لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و هەردوولا پەیامی جیاواز ئاراستەی یەکتر دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش دەسپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی واشنتۆن و تاران لە ژنێف، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت: "ئەو وڵاتە بەرگەی لێکەوتەکانی شکستی رێککەوتن ناگرێت."

ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن) بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێری دانوستانەکان دەکات و بەشدار دەبێت، جەختی کردەوە کە ئێران "دەیەوێت رێککەوتن بکات"، چونکە دەزانن دەرئەنجامی شکستی دانوستانەکان بۆ ئەوان قورس دەبێت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپ، سوپای ئەمریکا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بۆ (CNN) ئاشکرایان کردووە، ئەم جوڵانە بۆ ترساندنی تارانە و بۆ ئەوەیە کە واشنتۆن بژاردەی "هێرشی سەربازی" لەناو خاکی ئێراندا لەبەردەست بێت ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت.

ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەرەکانی سووتەمەنی لە بنکەکانی بەریتانیاوە بۆ ناوچەکە گواستووەتەوە و سیستمی بەرگری ئاسمانی نوێی جێگیر کردووە.

: لە بەرانبەردا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ژنێف رایگەیاند، ئەوان بۆ ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" هاتوون، بەڵام جەختی کردەوە کە "تەسلیمی هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نابن."