بایدن سەبارەت بە ئاشکراکردنی پوختەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ھێرشەکەی ڕۆژی شەشی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ی سەر باڵەخانەی کاپیتەڵ ڕایگەیاند، ھێرشی لایەنگرانی دۆناڵد تڕەمپ بۆ سەر بارەگای کۆنگرێس لوتکەی ھەوڵێکی کودەتا بوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەمریکییەکان تێبگەن لە ڕاستی ئەوەی ڕوویدا و تێبگەن کە ئەو ھێزانەی لە پشت ھێرشەکەوە بوون تا ئەمڕۆش چالاکن.
بە وتەی بایدن دیموکراسییان لە پارسەنگدایە و پێویستە پارێزگاری لێبکەن و دەکرێت دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش ھاوپەیمانی بکەن بۆ ڕێگری لە ھەر کەسێک بیەوێت دیموکراسی ئەمریکا بکوژێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد ھاوتا سورییەکەی، ئیدانەی ھێرشەکانی سوپای ئیسڕائیلی بۆ سەر خاکی سوریا کرد و ڕایگەیاند، ئەو ھێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی سوریا و بنەما مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. جەختیشیکردەوە، ئێران ھەمیشە پشتیوانی گەل و حکومەتی سوریا بووە و بەردەوامیش دەبێت.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ڕایگەیاند، ھێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خاکی سوریا مەترسی بۆ گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکەن و مایەی قبوڵکردن نییە، داواشی لە ئیسڕائیل کرد بە زووترین کات کۆتایی بەو ھێرشانە بھێنێت.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا پێگەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەی حەما نزیک سنورەکانی سوریا و عێراق و ئوردن بۆردوومان کردووە.
بە بێ ئاماژەپێدان بە زیانەکانی ئەو ھێرشە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سوپای ڕووسیا ١٦٦ ھێرشی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە ناو خاکی سوریا ئەنجامداوە.
ڕۆبێرت مالی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ چوی جۆنگ کون جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باشور ئەنجامداوە و سەبارەت بە ڕەوشی ئێران گفتوگۆیەکی چڕیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیان لە سەر پرسی ئێران، پابەندبوونیان بە بەڵێنەکان بۆ ڕێکخستنی ھەوڵەکانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان، دووپاتکردووەتەوە.
بەھۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، نزیکەی ٧ ملیار دۆلار لە داھاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە کۆریای باشور بلۆک کراوە و بە پێی ھەندێک لە ڕاپۆرتەکانیش، ئازادکردنی ئەو بڕە پارەیە پێویستی بە مۆڵەتی ئەمریکا ھەیە.
وەزیرانی دەرەوە و کشتوکاڵ و پەیوەندییەکان و گواستنەوە و گەشتیاری ڤەنزویڵا یاوەری وەفدەکەی مادۆرۆ بۆ تاران دەکەن و لە سەردانەکەدا بەڵگەنامەیەکی ھاوکاریی ٢٠ ساڵە لە نێوان ئێران و ڤەنزوێلا ئیمزا دەکرێت.
ئاژانسی ھەواڵی ڕەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی کیم جۆنگ ئون، چۆی سۆن ھۆی جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە ھەڵبژێردرا. بە گوێرەی بڕیارەکەش ئەو ژنە لە جێگەی ڕی سۆن وەزیری پێشووی دەرەوە دەستبەکاربووە.
چۆی سۆن ھۆی دیپلۆماتکارێکی دیاری کۆریای باکورە و شارەزایی تەواوی ھەیە لە زمانی ئینگلیزیدا، لە کاتی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، دواتریش کۆبوونەوەی ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکور، ڕاوێژکاری نزیکی کیم جۆنگ ئون بووە.
گروپی پارێزگارکارانی کۆمارییەکان لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا، پێشنیازێکیان پێشکەش کردووە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، بە مەبەستی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمەکە داراییانەی کە واشنتۆن تەرخانی دەکات بۆ عێراق و لوبنان و نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێشنیازەکەی کۆمارییەکانی ناو کۆنگرێس ئەگەر لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا پەسەند بکرێت، ھەموو ئەو کۆمەکە داراییانە ڕادەگیرێت، کە ئیدارەی جۆو بایدن پێشکەشی ھێزە چەکدارەکانی لوبنان و ھێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقی دەکات.
