چاوەڕوان دەكرێت یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ رۆژی سێشەممە روبدات و زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكرێت.

پەیمانگەی نەتەوەیی میسڕ بۆ توێژینەوەی فەلەكی و جیۆفیزیكییەكان رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 17ـی شوبات، یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ رودەدات و بەشێوەی ئەڵقەیی دەبێت، بە جۆرێك سێبەری مانگ وەك بازنەیەك ناوەندی خۆر دەگرێت و ئەڵقەیەك لە روناكی بە چواردەوریدا دەمێنێتەوە.

ئەم دیاردەیە بە ئەڵقەی ئاگرین ناسراوە و لەچاو جۆرەكانی دیكەی خۆرگیراندا كەمتر رودەدات، بۆیە زانایان گرنگییەكی تایبەتی پێدەدەن.

پەیمانگەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی دیاردەكە خۆرگیرانی ئەڵقەییە، بەڵام لە ئاسمانی بەشێكی وڵاتەكاندا وەك خۆرگیرانی بەشەكیی دەردەكەوێت و سێبەری مانگ دەچێتە سەر بەشێكی خۆر، جگە لەوەش لە هەموو ناوچەیەكدا دەرناكەوێت.

كاتەكانی خۆرگیران بەپێی ناوچەكان جیاواز دەبێت و زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكەن و زیانی زۆر بە تۆڕی چاو دەگەیەنێت.