بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.5 پلە میانماری هەژاند و هێشتا هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر زیانەکانی نەدراوە.

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.5 پلە بە پێوەری رێختەر میانماری هەژاند، چەقی بومەلەرزەکە کەوتووەتە نێوان ماندالای و نایپیتاوی پایتەخت.

ماندالای دووەم گەورەترین شاری میانمار، هەمان ئەو شارەی جاری پێشوو بومەلەرزە بەهێزەکە لێیدا.

ئەگەرچی هێشتا زانیاریی تەواو لەسەر زیانەکانی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیان بە چەند باڵەخانەیەک گەیشتووە، بەتایبەت ئەوانەی لە بومەلەرزەکەی جاری پێشوودا زیانیان بەرکەوتبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی مانگی رابردوو، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بەپێوەری رێختەر میانماری هەژاند و بەهۆیەوە چوار هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستدا.