ئاژانسی فرانس ٢٤ بڵاویکردەوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ فرۆکەیەک کە کۆچبەرانی ھەڵگرتبوو بەریتانیا بەجێبھێڵێت و لە کیگالی بنیشێتەوە، بەڵام گەشتەکە ھەڵوەشایەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دادوەرەکانی بەریتانیا تانەیان لە دیپۆرتکردنەوەکان ڕەتکردەوە.

بڕیار بوو ٣١ کۆچبەر دیپۆرت بکرێنەوە، کە لەنێویاندا پەنابەری عێراقی، ئێرانی، ئەلبانی و سووری ھەبوون.

یەکێک لە لایەنەکانی سکاڵاکار کە رێکخراوێکی ناحکومییە بە ناوی " Care٤Calai" لە تویتێکدا رایگەیاند، تا ئێستا تکتی گەشتکردنی ٢٣ کۆچبەر ھەڵوەشاوەتەوە

مارک سێروۆتکا، سەرۆکی یەکێتی خزمەتگوزاری و بازرگانی و گشتی(PCS) رایگەیاند، دەبێت وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چاوەڕێی دانیشتنی مانگی تەمموز بکات ئەگەر "ھیچ ڕێزێکی ھەبووبێت، نەک تەنھا بۆ ئەو کەسە بێھیوایانەی کە دێنە ئەم وڵاتە، بەڵکو بۆ ئەو کرێکارانەی کە لەسەر کارن".

ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندەران لە دەرەوەی دادگاکانی شاھانەی دادوەری و فەرمانگەی ناوخۆ گردبوونەوە.

لە جنێڤ، فیلیپۆ گراندی، سەرۆکی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتی حکومەتی بەریتانیای بە "ھەڵە" ناوبرد و وتی نابێت "بەرپرسیارێتی خۆی ھەناردەی وڵاتێکی دیکە بکات".