سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھێرشەکەی ئیسرائیلدا ژمارەیەک ئەندامی ھێزەکانی سوریا و چوار راوێژکاری سەربازی پاسداران کوژراون.
بەپێی میدیاکانی ئێران، سادق ئومێدزادە جێگری فەرماندەی ھەواڵگری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جیگرەکەی لەناو کوژاراوەکاندان.
روانگەی سوری دەڵێت، ھێرشەکە بۆ سەر باڵەخانەیەکی چوار نھۆمی بووە لە گەڕەکی (مەززە) لە خۆرئاوای دیمەشق، بەھۆی ھێرشەکەوە باڵەخانەکە بەتەواوی داڕوخاوە و گەڕەکەکە بەوە ناسراوە کە شوێنی نیشتەجێ بوونی فەرماندەکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.
روانگەی سوری رایگەیاند، ھێرشەکە بۆ سەر باڵەخانەیەکی چوار نھۆمی بووە لە گەڕەکی (مەززە) لە خۆرئاوای دیمەشق بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان پێنج کەس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکەوە باڵەخانەکە بەتەواوی داڕوخاوە و گەڕەکەکە بەوە ناسراوە کە شوێنی نیشتەجێ بوونی فەرماندەکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.
ھاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشەکەوە بەرپرسێکی پاسداران کوژراوە.
بۆریس جۆنسۆن سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە وتارێکدا لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر کۆی رووداوەکانی جیھان کە لە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندوە، ترەمپ ئەو کەسە خراپە نییە کە بەشێکی ئەمریکییەکان و سەرکردەکانی جیھان باسی دەکەن، چونکە ئەگەر بە وردی لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی چوار ساڵی ئەمریکا بکرێت لە سەردەمی ترەمپدا، راستییەکان دەرکەون کە ترەمپ چەند سەرکەوتوو بووە بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی کەرتی ئابووریدا.
وتیشی، ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بەھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو وڵاتانە نابێت کە پێشتر وڵاتەکەی ھاوکاری کردوون بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکانیان بەتایبەتیش ئۆکراین، جەختیشیکردووەتەوە، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەو رووداوەیە کە ھەموو جیھان پێویستی پێیەتی.
لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکا لە نزیک بنکەی سەربازیی بەلەد لە عێراق خراوەتە خوارەوە و دواتر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە دەستبەسەر پارچەکانی فڕۆکەکەدا بگرن و بیگەڕێننەوە بۆ ھێزەکانی ئەمریکا، بەڵام لێپرسراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جۆری ئەو فڕۆکەیەی ئاشکرا نەکردووە کە خراوەتە خوارەوە و ھۆکارەکەشی باس نەکرد.
لە بەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بە چەکی پێشکەوتوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان لە ئاسمانی پارێزگای دیالە خستووەتە خوارەوە کە لە جۆری (ئێم کیو ٩) بووە.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکور رۆژی ھەینی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، مانۆڕە ھاوبەشەکەی ئەو سێ وڵاتە ھەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی پیۆنگ یانگ، بۆیە وەک کاردانەوەیەک چەکی ئەتۆمیان لە ژێر ئاودا تاقیکردوەتەوە کە ئێستا لە دەریای رۆژھەڵاتی کۆریا لەژێر گەشەپێدان دایە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، رێکارەکانیان بۆ پشتبەستن بە چەکی ئەتۆم بەردەوام دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەڕەشەیەک کە لە دەریاوە بکرێتەسەریان، ئەوەش وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ مانۆڕە دوژمنکارییەکەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.
ئەوە لەکاتێکدایە ھەفتەی رابردوو ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور مانۆڕی سەربازییان ئەنجامدا، کە وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن کۆریای باکورەوە.
عبیر خالد، ھاوسەرۆکی دەستەی سوتەمەنی رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی ھەواڵی باکوری راگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە سەرجەم پاڵاوگەکان لەکار وەستاون و توانای بەرھەمھێنانی بەنزین و نەوت و غازییان نەماوە.
وتیشی، ھەرچەندە لە رۆژانی داھاتوودا ھەوڵ دەدەن سوتەمەنی لە دەرەوە ھاوردە بکەن، بەڵام بەھۆی زۆری خواست لەسەری پێشبینی دەکرێت قەیرانی سوتەمەنی دروست ببێت و نرخەکەشی لە بازاردا بەرزببێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتوەتە ٢٤ ھەزار و ٦٢٠ ھاووڵاتی، کە ژن و منداڵیشی تیایە و ٦١ ھەزار و ٨٣٠ ھاووڵاتی برینداربوون.
باسی لەوەشکردووە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٧٢ ھاووڵاتی سڤیل بەھۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گیانیانلەدەستداوە.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لێپرسراوێکی سوپاکەیان دوای ئەوەی بە سەختی بریندارببوو گیانیلەدەستدا و تائێستا ٥٣٠ سەرباز لە سەرەتای شەڕەکەیان لەگەڵ حەماسدا کوژراون کە ١٩٤یان لە کەرتی غەززە بوون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتوەتە دوو ھەزار و ٦٣٠ سەرباز.
پەرلەمانی بەریتانیا بە ٣٢٠ دەنگ لە کۆی ٣٧٦ دەنگ پڕۆژەیاسای رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ روندا پەسەند کرد ھەرچەند دادگای باڵای ئەو وڵاتە پێشتر بەرھەڵستی ئەو پڕۆژەیاسایەی کردبوو.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرپەرشتی کەمپینی وەستاندنی پەنابەرانی لەرێگەی بەلەمی بچوک کرد و رایگەیاند، بۆ لەمەودوا ھەرکەسێک بە نایاسایی بچێتە ناو بەریتانیاوە و داوای مافی پەنابەرێتی بکات رەوانەی رواندای دەکەن تا ئەو کاتەی کەیسەکەی یەکلایی دەبێتەوە و وڵاتەکەی لە پێش ھەموو شتێکەوەیە.
سوناک لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣دا ئەو پڕۆژەیاسایەی رەوانەی پەرلەمان کرد و دوای مشتومڕێکی زۆر پەسەندکرا، وبەشێک لە ئەندامانی حزبەکەشی دژی ئەو پرسەن و داوا دەکەن دەستبەرداری سەرۆکایەتی حزبی پارێزگارانی دەسەڵاتدار بێت.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوەکەی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی ھێرشەکەی ھەولێر رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ھێرشەکە بەپێی مافی مەشرووعی ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و دەستوپێوەندەکانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئیرانیان کردووەتە ئامانج و ھاووڵاتییانی ئیرانیان رووبەرووی ھەرەشە و مەترسی کردووەتەوە.
جەختیشیکردووەتەوە، وڵاتەکەی رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت و چاوەروانن حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان بیت و بە تەواوی جێبەجێیبکات.
لێپرسراوێکی حکومەتی لوبنان بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، حزبوڵا پێشنیازێکی واشنتۆنی بۆ راگرتنی ھێرشەکان بۆسەر باکوری ئیسرائیل رەتکردووەتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە راگرتنی شەڕ و کشانەوەی چەکدارانی رێکخراوەکە بەدووری حەوت کیلۆمەتر لە سنورەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێش مەرجی حزبوڵا بۆ راگرتنی ھێرشەکانی بۆسەر باکوری ئیسرائیل بریتییە لە راگرتنی تەواوەتی شەڕ لە غەززە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر سەرپێچی و تاوانەکانی سنوریشی تێپەڕاندبێت پێویستە پارێزبەندی تەواوی ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکەکانی ئەمریکا پێویستیان بە پارێزبەندی تەواوە بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری قورس بدەن و سەرۆکەکان وەکو پۆلیس وان کە بە بەردەوامی کار دەکەن ھەرچەندە بەشێکیان ئەوانی دیکە تێدەپەڕێنن.
ترەمپ داوای لە دادگای تێھەڵچونی فیدڕالی کردووە کە پارێزبەندی بۆ بگەڕێننەوە بۆ پاراستنی لە دادگاییکردن بەھۆی ھەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە جۆ بایدن بردیەوە .
پەرلەمانی ئەڵمانیا، ھەموارکردنی یاسایەکی پەسەند کرد کە سیاسەتی پەنابەری وڵاتەکەی توندتر دەکات، بە پاساوی ئەوەی زیادبوونی ژمارەی پەناخوازی لەساڵی ڕابردوودا ٥٠%ی تێپەڕاندووە، جگە لە پێشوازیکردن لە یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی.
بەڵام یاساکە، مەرجەکانی پێدانی رەگەزنامەی سوکردووە و پەناخوازان دوای تەنھا ٥ ساڵ مانەوە لەو وڵاتە لەبری ٨ ساڵ دەتوانن بنە خاوەنی رەگەزنامە، ھەروەھا یاساکە ڕێگە بە کەسانی دیکە دەدات بۆ بەدەستھێنانی دوو ڕەگەزنامە، لەکاتێکدا دوو ڕەگەزنامە تا ئێستا تەنھا بۆ ھاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا و سویسرا سنوردارە.
نانسی ڤیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، سەبارەت بە ڕەشنووسی یاساکە وتی، "یاساکە دڵنیایان دەکاتەوە لەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەیاندا نییە، ناچارن بەخێرایی بەجێی بھێڵن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو کەسانەی زیاتر کە داواکارییەکانیان ڕەتکراونەتەوە دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوە بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستە لە ئەڵمانیا وەربگیرێن، بەوتەی خۆی، ئەوانەی لە شەڕ و تیرۆر ھەڵدێن دەتوانن حساب بۆ پشتیوانی ئەڵمانیا بکەن.
ڕێکارە پەسەندکراوەکان دەسەڵاتی نوێ بە پۆلیس دەدەن بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان پێدراوە ئەگەر نا لەماوەی ٢٨ رۆژدا دەستگیر دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ ھەینی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پێشوازی لە وەفدێکی حەماس کرد لە مۆسکۆ و داوای لێکرد ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لەنێویاندا سێ ھاوڵاتی ڕوسییان تێدایە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکەدا لایەنی ڕووسی جەختی لەسەر پێویستی ئازادکردنی خێرای ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە کردەوە کە لەکاتی ھێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کرابوون، لەنێویشیاندا سێ ھاووڵاتی ڕووسی.
ھاوکات غادی ئایزنگۆت، وەزیر و سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێناچێت ھێرشی ھەورەبروسکە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە سەرکەوتوو بێت، دووپاتیشیکردەوە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بارمتەکان بە زیندووی ئازاد بکرێن، دەبێت بە زوویی ڕێککەوتنێک بکات.
ئایزنکۆت کە مانگی ڕابردوو کوڕە بچووکەکەی لە شەڕەکانی کەرتی غەززە کوژرا، ڕایگەیاند، چارەنووسی بارمتەکان دەبێ لە پێشینەی ئامانجەکانی دیکەی شەڕەکەدا بێت تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە ھۆی لەدەستدانی دەرفەتی لەناوبردنی ڕێبەری سیاسیی حەماس.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نیگەرانن لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عێراق و پاكستان، كە بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەكی لە هەر سێ وڵات لێكەوتووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بە لێكتێگەیشتن و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەری وڵاتان لە چوارچێوەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتی، كێشەكانی نێوان ئەو سێ وڵاتە چارەسەربكرێن و مەترسی زیاتر بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دروست نەكرێت.
هەروەها، ئامادەیی توركیای بۆ نێوەندگیری هەر سێ وڵات دەربڕیووە و داواشی لە عێراق و ئێران و پاكستان كردووە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانیان ئاسایش وسەقامگیری بۆ ناوچەكە دەستەبەر بكەن.
گروپی چەکداری مقاومەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پشتیوانیان بۆ خەڵکی غەززە و بەرپەرچدانەوەی ئەو ھێرشە داگیرکاریانەی دەکرێتە سەر خاکەکەیان، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ھێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی سەربازی "ھیمو"ی رۆژئاوای فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لە سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا چڕتردەکەنەوە.
لە کاردانەوەی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و بە بیانووی پشتیوانی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب بەردەوام مقاومەی ئیسلامی لە عێراق و سوریا ھێرش دەکاتە سەر بنکە سەر بازییەکانی ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زنجیرەیەک ھێرشی سەربازییان لە پارێزگای سستان و بلوچستانی ئێران ئەنجامداوە، کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو وڵاتەکەوە، حەوت ئامانجیان بە قووڵایی ٨٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی ئێران پێکاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھێرشەکەیان وەڵامی ھێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بووە بۆ سەر وڵاتەکەیان.
جێگری پارێزگای سستان و بلوچستانیش رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی پاکستانەوە سێ ژن و چوار منداڵ کوژراون و ھیچ کام لە کوژراوەکانیش ھاووڵاتی ئێرانی نەبوون.