ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا رایانگەیاند، ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی بە ٣٠ کۆچبەرەوە لە نزیک کەناراوەکانی ماڵتا لە دەریای سپی ناوەڕاست نقوم بوو، بەھۆیەوە پێنج کۆچبەر گیانیانلەدەستدا کە چوار پیاو و ژنێکن، ھەشتی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کران، گەڕان بە دوای کۆچبەرانی دیکەدا بەردەوامە.
ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا ئاشکراشیان کرد، ئەو بەلەمە لە کاتی ھەڵمەتی رزگارکردنیدا لەناکاو نقوم بووە، رەنگە ھۆکارەکەی بەھۆی لەدەستدانی ھاوسەنگییەوە بوبێت
پێشبینی دەکرێت، کۆچبەرەکان لە لیبیاوە بەڕێکەوتبن و خەڵکی میسر و ئیریتریا و غانا و سوریا بن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە قۆناغی سێیەمی ئەو ھاوکارییەی ساڵی ڕابردوو بۆ ئۆکراین پەسەندیکرد، بە بڕی ١٥ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، ٨٨٠ ملیۆن دۆلاری ھاوکاری پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ھاوکارییەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، پێویستی بە ڕەزامەندی دەستەی کارگێڕی دامەزراوەکە ھەیە، بەڵام پێشبینیدەکرێت، بەزوویی ھاوکارییەکە پەسەندبکرێت.
ھاوکات، گاوین گرای، سەرۆکی تیمێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی ئۆکراینەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، راشیگەیاند، ئۆکراین بۆ قۆناغی دوای جەنگ پێویستی بە ٤٨٦ ملیار دۆلار دەبێت بۆ دووبارە بنیادنانەوەی وڵاتەکەی.
ڤیکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیر دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا ئەمریکا پاکێجێکی نوێ سزای توند بەسەر روسیادا دەسەپێنێت، کە سەدان بڕگە و ماددەی لەخۆگرتووە بۆ کۆت و بەندکردنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی پابەندنەبوونی روسیا بە بڕیار و بانگھێشتنامە نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین، بە تێپەڕبوونی کات پێدەچێت ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
ھاوکات، جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکان پەیوەندیدارن بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی کەسایەتی ئۆپزسیۆنی روسیا، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا ھەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوکردەوە، بەبێ خستنەڕووی ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.
رۆژی ٢١ی شوبات، لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و وەفدێکی کۆماری قیرغستان رێککەوتنێک ئیمزاکرا بۆ گەڕاندنەوەی ٢٧ ژن و ٧٢ منداڵ لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستان و فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت ئەو کەسانە رادەستی کۆماری قیرغستان کراون.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاندبوو، رۆبێل بەھۆ، جێگری ھاوسەرۆکایەتیی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێشوازی لە وەفدێکی کۆماری قیرغستان کردووە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعش لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستان لە دیدارەکەدا، ئاماژەبەوەکراوە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، زیان بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعش بۆ ناوچەکانی خۆیان دەگەیەنێت.
بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٤٥٠٠ کەس لە کەسوکاری داعش لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری لەنێوان فرۆنتێکس و ھێزی سنووری بەریتانیا بۆ یارمەتیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ دیاریکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە ھاوکاری لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ لەخۆدەگرێت، وەک بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی سنوورەکان.
بڕیارە فیل دۆگلاس بەڕێوەبەری گشتی ھێزی سنووری بەریتانیا و ھانس لایینس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فرۆنتێکس بە فەرمی لە لەندەن ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکەن.
جەیمس کلیڤەرلی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێیوایە، تاوانەکانی کۆچبەری ڕێکخراو و قاچاخچێتی مرۆڤ تەحەدای جیھانین کە پێویستیان بە چارەسەر و ھەوڵی ھاوبەش ھەیە.
بەریتانیا دەڵێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی نایاسایی دەگەنە کەنارەکانی باشووری وڵاتەکەی لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە ٤٥ ھەزار کۆچبەری تێپەڕاند.
دادگا رۆژی ھەینی لە دانیشتنێکدا تانەکەی "شەمیمە بیگوم"ی تەمەن ٢٤ ساڵی رەتکردەوە بۆ وەرگرتنەوەی رەگەزنامە بەریتانیەکەی. بەڵام دەتوانێت دۆسیەکەی بۆ دادگای باڵا بەرزبکاتەوە.
شەمیمە بیگوم بە رەگەز خەڵکی بەنگلادیشە و رەگەزنامەی بەریتانی ھەبووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵی چووە سوریا و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە کرد و ھاوسەرگیری لەگەڵ تیرۆریستێکی داعش کرد.
ئەو کچە بە بوکی داعش ناوبانگی دەرکرد و دوای شەڕی باھۆز ھاوسەرەکەی دەستگیرکرا و خۆشی لە یەکێک لە کەمپەکانی سوریا دەستبەسەرکرابوو، سێ منداڵیشی لەدەستداوە.
بەھۆی مەترسییەکەی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەریتانیا رەگەزنامە و پاسپۆرتی لێوەرگرتەوە.
کەناڵی" ئەلعەربیە" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، پنتاگۆن پلانی داناوە بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە یەمەن بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حوسییەکان و ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ھێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەب چڕتربوونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە یەمەن، بەشێوازی لێدانی ورد دەبن، ھاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بۆ لەناوبردنی سەرکردەی گروپە چەکدارەکان.
پنتاگۆن پێیوایە، گروپی حوسییەکان ھێشتا توانای سەربازی ئەنجامدانی ھێرشیان ماوە لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی، ئەوەش مەترسی فراوانبوونی زیاتری ململانێکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکرێت.
ئارسەر ئینجورون دادوەری دادگای باڵای ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاندووە، دوای سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی ٣٥٤.٨ ملیۆن دۆلار بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی لەسەر دۆسێی فێڵکردن و شاردنەوەی راستییەکان لەبارەی قەبارەی سەرمایەکەی بۆئەوەی کەمترین باج بدات، تیمی پارێزەرانی ترەمپ داواکارییەکیان پێشکەشکردووە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە سزاکە بۆئەوەی بۆ ماوەی مانگێک جێبەجێکردنی سزاکە دوابخرێت.
وتیشی، جگە لەوەی داواکارییەکەیان رەتکردووەتەوە، پێویستە ترەمپ جگە لەو ٣٥٤.٨ ملیۆن دۆلارەی وەک سزا لە رۆژی ھەینی رابردووەوە بەسەریدا سەپێنراوە، رۆژانە ٨٧ ھەزار دۆلاریش وەک سوود چووەتە سەر سزاکە و لەئێستادا کۆی ئەو پارەیە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٥٥ ملیۆن دۆلار و پێویستە ترەمپ بەرێگەی یاسایی ئەو سزا داراییە بدات.
کۆمەڵەی تێل ماما کە چاودێری کردە و توندوتیژییەکان دەکات بەرامبەر موسڵمانان لە بەریتانیا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەرەتای ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ئامارەکانی کردەوەی توندوتیژی بەرامبەر موسڵمانان لە شارەکانی بەریتانیا زۆر زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ھێندە بەرارود بە چەند ساڵی رابردوو.
راشیگەیاندووە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئەم مانگە دوو ھەزار و ١٠٠ کردەوەی توندوتیژی بەرامبەر موسڵمانان لە بەریتانیا تۆمارکراون و ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە و نابێت قبوڵ بکرێت، داواشی لە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کردووە ئەو ئامارانە بەجددی وەربگرن و گفتوگۆی لەسەر بکەن و بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نەھێشتنی توندوتیژی بەرامبەر موسڵمانان پلانێکی بەھێز دابڕێژن.
میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردووەتەوە، توێژەرانی بواری تەندروستی ئەو وڵاتە لە نوێترین توێژینەوەیاندا کە لە سەر زیاتر لە ٩٩ ملیۆن کەس لە ھەشت وڵات ئەنجامیانداوە، بۆیان دەرکەوتووە زۆربەی ئەو کەسانەی ڤاکسینی ئەسترازینیکایان وەک دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکارھێناوە، دوو کاریگەری خراپ لەسەر جەستیان دەرکەوتووە کە بریتییە لە ھەوکردنی مێشک و دڕکە پەتک.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە کاریگەری و لایەنە باشەکانی ڤاکسینی ئەسترازینیکا لەسەر جەستەی مرۆڤ زۆر زیاترە لە کاریگەرییە خراپەکانی، ئەو دوو جۆرە ھەوکردنەش بە کاریگەری لاوەکی دادەنرێن و دەتوانرێت چارەسەر بکرێت.
