وەزارەتی داد-ی ئەمریکا بەشێکی نوێی لە بەڵگەنامە چاوەڕوانکراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی "جێفری ئێپستاین"، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە وردەکاریی نوێ و شۆکهێنەری تێدایە و پێدەچێت دەرهاویشتەی سیاسیی لێبکەوێتەوە.

شاردنەوەی ناوی 254 "مەساجکەر"

لەو کۆمەڵە بەڵگەنامە زۆرەی کە بڵاوکراونەتەوە و قەبارەکەیان دەگاتە 3 گێگابایت، حەوت لاپەڕە هەن کە تێیدا ناوی 254 "مەساجکەر" هاتووە، بەڵام بە پاساوی "پاراستنی زانیاریی قوربانییە ئەگەرییەکان" سەرجەم ناوەکان بە رەش داپۆشراون و شاراوەن.

کلینتۆن بە عەزی و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە:

یەکێک لە سەیرترین ئەو بەڵگانەی ئاشکرا بوون، وێنەیەکە کە لە شوقەکەی ئێپستاین لە مانهاتن هەڵواسراوە و تێیدا بێڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بە عەزییەکی رەنگ شین و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە دەردەکەوێت.

هەروەها لە بەڵگەکاندا وێنەی کلینتۆن بڵاوکراوەتەوە کە پشوویەک لەگەڵ ئێپستاین و گیسلێن ماکسوێڵ و ژنێکی نەناسراودا بەسەر دەبات.


لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکاندا، وێنەیەکی جێفری ئێپستاین لەگەڵ مایکڵ جاکسۆن، ئەستێرەی پۆبی جیهانی دەردەکەوێت. هاوکات وێنەیەکی دیکەی ئێپستاین بڵاوکراوەتەوە کە بە "شەوقەوە" سەیری کێکێک دەکات کە لەسەر شێوەی سنگی ژن دروستکراوە.

ترەمپ و یاسای بڵاوکردنەوەکان:

سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناوی لە دەفتەرێکی پەیوەندییەکاندا هاتووە کە لەناو دۆسیەکەدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە دەفتەرەکە هی کێیە.

بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی چەند مانگێک پرۆسەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی دواخستبوو، بەڵام دواجار لەژێر فشاری کۆنگرێسدا مانگی رابردوو یاسایەکی ئیمزا کرد کە پابەندی دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان.

تۆد بلانچ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی داد و پارێزەری پێشووی ترەمپ رایگەیاند، وەزارەتەکە دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە شاردنەوەی ناو و زانیارییە هەستیارەکان بۆ پاراستنی سەدان قوربانیی ئێپستاین.

ململانێی دیموکراتەکان:

ئەم شێوازە لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان توڕەیی دیموکراتەکانی لێکەوتووەتەوە؛ چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران دەڵێت یاساکە روونە و دەبێت "هەموو بەڵگەکان" ئاشکرا بکرێن.

هاوکات ئانجێل ئۆرێنا، بەڕێوەبەری نووسینگەی کلینتۆن رایگەیاندووە، دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە بۆ پاراستنی کلینتۆن نەبووە، بەڵکو "بۆ پاراستنی خۆیان بووە".

جێفری ئێپستاین ساڵی 2019 لە زیندانێکی نیویۆرک بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدا بوو چاوەڕێی دادگایی کردن بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ.