لە کۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ٢٢٣ ئەندام لە بەرژەوەندی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگیان داوە، کە بە پێی ئەو پڕۆژە بڕیارە، لەمەودوا ڕێکارەکانی چاودێریکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک توندتر دەکرێن و ئەو تەمەنەش کە ڕێگەی پێدەدرێت چەک بکڕێت لە ١٨ ساڵیەوە بۆ ٢١ ساڵی بەرز دەکرێتەوە. لە ئێستاشدا ھەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی پڕۆژە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی پیرانیش پەسەند بکرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنھا لەمساڵدا لانی کەم ٢٤٠ ڕووداوی تەقەکردن لەو وڵاتە تۆمارکراوە و قوربانیان لێکەوتووەتەوە.
ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوو ساڵ لەمەوبەر و لەکاتی روبەروبونەوەیاندا ، سوپای سوریا زیانی گەورەی بە سوپای تورکیا گەیاندوە ، لە ئێستاشدا ئامادەن روبەروی داگیرکارییەکانی تورکیا ببنەوە .
ئەوە لەکاتێکدایە چەند ھەفتەیەکە تورکیا ھەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دەکات لە باکورو خۆرھەڵاتی سوریا ، ھێزەکانی سوریای دیموکراتیش ئامادەییان دەربریوە بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای سوریا و حکومەتی دیمەشق دژی ھەرەشەکانی تورکیا .
تیدرۆس ئەدھانۆم بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە دەرەوەی وڵاتانی ئەفریقا راستەقینەیە و نابێت ئەو مەترسیە پشتگوێ بخرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە تا ئێستا زیاتر لە ھەزار حاڵەتی توشبون بە نەخۆشییەکە لە ٢٩ وڵاتی دەرەوەی ئەفریقا تۆمار کراوە بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لەو وڵاتانە تۆمار نەکراوە .
بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی راشیگەیاندووە، نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون زیاتر مەترسی لەسەر منداڵان و ژنانی دوو گیان دروست دەکات، بۆیە بەپێویستی دەزانێت چاودێرییەکی زیاتری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بکرێت و رێکاری پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی بگیرێتەبەر .
بەشار ئەسەد لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی، باسی لە رەوشی وڵاتەکەی و پرسی کورد و چەندین بابەتی تر کرد، لەبارەی کوردەوە رایگەیاند، پرسی کورد پرسێکی جیاوازە و کورد نەتەوەیەکە بە درێژایی مێژوو لە سوریا ھەبوون.
لە چاوپێكەوتنەکەیدا، بەشار ئسەد دەشڵێت، بەشێکی زۆریان کەسانی نیشتمانین، بەڵام بەشێکی تریان کار بۆ کەسانی تر بەتایبەت ئەمریکیەکان دەکەن.
بەشار ئەسەد لەبارەی لەشکرکێشی تورکیا رایگەیاند، بەرەنگاری ھەر لەشکرکێشیەکی تورکیا دەبنەوە، وتیشی، باسکردنی بابەتی فرەنەتەوەیی لە چوارچێوەی کانتۆنەکان پێشەکیەکە بۆ دابەشکردن و ھەندێک ھێز کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادان، کار دژی یەکگرتویی کۆمەڵگەی سوریا دەکەن.
( رەجەب تەیب ئەردۆغان) لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەیەکی راوێژکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە شاری ئیزمیر ، رایگەیاند/ بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوە دەچێت، دەبێتە کاندیدی ھاوپەیمانی کۆمار، داواشی لە (کەمال کڵچدار ئۆغڵو) سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) کرد ، ئەویش خۆی بۆ ئەو ھەڵبژاردنەکە کاندید بکات.
(ئەردۆغان) ھێرشی توندی کردە سەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن ھیچ ستراتیژێکی ناوخۆیی و دەرەکی نییە کە بگونجێت بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات و روبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانەی دەوروبەری تورکیا.
وەزیری دەرەوەی روسیا، بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی دیبلۆماسی و سەربازیی لە ئەنقەرەیە و لەمڕۆوە دیدار و کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات، سەرەتا چاوی بە مەولوود چاووش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەوێت و گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەکانی ئۆکراین و روسیا بۆ راوەستاندنی جەنگ و پرسی دانەوێڵە و بەرھەمە کشتوکاڵییەکان و ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان دەکەن، کە تورکیا چاوی لە گڵۆپی سەوزی مۆسکۆیە بۆ دەستپێکردنی ئەو لەشکرکێشیە.