ھۆکاری پشت ئەو ھەوڵانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆمارییەکان پێیان وایە بەشێک لەو کۆمەکە داراییانە دەگاتە دەستی ئەو گروپە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێرانەوە، لە لوبنان و عێراق و، خراونەتە ناو ڕیزی ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی ئەو وڵاتانەوە.
ڕیاز دەڕاڕ ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) ڕەتیکردەوە ھیچ دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ھەسەدە و حکومەتی دیمەشق ئەنجامدرا بێت و وتی، لە چوارچێوەی ھاوکاری سەربازیی، ھەماھەنگییان لەگەڵ حکومەتی سوریا ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێکی دەرەکی.
وتیشی، ھەسەدە ئامادەیە لەگەڵ سوپای سوریا لە دژی ھەر دەستدرێژییەکی دەرەکی بۆ سەر سوریا شەڕ بکات.
ڕیاز دەڕاڕ ئاماژە بەوەشکرد، داواکاری سەرەکی ئەوان لە دیمەشق پشتیوانیکردنی ھیزەکانی (ھەسەدە)یە لە ڕێگەی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە کاتی ھەر ھێرشێکی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لەچوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، ٤٤٩ کۆچبەری ئەفغانی کە بەشێوەی نایاسایی لە تورکیا بوون، بە سێ کاروان لە پارێزگای ئاگرییەوە رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە.
فەرمانگەی کۆچی تورکیاش رایگەیاندوە، بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ئەمساڵدا ٣٥ ھەزار و ٤٢٣ کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، کە ١٩ ھەزار و ٢٩٠ کۆچبەری ئەفغانی و ٥ ھەزار و ٦٢٣ پاکستانی و ١٠ ھەزار و ٥٠١ کۆچبەری تریش لە وڵاتانی ترەوە گەیشتونەتە تورکیا، بەراورد بە ساڵی رابردووش رێژەی کۆچی نایاسایی بەرێژەی ٨٧% زیادیکردووە.
ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی ئەفغانی لە تورکیا رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە
وتیشی، مۆسکۆ خۆی بۆ ئەگەری یاسایی ئامادە دەکات، بۆ وەڵامدانەوەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر پارە بلۆککراوەکان و رێگریکردن بە مامەڵەکردن بە رۆبڵی روسی لەلایەن ھاوتاکانی لە یەکێتی ئەوروپاوە.
(ئەمۆس ھۆچشتاین) نوێنەری ئاسایشی وزەی ئەمریکاش رایگەیاند، بەراورد بە دوو مانگ پێش جەنگی ئۆکراین، مۆسکۆ پارەی زیاتری لە فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی دەستدەکەوێت.
لەم ھەڵبژاردنەدا ئیمانوێل ماکرۆن و ھاوپەیمانەکانی ململانێیەکی توند، لەگەڵ ھاوپەیمانیی پارتە چەپەکان بە سەرۆکایەتیی جان میلۆنشۆ دەکەن و ھەردوولایان ھەوڵی بەدەستھێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەدەن، کە ٥٧٧ کورسیە.
بە پێی راپرسییەکان، پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ٢٧% و ھاوپەیمانیی چەپەکان ٢٦%ی دەنگەکان بەدەستدەھێنن و پارتەکەی مارین لوپێن، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەڕەنساش، ھەوڵی بەدەستھێنانی ٢٠%ی دەنگەکان دەدات.
زیلینسکی رایگەیاند، ھێزەکانیان لە ناوچەی زابوریجیا لە باشوری خۆرھەڵاتی ئۆکراین سەرکەوتوو بوون لە روبەڕوبوونەوەی ھێزەکانی روسیا، وتیشی لە ناوچەی خارکییڤ لە خۆرھەڵاتی کیێڤ لە پێشڕەوییدان و بەرەو کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین ناوچە ھەنگاو دەنێن.
