تەقەکردنەکەی ئوسترالیا.. ژمارەی کوژراوان بۆ 10 کەس بەرزبووەوە
راهۆز
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی روداوی تەقەکردنەکەی کەناری بۆندی بۆ 10 کەس بەرزبووەتەوە و یەکێک لە کوژراوەکانیش یەکێک لە تەقەکەرەکانە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی روداوەکە بڵاوکراونەتەوە. لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییە پشتڕاستکراوەکاندا، دوو چەکدار دەردەکەون کە لەسەر پردێکی بچوکەوە تەقە دەکەن کە نزیکە لە پارکێکی یاریی منداڵانەوە.
لە گرتەیەکی دیکەدا، چەند پۆلیسێک لەسەر هەمان پرد دەبینرێن و یەکێکیان هەوڵی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ پیاوێک دەدات کە لەسەر زەوی کەوتووە و هیچ جوڵەیەکی نییە، لەکاتێکدا کەسێک هاواردەکات "مردووە، مردووە." پاشماوەی خوێن و زیاتر لە 8 قاوانی فیشەک لە شوێنەکەدا بەدیکراون. تا ئێستا رون نییە ئەو کەسانەی لەسەر زەوی کەوتوون هەمان ئەو چەکدارانەن کە لە گرتەی یەکەمدا دەرکەوتوون.
گرتە ڤیدیۆییەکانی دیکە نیشانی دەدەن کە سەدان کەس لە کەناراوەکە بە هاوار و ترسەوە رادەکەن لەکاتێکدا دەنگی تەقە بەردەوامە.
پەیامنێرێک لە کەناری بۆندی رایگەیاند، قسەی لەگەڵ شایەتحاڵێک کردووە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو چەکدارەکەی تۆمارکردووە. شایەتحاڵەکە وتویەتی، "سەرەتا وامزانی یاریی ئاگرینە، بەڵام دواتر پێیان وتم بچمە ژورەوە چونکە مەترسی هەیە."
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە چەکدارەکانی وتووە چەکەکانیان دابنێن، بەڵام ئەوان گوێیان لێ نەگرتووە.