جولی کۆزاک بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا کاریگەرییەکی کەم دەبینرێت لەسەر بەرھەمھێنان و ئابووری لە کەرتی کشتوکاڵیدا، بەڵام بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی جوتیاران کاریگەری زۆر گەورە و خراپی لەسەر نرخی بەروبوومە خۆراکییەکان دەبێت، ئەگەر زیاتریش بەردەوام بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت نرخی خۆراک زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە سندوخی نەختی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتانی ئەوروپاش کردووە، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی جوتیاران بە ھەند وەربگرن و داواکارییەکان جێبەجێبکەن، چونکە جگە لەوەی رێگە بە ھاوردەکردنی خۆراک نادەن بەھۆی رێگرییەکانیان لەسەر سنورەکان، ھیچ بەرھەمێکیش ناخەنە بازاڕەکانەوە و ئەوەش کاریگەری زۆری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەبێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە نامەیەکی کراوەدا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی بەندیخانەی ناوەند ورمێ داوایانکردووە،"پەیمان خانزادە" بەڕێوەبەری بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.
ھاوکات بەندکراوەکان لە نامەیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، بەرێوەبەری زیندانەکە نەک تەنیا کێشە بۆ بەندکراوان دروستدەکات، بەڵکو لە ھەندێ حاڵەتدا بنەماڵەکانیش تێکەڵی کێشەکان دەکات، چەندین جار دەستی داوەتە ئازاردان و فشارخستنە سەر بەندکراوان و بنەماڵەکانیان.
لە بەشێکی تری نامەکەدا ھاتووە، بە ھۆی ئەو فشار و ئازارانەوە چەندین بەندکراو لەم مانگانەی دواییدا ھەوڵی خۆکوشتنیان داوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەھۆی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ھێرشەکان بۆسەر ئۆکراین و گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپرزسیۆنی روسیا، لە چەند رۆژی داھاتوودا پاکێجێکی نوێی سزای توند بەسەر رووسیادا دەسەپێنێن، کە سزاکە زیاتر لە ٥٠٠ کەسایەتی و لایەنی رووسیا لە ١١ تا ٢٦ وڵاتی جیاواز دەگرێتەوە و سەرجەم سامانەکانیان بلۆک دەکرێن و بێبەشیش دەکرێن لە وەرگرتنی ڤیزای چونە ناو ئەمریکا، ھەندێک لەو کەسایەتی ولایەنانەش بەھۆی پەیوەندییان بە گیانلەدەستدانی ناڤالنی سزا دەدرێن.
راشیگەیاندووە، سزاکان زۆربەی کەرت و بوارەکانی روسیا دەگرێتەوە بەتایبەتی کەمکردنەوەی داھاتی کەرتی وزە و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و پەیوەندی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی زانیاری و پارەدان و تەنانەت دوو پەیامانگای وەرزشیش دەگرێتەوە، ھاوکات وەزارەتی بازرگانی ئەمریکاش سزا بەسەر ٩٣ کۆمپانیای تری روسیادا دەسەپێنێت.
بایدن لە میانی رێوڕەسمێکدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک لە کالیفۆرنیا رایگەیاند، کەسێکی شێتمان وەک پوتن ھەیە، کە دەبێت ھەمیشە ترسی ھەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمییان ھەبێت.
پێشتریش بایدن لەچەند بۆنەیەکی جیاوازدا، پوتنی بە خوێنڕێژ و تاوانباری جەنگ وەسف کردووە، بە تایبەت دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین.
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش لە راگەیەندراوێکدا لە ساڵی رابردوو لەسەر ئەو وەسفانەی بایدن رایگەیاندبوو، ئەو لێدوانانە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا دەخاتە سەر لێواری رووخان. کرملینیش وەسفەکانی بایدن بە سوکایەتی بۆ سەر کەسایەتی پوتن ناوبردووە.
تێدرۆس گێبرێسس بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی بەپەلە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ ھاووڵاتیانی غەززە کردووە، چونکە لەئێستادا غەززە بووەتە ناوچەی مەرگ و بەشێکی زۆری ناوچەکەش وێرانبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیاتر لە ٢٩ ھەزار مرۆڤ کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن، بەدخۆراکیش لە ناوچەکەدا بە خێراییەکی زۆر لە پەرەسەندندایە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) لەبارەی دۆخی زمانی دایک لە تورکیا نامەیەکی ئاڕاستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری (یونسکۆ) کرد و داوایکرد رێکخراوەکە لێکۆڵینەوە لە رێکارەکانی ئەنقەرە دەستپێبکات کە دژی قسەکردن بە زمانی دایک پەیڕەویان دەکات.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گەلانی کورد، عەرەب، سریان، ئەرمەن و چەرکەز و لاز لە تورکیا بەشێک نین لە زمانی پەروەردە و فێرکردن و کار بۆ زیاتر لاوازکردنیان دەکرێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕگەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مافی خوێندن بە زمانی دایک کە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ داناوە.
دەمپارتی لەسەر دۆخی زمانەکانیش لە تورکیا، داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لە یۆنیسکۆ کردووە.