"کارین جان پییر" سکرتێری کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، گەشتەکەی "بایدن" لە ١٣ی تەمووزەوە بە سەردانکردنی ئیسرائیل دەستپێدەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئەمنیەتی ئیسرائیل و بابەتە ھاوبەشەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکەن، بڕیاریشە سەردانی کەرتی خۆرئاوا بکات و لەگەڵ لێپرسراوانی فەڵەستین پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان دووپات دەکاتەوە.  

بە پێی راگەیەندراوی دیوانی پادشایەتی سعودیەش، رۆژانی ١٥ و ١٦ی مانگی تەمووزی داھاتوو بایدن سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ شا "سەلمان بن عەبدولعەزیز" و شازادە "محەمەد بن سەلمان" و جێنشینی سعودیە و لێپرسراوانی تری وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی ململانێکانی ناوچەکە و جیھان باس دەکەن. 

ھەروەھا بەشداری لوتکەیەکی ھاوبەش دەکات کە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداوی عەرەبی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.