کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرەی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە، رەوانەی بەندەرێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێت، وتەبێژەکەی ترەمپیش دەڵێت: "دەستەوەستان نابین لە بەرانبەر گواستنەوەی نەوت لە بازاڕی رەش".

لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سزاکان و رێگە نادەن ئەو کەشتییانەی سزایان لەسەرە بە ئازادی لە دەریاکاندا هاتوچۆ بکەن و پارە بۆ "تیرۆری پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان" پەیدا بکەن.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە دەستپێکی هەڵمەتێکی فراوانترە دژی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، وتەبێژەکەی کۆشکی سپی وەڵامێکی روونی نەدایەوە و رەتیکردەوە باس لە پلانە سەربازی و ئەمنییەکانی داهاتوو بکات.

چاودێران ئەم بێدەنگییە بە "ناڕوونیی ستراتیژی" وەسف دەکەن کە ترەمپ پەیڕەوی دەکات و دەیەوێت هەنگاوەکانی داهاتووی بە نهێنی بمێننەوە و جیهان لە چاوەڕوانیدا بێڵێتەوە، هاوشێوەی ئەو سیاستەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرانبەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گرتیەبەر.

لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا جموجۆڵە سەربازییەکان کاریگەرییان لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبێت، لیڤیت رایگەیاند، ترەمپ لە ساڵی رابردوودا سەلماندوویەتی کە شایستەی خەڵاتەکەیە و "نزیکەی 9 ململانێی جیهانیی چارەسەر کردووە".