ھاوکات میخائیلۆ بودولاک گەورە یاریدەدەری زیلینسکی رایگەیاند، رۆژانە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ سەربازی ئۆکراینی لە ھێڵەکانی روبەڕوبوونەوە دەکوژرێن و نزیکەی ٥٠٠ی تریش بریندار دەبن، وتیشی ئۆکراین پێویستی بە سەدان تۆپھاوێژ ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت روبەڕووی سوپای روسیا ببێتەوە لە ناوچەی "دۆنباس".
پوتن لە بەردەم ژمارەیەک لە بازرگانان رایگەیاند، گەمارۆدانی روسیا مەحاڵە و ھەر وڵاتێک ھەوڵی کۆت و بەندکردنیان بدات خۆیان دەگرێتەوە، وتیشی وڵاتانی خۆرئاوا ناتوانن بۆ چەندین ساڵی تر دەستبەرداری نەوت و غازی روسیا بن.
سەرۆکی روسیا راشیگەیاند، زیادبوونی ئاستی ھەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخیش بەھۆی ھەڵەکانی وڵاتانی خۆرئاواوە بووە، بەڵام لۆمەی روسیا دەکەن بۆ شاردنەوەی ھەڵەکانیان.
لە ئێستادا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ٤٠% پێداویستییەکان لە غاز لە روسیاوە وەردەگرن، بەڵێنیشیانداوە تا کۆتایی ئەمساڵ پشت بەستن بە نەوتی روسیا بەرێژەی ٩٠% کەمبکەنەوە، بەڵام ھیچ بەڵێنێکیان سەبارەت بە غاز نەداوە.
لێپرسراوێکی ئەمریکیش دانی ناوە بەوەی داھاتی روسیا لە وزە زۆر زیاتر بووە وەک لە ماوەی بەر لە سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراین.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رەزامەندیدا لەسەر پڕۆژە یاسایەک بۆ روبەڕوبونەوەی "دوژمنانی ئەمریکا"، بەپێی ئەو پڕۆژەیە رێگە نادرێت ھیچ کەرەستەیەکی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئێران بفرۆشرێت یا ھاوردە بکرێت، ھەر لایەنێکیش ئەوە بکات سزا دەدرێت.
ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ھێرشەکانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتیەکانی ئیسرائیل و ھێرشی حوسییەکان لە سعودیە و ئیمارات و ھێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق.
بۆب مینیندیز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند، بەرکاھێنانی ھەڕەمەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە لە تەواوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ھەڕەشەیەکی ئەمنی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.
جیم ریش ئەندامی کۆمارییەکانیش دەڵێت، لەو کاتەوەی ئیدارەکەی جۆ بایدن گەڕاوەتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ھێرشکردنە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و دیبلۆماتکارانی ئەمریکا بەکارھێناوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، دوو فڕۆکەی بۆمبھاوێژی B٥٢ی وڵاتەکە بە یاوەری چەند فڕۆکەیەکی ئیسرائیل لە جۆری F١٦ بەسەر ئاسمانی کەنداو سوڕاونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەشتە وەک بەشێک لە ھاوکاری نزیکیان لەگەڵ ھێزی ئاسمانی ئەمریکا ئەنجامدراوە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست گرنگە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پڕۆژەبڕیارێکی دژ بە ئێران پەسەند و بەوھۆیەشەوە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی خۆرئاوا لەسەر پرسی ئەتۆم، زیاتر بوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە زیرەکی و خۆڕاگری گەل و حکومەتی وڵاتەکەی، توانیویانە لە ھەنگاوی یەکەمدا لە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە و لە ھەمان کاتدا لە بواری پەرەپێدانی زانست و تەکنەلۆژیا بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دواجاردا گەمارۆ تاکلایەنە و بێ بەزییەکانی ئەمریکا کۆتاییان پێدێـت، چونکە ھیچ پێگەیەکیان لە مافە نێودەوڵەتییەکاندا نییە.