پێنج وڵاتی عەرەبی نامەیەكی هاوبەشیان ئاڕاستەی ئەمریكا كرد
٤ی شوباتی ٢٠٢٥
ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی لە رێی نامەیەكی هاوبەشەوە كە ئاراستەی ئەمریكایان كردووە، پلانی گواستنەوەی فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە رەتدەكەنەوە .
پێگەی ئەكسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی كە هەریەك لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر و میسر و ئوردنن لەگەڵ راوێژكاری سەرۆكی فەلەستین، نامەیەكی هاوبەشیان ئاراستەی ماركۆ رۆبیرۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە و تێیدا پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان بۆ گواستنەوەی فەلەستینیەكان لە كەرتی غەززە رەتكردووەتەوە و داوایان كردوە فەلەستینییەكان بەشدارییان پێ بكرێت لە ئاوەدانكردنەوەی غەززەدا نەك ئاوارە بكرێن .
هەروەها رایانگەیاندووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین ژمارەی ئاوارە و پەنابەری تێدایە و بۆیە نابێت هێندەی تر سەقامگیری هەرێمیی لە رێی ئاوارەبوونی زیاترەوە تێك بدرێت.
دوپاتیشیان كردووەتەوە كە فەلەستینیەكان نایانەوێت خاكەكەیان جێبهێڵن .