وتەبێژی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی سێ شەممە لەسەر داواکاری رێکخراوی ھاریکاری کەنداو و کۆمەڵەی عەرەبی، کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەرەوشی ئێستای کەرتی غەززە بەڕێوەبچێت و تەوەری سەرەکیش گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر چۆنێتی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ راگرتنی شەڕ.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر گفتوگۆ لەسەر پرۆژەبڕیارەکەی ئیمارات دەکرێت کە داوای راگرتنی یەکجاری شەڕی کردبوو لە غەززە، بەڵام بەھۆی ڤیتۆکەی ئەمریکاوە ئەنجومەنی ئاسایش شکستی ھێنا لە پەسەندکردنی.
ئەوەش لەکاتێکدا ئەگەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەر بڕیارێک لەبارەی غەززە بدات، پێویستە بڕیارەکە جارێکی تر بخرێتەوە بەردەستی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندکردنی، چونکە بڕیارەکانی ئەو کۆمەڵەیە بۆ جێبەجێکردن نین.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لێپرسینەوە لە حکومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا بکرێت چونکە ھاوبەشی ئیسرائیلن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بەرامبەر خەڵکی غەززە.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک ھاووڵاتی وڵاتەکەی لەلایەن حکومەتی ئەو سێ وڵاتەوە بەتۆمەتی "پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ" سەرکۆنە دەکات، تارانیش بڕیاریداوە مامەڵەی ھاوشێوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئەنجام بدات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی، ئەو سێ وڵاتە نابێت بۆچوون لەسەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی تر بدەن، چونکە خۆیان بوونەتە ھاوبەشی تاوانی کوشتنی ژن و منداڵانی غەززە و کوژرانی دڕندانەی دەیان ھەزار کەسی تر.
خەڵاتەکە لەلایەن عەلی کوڕی نێرگز محەمەدی و کیانای خوشکی وەرگیرا، ھاوکات نێرگز محەمەدی لە زیندانەوە نامەیەکی نوسیبوو و عەلی کوڕی خوێندییەوە و تیایدا دەڵێت، وەک ئێرانییەک شانازی دەکات کە بەشێکە لە شارستانیەتی دەوڵەمەندی ئێرانی، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە قوربانی چەوساندنەوەی "دەسەڵاتێکی ئایینی ستەمکار و دژی ژن."
ھاوکات نێرگز محەمەدی ھاوکات لەگەڵ رۆژی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ، وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییە گەورە و بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، مانی لە خواردن گرتووە.
نێرگز محەمەدی چالاکوانێکی دیاری ئێرانە و تەمەنی ٥١ ساڵە و چەند ساڵێکە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئێران دەستگیرکراوە، ئەمساڵیش وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دیاریکرا.
محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، سەرەڕای ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، وەک حکومەتی قەتەر بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام نایشارنەوە کە نە حەماس و نە ئیسرائیل لە ئێستادا خواستیان لەسەر ئاگربەست نییە.
لای خۆیەوە، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی ھێرش و بۆردومانەکانییەوە ھەموو سنورەکانی بەزاندووە و سڵ لە کوشتنی ژن و منداڵیش ناکاتەوە، جەختیش دەکەنەوە تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن ھیچ بارمتەیەک بە زیندوویی لە کەرتی غەززە ناچێتە دەرەوە.
حزبوڵای لوبنانی رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ئەمریکا رێگری لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە، بڕیاریانداوە شەڕێکی فروان دژی ئیسرائیل لە ناوچە سنورییەکان ئەنجامبدەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو بڕیارەیان وەکو پاڵپشتییەکە بۆ گەلی فەڵەستین و کەرتی غەززە و لە توانایاندایە دەستیان بگات بە سەرجەم ئامانجە ستراتیجییەکانی ئیسرائیل و ناھێڵن بە ئاسانی یارمەتییەکانی بەدەست بگات و بیانگوازێتەوە.
ھاوکات، حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاندووە، بڕیاریانداوە رێگری لە ھەموو کەشتییەک بکەن کە بە ئاوەکانی دەریای سوردا بەرەو ئیسرائیل تێپەڕبێت، بەڵام سورن لەسەر سەلامەتی بازرگانی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیەدا.
ھێزی دەریایی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکدا کە دەستەی ئەرکان بڵاویکردەوە رایگەیاند، کەشتی جەنگی لانگدوگ لە دەریای سوور ئەو دوو فڕۆکەیەی خستووەتە خوارەوە، کە لە خاکی یەمەنەوە ئاڕاستەکرابوون.
بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئامانجی درۆنەکان ئەو کەشتییە بووە یاخود نا، لای خۆشیەوە ئیسرائیل ھۆشداری دەدات لە گرتنەبەری رێگەی سەربازی دژی حوسییەکان.
