دەم پارتی: تورکیا لەبری هەنگاوی باوەڕپێكراو گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات
هادی
٤ی شوباتی ٢٠٢٥
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، دەسەڵات لە بری هەنگاوی باوەڕپێكراو قەیوم دادەنێت، بەوەش گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات.
تولای حاتەم، ئۆغۆلاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاندوە، ئامادەن درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدەن، وەك دەم پارتیش ئامادەن بۆ دانوستان و دیالۆگ، بەڵام هێشتا بەرنامەیەكی چارەسەر لەلایەن دەسەڵاتەوە دیاری نەكراوە، هێشتا هەنگاوێكی ئەرێنی نەهاویشتووە، داوا لە دەسەڵاتی توركیاش دەكات هەنگاوی باوەڕپێكراو بۆ ئەو پرۆسەیە بنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دەسەڵات لەبری هەنگاوی باوەڕپێكراو و ئەرێنی بنێت، قەیوم لە شارەوانییەكان دادەنێت، بەوەش گورز لە پرۆسەی ئاشتی دەدات، پێویستە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی روون بنێن.
سەبارەت بە سوریاش هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە سوریایەكی دیموكراتی دابمەزرێنرێت، توركیا و گروپە چەكدارەكان دەستبەجێ هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوا و گەلی كورد بوەستێنن.