارکردن پەیوەندی بە کەشتیی "ماڤن"ـەوە لە دەوری مەریخ لەدەستدا
راهۆز
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئاژانسی ناسا رایگەیاند، دوای زیاتر لە دەیەیەک لە کارکردن، پەیوەندییان بە کەشتییەکی ئاسمانییەوە پچڕاوە کە بە دەوری هەسارەی مەریخدا دەسوڕێتەوە و چارەنووسی ئەرکەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ـی بەریتانی، ناسا لە 6ی کانونی یەکەمەوە هیچ ئاماژەیەکی لە کەشتیی "ماڤن"ـەوە پێنەگەیشتووە. بەپێی داتاکانی ئاژانسەکە، پێش ئەوەی کەشتییەکە لە بەشێکی خولگە ئاساییەکەیدا بچێتە پشت هەسارە سورەکە، هەموو سیستەمەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی کاریان کردووە، بەڵام دواتر سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ وێستگە زەمینییەکان پچڕاوە.
تا ئێستا زاناکانی ناسا هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکە نازانن و روون نییە ئایا دەتوانن دوبارە کەشتییەکە بخەنەوەکار یان نا. ئەگەر پەیوەندییەکە بۆ هەمیشە بپچڕێت، ئەوا کۆتایی بە زیاتر لە 10 ساڵ لە کاری زانستیی گرنگ لە دەوری هەسارە سورەکە دێت.
لە راگەیەندراوێکدا ناسا ئاشکرایکردووە، تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کێشەکە و هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت بڵاویدەکەنەوە.
گەشتی "ماڤن" ساڵی 2013 لە زەوییەوە دەستیپێکرد و لە 21ی کانونی یەکەمی 2014 گەیشتە خولگەی مەریخ. کێشی ئەم کەشتییە 800 کیلۆگرامە و بە هەشت ئامێری هەستیار پۆشتە کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەرکەکە کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر بەرگەهەوای بەشی سەرەوەی مەریخ و کارلێککردنی لەگەڵ خۆر، بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن هەسارەکە بەرگەهەواکەی لەدەستداوە.
زاناکان باوەڕیان وایە مەریخ سەردەمانێک جیهانێکی گەرم و شێدار بووە و دەریاچە و زەریای هاوشێوەی زەوی تێدابووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و لەدەستدانی بەرگەهەواکەی، بۆتە بیابانێکی وشک. کەشتییەکە لە ماوەی رابردوودا هاوکاری زاناکان بووە لە تێگەیشتن لە رێگەکانی لەدەستدانی ئاو لە مەریخ و کێشانی نەخشەی رێڕەوی با و هەورەکان.



