دوێنێ هەینی دەزگای جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمریکا FBI شاهێدی یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان بوو لە مێژووی خۆیدا، کە ئەویش دوور خستنەوەی زیاتر لە چەندین بەرپرسو پلەداری ناو دەزگاکەبوو. 

وەزارەتی دادی ئەمریکا ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی FBI لە کارەکانیان دوورخستەوە و لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی بۆ ئەو کارمەندانە دەستپێکرد کە هاوکاربوون لە لێکۆڵینەوە لە ئاژاوەگێڕییەکانی کاپیتۆڵ لە ساڵی 2021، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا.

بەپێی هەواڵێکی بلومبێرگ، بەرپرسانی باڵای FBI کە بنکەکانیان لە واشنتۆنە و سەرپەرشتی لقەجیاوازەکانی ئاژانسەکە دەکەن و بریکارە باڵاکان کارەکانیان بەجێهێشتووە.

بەپێی هەواڵی ئەو ئاژانسە، هەندێک لە سەرکردەکان فشاریان لێکراوە بۆ ئەوەی ئەو دەزگایە بەجێبهێڵن، هەندێکیان خانەنشین بوونیان هەڵبژارد، هەندێکی دیکەشیان کاتێک بەرەنگاری بڕیارەکە بوونەتەوە دەرکراون.

:دیارترین ئەوکەسانەی کە دەردەکرێن

لەنێو ئەوانەی کە دەزگاکە بەجێدەهێڵن دوو لە سەرکردە باڵاکان هەیە: جێفری ڤێلتری، بریکاری تایبەتی بەرپرس لە میامی و دەیڤید سۆنبێرگ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئۆفیسی مەیدانی واشنتۆن.

سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، کە سەرکردەکانی FBIرۆژی هەینی بە کارمەندەکانیان راگەیاندووە، کە هەندێک لە بریکارەکان دووبارە دادەنرێنەوە بۆ هاوکاریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناردنەوەی کۆچەران و جێبەجێکردنی ناردنەوەیان بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون.

رۆژنامەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن، ئیدارەی ترەمپ لەم گۆڕانکارییەدا کە لەو دەزگایە ئەنجامی دەدات زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەو کەسانەیە کە کارییان لەسەر ئەو هاووڵاتیی و کەسانە کردووە کە لایەنگری ترەمپ بوون بەتایبەت لە هێرشەکەی 6-1-2021 لە واشنتۆن. 

بەپێی دوو یاداشت کە ڕۆیتەرز و سێ سەرچاوە بینیویانە، گۆڕانکارییەکان لەو دەزگایە، دوایین هەنگاوی ئیدارەی ترەمپە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی دەزگا هەستیارەکان دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.