خستەخوارەوەی ئەو دوو درۆنە چەند سەعاتێک دوای لێدوانێکی وتەبێژی ھێزەکانی ئەنساروڵا دێت کە رایگەیاندبوو، رێگری دەکەن لە تێپەڕینی کەشتی بۆ ئیسرائیل لەدەریای سوور.
تساحی ھنگبی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر وڵاتانی جیھان ھێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لەدەریای سور رانەگرن، ئەوا لەڕێی سەربازییەوە وەڵامی حوسییەکان دەدەنەوە.
بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر چوار کاندید کێبڕکێ دەکەن، عەبدولفەتاح سیسی کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرۆکی میسرە و لە ساڵی ٢٠١٨شدا بە بەدەستھێنانی ٩٧%ی دەنگەکان بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتنی بەدەستھێنایەوە. بە پێی ھەواڵی میدیاکان، پێشبینی دەکرێت بۆ ویلایەتی سێیەمیش سەربکەوێتەوە.
یەکێکی دیکە لە کاندیدەکان فەرید زەھران سەرۆکی پارتی میسری دیموکراتییە، کە نوێنەرایەتی رەوتی چەپڕەوی ناوەڕاست دەکات.
عەبدولسەند یەمامە سەرۆکی حزبی وەفدی لیبرالی و حازم عومەر سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری دوو کاندیدی دیکەی پڕۆسەکەن.
بەپێی دەستەی نیشتمانی ھەڵبژاردنەکان لە میسر، لە کۆی ١٠٤ ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، نزیکەی ٦٧ ملیۆن ھاووڵاتی میسری کە تەمەنیان لەسەروو ١٨ ساڵەوەیە مافی دەنگدانیان ھەیە، بڕیارە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەش ئەنجامەکان رابگەیەندرێت، ئەگەر ھیچ کام لەکاندیدەکانیش زۆرینەی دەنگیان بەدەستنەھێنا، ھەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەمەوە و لە سەرەتاکانی ساڵی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گەیشتووەتە لانی کەم ١٧ ھەزار و ٧٠٠ کەس، ھەروەھا ٤٨ ھەزار و ٧٨٠ کەسیش بریندارن.
بزووتنەوەی حەماس و دەسەڵاتدارانی فەڵەستین پێیان وایە ئاماری گیانلەدەستدان بە تایبەت لە غەززە لەوەی ھەیە زیاتر بێت، بەو پێیەی تەرمی سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان و ھێشتا دەرنەھێندراون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و باسی لە پابەندبوونی بەغداد کردووە بە پاراستنی دیبلۆماتکاران، جەختیشیکردووەتەوە کە واشنتن بەرامبەر ھەر ھێرشێک مافی بەرگریکردن لە خۆی بەکاردەھێنێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ھەردوو گروپی چەکداری "حزبوڵا و بزوتنەوەی نوجەبا" کە ھاوپەیمانی ئێرانن، بەرپرسیار زۆرینەی ئەو ھێرشانەن کە دەکرێنەسەر ھێزەکانی ھاوپەیمانانن، ئەو ھێرشانەش پێشێلکاری سەروەری و ئاسایشی عێراقن.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، سەرکۆنەی ھێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد دەکات و جەختیش دەکاتەوە کە گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی ئێران ئازادانە خاکی عێراق بۆ کردنەئامانجی ھاوپەیمانان بەکاردەھێنن، بۆیە داوای لێپرسینەوە لەو گروپانە و سزادانیان دەکات.
لەکۆبوونەوەی شەوی ھەینیدا ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیارێکی ئیماراتی بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە غەززە خستەدەنگدانەوە، لەکۆی ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیش، ١٣ وڵات لە بەرژەوەندی پڕۆژەکە دەنگیان و بەریتانیاش بێلایەنی ھەڵبژارد، بەڵام ئەمریکا ڤیتۆی دژی پڕۆژەکە بەکارھێنا.
رۆبەرت ود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، واشنتن پشتیوانی داواکارییەکانی راگرتنی ئاگربەست ناکات چونکە ئەوە تەنھا گریمانەی سەرھەڵدانەوەی شەڕ لە داھاتوودا زیاتر دەکات و حەماسیش ھیچ خواستێکی بۆ ئاشتییەکی ھەمیشەیی نییە.
لای خۆیەوە، عەزت رشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس رایگەیاند، سەرکۆنەی ھەڵوێستە نامرۆییەکەی ئەمریکا دەکەن و ھەڵوێستەکە ھاوبەشییەکی راستەوخۆی ئیسرائیلە لە کوشتنی زیاتری فەڵەستینییەکان.
