"گرێبەستی سەدە"؛ هیندستان 114 فڕۆکەی رافاڵ لە فەرەنسا دەکڕێت
راهۆز
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦
نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانی سەردانێکی رەسمی سێ رۆژەی ماکرۆن بۆ هیندستان، پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەکانی بەرگری، تەکنەلۆژیا و وزە راگەیاند.
لەسەرووی ئەجێندای ئەم سەردانەوە، واژۆکردنی گرێبەستێکی گەورەی سەربازییە کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت و بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 35 ملیار دۆلار. ئەم پڕۆژەیە کڕینی 114 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری "رافاڵ" لەخۆ دەگرێت، بەو مەرجەی زۆربەی ئەو فڕۆکانە لە ناو خاکی هیندستان بەرهەم بهێنرێن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیودلهی دەیەوێت پشتبەستنی بە هاوردەی چەک لە روسیا کەم بکاتەوە و پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی بەهێز بکات.
جگە لە کەرتی بەرگری، هەردوو وڵات لە بوارەکانی فەزا و فڕۆکەوانیدا هەماهەنگییەکانیان فراوانتر کردووە؛ مودی و ماکرۆن یەکەم هێڵی کۆکردنەوەی هەلیکۆپتەری کەرتی تایبەتیان لە هیندستان کردەوە. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەرهەمهێنانی هاوبەشی تەقەمەنییە زیرەکەکان لە جۆری "هامەر" لە ناو هیندستاندا.
سەبارەت بە دۆخی جیهانی، مودی جەختی کردەوە کە هاوبەشیی نێوان وڵاتەکەی و فەرەنسا سنووری نییە و فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی جیهان. لە بەرانبەردا، ماکرۆن ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند کە نایانەوێت ملکەچی هیچ جۆرە هەژموونێک بن. فەرەنسا لە ئێستادا سێیەم گەورەترین شەریکی بازرگانیی هیندستانە لە یەکێتیی ئەوروپا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ساڵانە دەگاتە 18 ملیار دۆلار.



