دوای كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی عەرەبی لە قاهیرە، لە راگەیەنراوێكدا گواستنەوەی فەلەستینییەكان رەتدەكەنەوە، جەختیش لەسەر ئەوەدەكەنەوە كە لە زووترین كاتدا غەززە ئاوەدانبكرێتەوە.

وەزیرانی دەرەوەی میسر، ئوردن، سعودیە و قەتەر و ئیمارات و فەلەستین و كۆمكاری عەرەبی دوای كۆبونەوەیەك كە لە قاهیرە سەبارەت بە رەوشی فەلەستین و كەرتی غەززە، لە راگەیەندراوێكدا جەختیان لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە كردەوە بە هەموو قۆناغ و بڕگەكانی.

ئەوەش هاتووە، بەردەوامبوونی ئاگربەست بە شێوەیەك بێت كە دەستڕاگەیشتن بە هاوكاری مرۆیی بۆ هەموو بەشەكانی كەرتی غەززە و لابردنی هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم هاتنە ناوەوەی هەمووان مسۆگەر بكات.

هاوكات شەش وڵاتە عەرەبییەكە، داوای كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئیسرائیل دەكەن لەگەڵ رەتكردنەوەی هەر هەوڵێك بۆ دابەشكردنی غەززە، داواش دەكەن پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە، لە زووترین كاتدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.