وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ژیریی دەستکرد بۆ دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ بەکارهاتووە
محەمەد رزگار
١٤ی شوباتی ٢٠٢٦
وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە مانگی رابردوودا ژیری دەستکردی بەکارهێناوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد، لە کاتێکدا مەترسییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد و نەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەریدا زیاد دەکەن، بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، مۆدێلی ژیریی دەستکردی "كلۆد" (Claude) کە بەرهەمی کۆمپانیای Anthropicـە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئەمریکادا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە سەرەتای مانگی رابردوودا بەکارهێنراوە، ئەمەش بە بەڵگەیەکی بەهێز دادەنرێت بۆ زیادبوونی پشتپەستنی پێنتاگۆن بە مۆدێلە زیرەکەکان.
سیاسەتی بەکارهێنان و پێشێلکارییەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، رێنماییەکانی بەکارهێنانی مۆدێلی "كلۆد" بە توندی قەدەغەی دەکەن کە ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ ئاسانکاری لە توندوتیژی، پەرەپێدانی چەک، یان ئەنجامدانی پرۆسەی چاودێریکردن بەکاربهێنرێت.
وەڵامی کۆمپانیاکە و وەزارەتی جەنگ
کۆمپانیای Anthropic: وتەبێژی کۆمپانیاکە رایگەیاند، ناتوانێت لێدوان لەسەر بەکارهێنانی "كلۆد" لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراوی نهێنی یان ئاشکرادا بدات، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر بەکارهێنانێک (چ لە کەرتی تایبەت یان حکومی) دەبێت پابەند بێت بە سیاسەتەکانی کۆمپانیاکە.
هاوکات وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدات.
گرێبەستە ملیۆنییەکە و مەترسییەکان
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە پێشتر نیگەرانی هەبووە لە ناو کۆمپانیای Anthropic سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی "كلۆد" لەلایەن پنتاگۆنەوە، ئەمەش وایکردبوو لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی 200 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکە بکەنەوە، کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" یەکەم گەشەپێدەری ژیریی دەستکرد بووە کە مۆدێلەکەی لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی وەزارەتی جەنگدا بەکاربهێنرێت.
بوارەکانی بەکارهێنان
ئەم ئامرازانە دەکرێت لە چەندین بواری جیاوازدا بەکاربهێنرێن، وەک:
-کورتکردنەوەی بەڵگەنامە و دۆسێیە هەواڵگرییەکان.
-کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) بە شێوەیەکی خۆکار.
هەڵوێستی سەرۆکی کۆمپانیاکە
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو دارۆ ئامۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Anthropic، هەمیشە داوای دانانی یاسای توند و کۆنتڕۆڵی زیاتری کردووە بۆ رێگری لە زیانەکانی ژیریی دەستکرد، ئەمەش وایکردووە لە زۆرێک لە هاوپیشەکانی لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی دیکە جیاواز بێت.
لە بەرانبەردا، پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە چالاکییەکدا رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەیان "ئەو مۆدێلانەی ژیریی دەستکرد بەکارناهێنێت کە رێگری لە ئەنجامدانی شەڕ دەکەن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو مەرجانەی کە کۆمپانیای Anthropic دایمەزراندوون.