ژمارەی ئەو یاداشتانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی سەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران ئاڕاستەی لیژنەی ھاوبەشی دەستور و دادی کردووە، گەیشتوەتە ٧٣٣ یاداشت، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٥١٢ یاداشتییان لە دژی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان"ھەدەپ" تۆمارکراون، پەرلەمانتارانی "ھەدەپ"یش بە "ئەندامبوون لە رێکخراو" و "بانگەشە بۆ رێکخراو"تۆمەتبار کراون.
بەپێی زانیاریەکان ساڵیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاری"ھەدەپ" زۆرترین یاداشت لە دژی بەرزکراوەتەوە کە ٩٧ جار داوای ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە دژی تۆمارکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بەرپرسێکی ئیسرائیل رایگەیاندوە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە شاری خان یونسی باشوری غەززە لە ماوەی سێ بۆ چوار ھەفتەی داھاتوو کۆتایی پێدەھێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، قۆناغی قورسی ھێرشکردن و جەنگ لە کەرتی غەززە بەرەو ئەو ئاڕاستەیەیە کە لەو وادەیەدا تەواوببێت.
دەشڵێت، ئەمریکا ھیچ فشارێک ناکات، یاخود کاتێک دانانێت بۆ ئیسرائیل بۆ کۆتایھێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل.
ھاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندوە، ئەمریکا رەزامەندە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل ھێرشە چڕەکانی تا کۆتایی ئەم مانگە بوەستێنێت، بەڵام ئیسرائیل پێی باشترە لە مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا ھێرشەکانی رابگرێت.
حەمید رەزا محەمەدی برای نێرگز محەمەدی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژەوە رایگەیاند، خوشەکەی لە زیندان سەرلەنوێ مانی لە خواردن گرتووە.
بڕیاروایە رۆژی یەکشەممە لە مەراسیمێکدا لە ئۆسلۆ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بدرێتە نێرگز محەمەدی بکرێت، بەڵام بەوتەی تەقی رەحمانی ھاوسەری نێرگز محەمەدی، ھاوسەرەکەی لەو رێوڕەسمەدا بەشداریی ناکات، چونکە حکومەتی ئێران رێگەی نادەن بەشداریی بکات، ھەربۆیە نێرگز محەمەدی رۆژی یەکشەممە وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییە گەورە و بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ھاوکات لەگەڵ رۆژی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ، مان لە خواردن دەگرێت.
نێرگز محەمەدی چالاکوانێکی دیاری ئێرانە و تەمەنی ٥١ ساڵە و چەند ساڵێکە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئێران دەستگیرکراوە، ئەمساڵیش وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دیاریکرا.
ئادێل خۆدر، بەرپرسی ھەرێمی رێخراوی یونسێف لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، دوای ئەوەی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵان لە غەززە ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێھێشتوە ئێستا ئەو کەرتە بووەتە مەترسیدارترین شوێن لە جیھانە بۆ منداڵان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی زانیاری راپۆرتەکان رۆژانە دەیان منداڵ دەکوژرێن و بریندار دەکرێن و ژیانیان شێواوە و لە شوێنێکدان کە ژیانی تێدا نییە.
دەشڵێت، پێشتر یونیسێف و رێکخراوە مرۆییەکان ھۆشدارییان لە دۆخی خراپی ئەو ناوچەیە و تیمەکەیان ئەو منداڵانەیان بینیوە کە دۆخییان باش نییە، بەشێک لەو منداڵانە بەھۆی جەنگەوە توشی شۆک بوون.
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی لە لۆس ئەنجلوس، ھەنتەر بایدنی کوڕی سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بە خۆدزینەوە لە باج لە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ و بڕەکەشی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەنتەر بایدن بە نۆ تۆمەت تۆمەتبارکراوە و لە حاڵەتی ساغبونەوەی تۆمەتەکان، رووبەڕووی سزای ١٧ ساڵ زیندانی دەبێتەوە و خۆدزینەوە لە باج دووەمین گەورەترین کەیسە لەسەری.
ھەنتەر بادین دەبێتە یەکەم کوڕی سەرۆکی ئەمریکا کە دادگای بکرێت و لە ساڵی ٢٠١٨ش تۆمەتبار کرا بە کڕینی چەک و پێدانی زانیاری ھەڵە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی کردووە، تیایدا نوسیویەتی، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی ناتۆ ٩٠ ھەزار سەربازە و بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٤ ، ١٠ ھەزار سەرباز لەو وڵاتانە کەمدەکاتەوە.
بەھۆی جەنگی ئۆکراین و روسی، ساڵی ٢٠٢٢ ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی لە وڵاتانی ناتۆ زیادکرد و بایدن لە نامەیەکیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ٨٠ ھەزار سەربازەی ئەمریکا کە لە وڵاتانی ناتۆ دەمێننەوە، وەکو دڵنیاییەکە بۆ ھاوپەیمانانیان و رێگریکردن لە ھێرشی روسیا.