ئەوروپا لە نێوان سەربەخۆیی سەربازی و پاشکۆیی ئەمریکادا
راهۆز
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا هەڕەشەکانی روسیا و فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا روو لە زیادبوونە، کیشوەرە پیرەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بونیاتنانی سەربەخۆیی بەرگری، بەڵام جیاوازیی نێوان بۆچونە سیاسییەکان و کردارەکان، ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم ئەم ویستە دروست کردووە.
ئێستا وڵاتانی ئەوروپا خەرجییە سەربازییەکانیان بە رێژەی 80% زیاد کردووە بە بەراورد بە پێش جەنگی ئۆکراین. ئەندامانی ناتۆش ساڵی رابردوو رێککەوتن کە کەمترین ئاستی خەرجی بەرگری لە 2%ـەوە بۆ 3.5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی 1.5%ـی تر بۆ وەبەرهێنانە ئەمنییەکانی دیکە.
بەشێک لە وڵاتان وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و سوید، هەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازی و پەرەپێدانی سیستمی موشەکیی دورهاوێژ. ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئەوروپا بتوانێت لە قوڵایی خاکەکەیدا توانای لێدانی هەبێت و کەمتر پشت بە چەک و تەقەمەنی دەرەکی ببەستێت.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان روبەڕوی بەربەستی جدی بونەتەوە. بۆ نمونە پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی هاوبەشی (FCAS) لە نێوان فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا، ماوەی چەندین مانگە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکی هەریەکەیان لە پڕۆژەکەدا پەکیکەوتووە.
خاڵێکی دیکەی ململانێکان پەیوەستە بە شێوازی تەمویلکردنی پیشەسازیی بەرگری. فەرەنسا سەرکردایەتی بەرەیەک دەکات کە دروشمی "ئەوروپی بکڕە"یان بەرز کردوەتەوە و دەیانەوێت گرێبەستەکان تەنیا لە ناو وڵاتانی یەکێتییەکەدا بن، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا لایەنگری شێوازێکی کراوەتر دەکەن کە رێگە بە بەشداریی کۆمپانیاکانی دەرەوەی ئەوروپاش بدات.
ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشانە ئەوروپای خستوەتە بەردەم سێڕێیانێکی مێژویی؛ یان دەبێت ئەم نیگەرانییانەی لە سیاسەتە گۆڕاوەکانی ئەمریکا هەیەتی بکاتە دەرفەتێک بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی سەربەخۆی بەرگری، یان تەنیا بە بۆچونی سیاسی بمێنێتەوە کە رەنگە لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی جەنگدا، نەتوانێت بەرگەی تەنگژەکان بگرێت.