لە لایەکی ترەوە وەزیرانی بەرگریی روسیا و تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ھەناردەکردنی گەنم لە ئۆکراین و دواین پێشھاتەکانی رەوشی ئۆکراین و سوریایان تاوتوێ کرد و جەختیان لە ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکانیان لەبارەی ئەو دوو وڵاتە کرد.
سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی روسیا رایگەیاند، تەنھا لە پێنج رۆژدا ١٢٦ سەربازی ئۆکراینی خۆیان رادەست کردووە و ئێستا شەش ھەزار و ٤٨٩ دیلی ئۆکراینی لە دەستی ھێزەکانی روسیادایە، کە نزیکەی دوو ھەزار کەسیان لە کارگەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریۆپۆل خۆیان رادەستکرد.
ئاژانسی ھەواڵیی تاسی روسی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، زیاتر لە ھەزار سەربازی ئۆکراینی، کە لە شاری ماریۆپۆل خۆیان رادەستی ھێزەکانی روسیا کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی مۆسکۆ دەکرێن و لە ماوەی داھاتووشدا بەشێکی تر لە دیلە ئۆکراینییەکان بۆ ھەمان مەبەست بۆ روسیا دەگوازرێنەوە.
"یوسف حەمود" وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا کە لە تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت رایگەیاندووە، روسیا لە پێگەکانی لە نزیک تەلرەفعەت و مەنبەج و دەوروبەری باشوری کۆبانێ و عەین عیسا بوونی سەربازی پتەوتر دەکات، ھەموو ئەو ناوچانەش ٤٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیاوە دوورن.
ئەو وتەبێژە دەشڵێت، لەو کاتەوەی تورکیا باسی لە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە بۆ سەر باکوری سوریا، حکومەتی سوریا و میلیشیا ھاوپەیمانەکانی ھاوکاری رەوانەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەکەن، تێبینی فڕۆکە و ھەلیکۆپتەری روسیشیان کردووە لە بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی لە نزیک تەلرەفعەت.
ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورکیاش رایگەیاندبوو، روسیا ھێزی لە باکوری سوریا بڵاوکردۆتەوە و گەڕانی ئاسمانیش بەسەر تەلرەفعەتەوە ئەنجام دەدات و سیستمی بەرگری ئاسمانیشی لە "قامیشلۆ" داناوە.
پێشتریش ئەنجومەنی سەربازی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندبوو، ئامادەن ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر ئۆپراسیۆنێکی نوێی تورکیا.
تەلەڤیزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاند، کە بەرپرسانی ئێران ھەستاون بە لابردنی دوو کامێرای چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەوەش وەک پارچە کردارێک دژی ئەو لێدوانانەی کە ئاژانسەکە لە دژی تاران دەیدات.
ھەروەھا بەھرۆز کەمال وەندی وتەبێژی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند ، ئێران ناتوانێت ھاوکاری پشکنەرەکانی ئاژانسی وزەی تۆم بکات چونکە وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی نالۆژیک ھەڵسوکەوت دەکات و لێدوانەکانیان نا بەرپرسانەیە ھیچ ھەماھەنگییەکی لەگەڵ ئێراندا نیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ھەریەکە لە ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا رەخنەیان لە ئێران گرت بەھۆی ئەوەی وەڵامی قایلکەری سەبارت بە بونی یۆرانیۆم بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەداوە
ئەرەستو تورکمان مەنش سکرتێری ئەنجومەنی ھەماھەنگی بەرەنگاربونەوەی مادە ھۆشبەرەکان لە پارێزگای بوشەھر رایگەیاند، لە ٢١ی ٣ی ئەمساڵەوە، نزیکەی سێ تۆن ماددەی ھۆشبەر لە ھەموو جۆرەکان لە سنورە وشکانی و ئاوییەکانی بوشەھر دەستی بەسەرداگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لەو ماوەیەدا ٥ باندی گەورەی بازرگانی بە ماددە ھۆشبەرەکان لەناوچوون و ٦٦٠ کەسیش بە تۆمەتی بەکارھێنانی ئەو ماددانە دەستگیرکراون.
مێرکڵ لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پشتیوانی بەھێزکردن و بەپەرچدانەوەی سەربازیی دەکات لە دژی ڕووسیا، چونکە وەڵامدانەوەی سەربازی تاکە زمانە کە سەرۆکی ڕووسیا لێی تێدەگات.
ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بە توندی ئیدانەی ھێرشەکانی ڕووسیای کرد بۆ سەر ئۆکراین و لەو بارەیەوە وتی "ھێرشەکە زۆر دڕەندانە و بێ بەھانەیە و بە ھیچ شێوەیەک یاسای نێودەوڵەتی تیا ڕەچاو نەکراوە".
باسی لەوەشکرد، ھێرشەکە ھەڵەیەکی گەورە و ستراتیژی ڕووسیایە و بە دووریشی زانی لەم دۆخەکە ھیچ ناوبژیوانییەک بکات لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرایندا.
ھەفتەی ڕابردووش مێرکڵ پشتیوانی ھەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد، بۆ ڕاگرتنی ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین.
ئاژانسی ھەواڵی ڕەسمی سوریا "سانا" بڵاویکردەوە، ئیسڕائیل بە مووشەک چەند خاڵێکی لە ڕیفی باشوری دیمەشق کردووەتە ئامانج و لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و زۆرینەی مووشەکەکان کەوتونەتە خوارەوە.
ئاژانسی سانا ڕاشیگەیاند، ئیسڕائیل ھێرشەکەی لە "جولان"ەوە ئەنجامداوە و زیانەکانیش تەنھا ماددی بوون.
وەزارەتی بەرگری سوریاش ڕایگەیاندبوو، ھێرشە مووشەکییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خاکی سوریا زیادیان کردووە و ماوەیەک لەمەوبەریش لە ھێرشێکی مووشەکی ئەو وڵاتەدا بۆ سەر باشوری "دیمەشق"ی پایتەخت، ٣ کەس کوژران.
"کارین جان پییر" وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گەشتەکەی "بایدن" بۆ سعودیە و ئیسڕائیل لە پێناو بەرژەوەندی گەلی ئەمریکایە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
وتیشی، نزیکەی ٨٠ ساڵە سعودیە ھاوبەشێکی ستراتیژیی ئەمریکایە و پشتیوانی "بایدن" دەکەن بۆ ئەو سەردانە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ "محەمەد بن سەلمان" جێنشینی ئەو وڵاتە، کە بڕیارە لە مانگی داھاتوو ئەنجامی بدات.
لێپرسراوانی ئەمریکا دەڵێن، گەرموگوڕی لە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمریکا دروست بووەتەوە و باشکردنی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەش لە ئەولەویاتی "بایدن"ە.
بەڵام ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکی ڕەخنەیان لە سەردانەکەی "بایدن" ھەیە و دەڵێن لە کاتێکدایە کە ھەواڵگری ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "محەمەد بن سەلمان" فەرمانی دەرکردووە بە کوشتنی "جەمال خاشقچی" ڕۆژنامەنووسی سعودی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەکەی سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی کەرتی دانەویڵە بە مەبەستە و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیاشی تۆمەتبارکرد بە ئیستفزازکردنیانیان، لە پێناو لابردنی ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی بەھۆی ھێرشکردنە سەر ئۆکراین، بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون.
وتیشی، ڕووسیا دەستیکردووە بە پارێزگاریکردن لە ھەناردەی خۆراک دوای ئەو گەمارۆیانەی خرانە سەر دەریای ڕەش، بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی بەرھەمی ئۆکراین بۆ جیھان.
کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەند ھۆکارێک ھەڕەشە لەسەر کەرتی کارەبا دروست دەکەن و ئەگەر ھەیە ئەمریکا نەتوانێت بڕی پێویست کارەبا بەرھەمبھێنێت، ھەر بۆیە بایدن بڕیاریداوە باری نائاسایی لە ئەمریکا ڕابگەیەنتێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرفتەکان ببنەوە.
بایدن بڕیاریشیداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ باج لەسەر ھاوردەکردنی ھەندێک پارچەی کارەبایی و یەکەکانی وزەی خۆر ھەڵبگرێت کە لە کەمبۆدیا و مالیزیا و تایلاند و ڤێتنامەوە ھاوردەی ئەمریکا دەکرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر ھۆشداری دراوەتە دانیشتوانی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکا لە ئەگەری پچرانی کارەبا لەم ھاوینەدا، ئەوەش بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵیەوە.