وەزیری دەرەوەی ئێران نوسراوی رەزامەندی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا پێشكەش كرد
ئاکام
١٢ی نیسانی ٢٠٢٥
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نوسراوی رەزامەندی لەسەر دەستكردن بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا رادەستی وەزیری دەرەوەی عومان كردووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا گەیشتنە مەسقەتی پایتەختی عوممان بۆ دەستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوانیان، عراقچی رایگەیاند، نوسراوێكی رادەستی وەزیری دەرەوەی عومان كردووە لە رەزامەندە لەسەر دانوستانكردن لەگەڵ ئەمریكا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دەیەوێت ئێران وڵاتێكی خۆشگوزەران بێت، بەڵام نابێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
سایتی ئەكسیۆسیش لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ وتویەتی لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتن، ئامادەیە سازش لە بەشێك لە داواكارییەكان بكات و بە پێویستیشی زانیوە رێككەوتن بكرێت.
كارۆلین لێڤیت وتەبێژی كۆشكی سپیش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جەخت دەكەنەوە ئەمڕۆ لە عومان دانوستانی راستەوخۆیان دەبێت لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران، چونكە دۆناڵد ترەمپ بڕوای بە دیپلۆماسیەت و دانوساتنی راستەوخۆی بێ نێوەندگیر هەیە.
نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا کێن؟
عەباس عراقچی
ئێستا وەزیری دەرەوەی ئێرانە
پێشتر جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بووە لە ساڵی 2013 تا 2021
ئەندامی وەفدی دانوستكاری ئێران بووە لە دانوستانی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2013 بۆ 2015
لە ساڵانی 1999 بۆ 2005 باڵیۆزی ئێران بووە لە ژاپۆن و فینلەندا و ئیستۆنیا
بڕوانامەی دكتۆرای لە سیاسەت و حكومەت لە زانكۆی كینت لە بەریتانیا بەدەستهێناوە
ناسراوە بە دیپلۆماتكارێكی لێهاتوو لە دانوستانە نێودەوڵەتییەكاندا بەتایبەتی لە پرسی ئەتۆمیدا
ستیڤ ویتكۆف
لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە لەلایەن ترەمپەوە بە نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریكراوە
بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا هەیە و ملیاردێرێكی ئەمریكییە و پارێزەر بووە لە بواری خانوبەرەدا
هاوڕێی نزیكی ترەمپە
لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە دەستیكردووە بە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ حەماس و رۆڵی سەرەكی بینیوە
ویتكۆف نوێنەری ئەمریكایە بۆ رێككەوتنی ئاگربەستی شەڕی ئۆكراین