روسیا: داواکاریمان پێنەگەیشتوە بۆ جێگرکردنی هێزەکانمان لە ڤەنزوێلا
بڵند
١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سێرگی مێلیک بۆگداسارۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە ڤەنزوێلا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە ژمارەیەک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە و باس لەوەدەکەن، ڤەنزوێلا داوای لە روسیا کردوە هێزی سەربازی لە خاکەکەیاندا جێگیر بکات.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، باڵیۆزەکەی روسیا پشتراستیکردوەتەوە،کە دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەیان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پێشکەش نەکردووە، رونیکردوەتەوە، کە هاوکارییە سەربازی-تەکنیکییەکانی ئێستای نێوان مۆسکۆ و کاراکاس سنووردارە بە جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە گرێبەستەکانی پێشوودا لەسەری رێککەوتوون، بەبێ هیچ فراوانکردنێک و داواکارییەکی نوێ.
جەختیشیکردوەتەوە لەوەی روسیا پشتیوانییەکی بێوچانی خۆی بۆ حکومەتی ڤەنزوێلا بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا دوپاتدەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا روون نییە ئەمریکا چۆن فەرمانەکەی ترەمپ جێبەجێ دەکات، کە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوە یان دەرچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە ڤەنزوێلاو سزادانیان، لە کاتێکدا نیکۆلاس مادۆرۆ فەرمانی بە هێزە دەریای وڵاتەکەی کردوە، یاوەری ئەو کەشتیانە بکەن، کە نەوتی وڵاتەکە دەگوازنەوە.



